جەژنی نەورۆز

ڕیشەی نەورۆز بۆ سەدان ساڵ لەناو نەتەوەی کورددا ڕەگی داکوتیووە، بە هۆی ئەو مێژووە دێرینەشەوە دەیان چیرۆکی ڕاستی و ئەفسانەیی و ئایینی لە خۆگرتووە. ئەو چیرۆکانەش لەناو گەلانی زاگرۆسی بڵاوبۆتەوە بۆیە هەر هەموویان ئەو جەژنە بە بۆنەیەکی نەتەوەیی خۆیان دەزانن.

دوژمنی کورد وەک پیشەی کارەکانی تریان، دەیانەوەێ ئەو ناسنامە نەتەوەییە لە ناو کورددا دەرهەڵکێش بکەن و مۆرکی نەتەوەی خۆیانی لێ بدەن، هەموو ڕێگایەک دەگرنە بەر تاوەکو ئەو جەژنە لەلایەن کوردەوە کاڵ بکەنەوە. لە درێژە باسەکانماندا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە جووەکان مێژوو دەشارنەوە، عەرەبەکان مێژوو چەواشە دەکەن و فارسەکانیش هەم مێژوو دەشارنەوە و هەم چەواشەی دەکەن. جا کوردیش لە نێوان ئەو هەموو شاردنەوە و چەواشەکاریانە مێژووەکەی خۆی لێ ون دەبێ. لە زۆر بابەتی مێژوویی و ئایینی سەبارەت بە نەورۆز ڕاستیەکانمان لێ ون دەبێ، وەک دەڵێن نەورۆز پەیوەندی بە کوردەوە نییە، یاخود دەڵێن نەورۆز جەژنێکی ئایینیە و پەیوەندی بە ئاگر پەرستانەوە هەیە، بۆیە لێمانی حەرام دەکەن.

ئومێدەوارم لە درێژەی لێکۆڵینەوەکەم بەرچاو ڕونیەکمان هەبێ سەبارەت بە جەژنی نەورۆز.

نوسینەکەم لەسەر سێ بابەت دابەش دەکرێ: بەشی یەکەم لەسەر نەورۆز، دووهەم لەسەر کاوە و زوحاک، سێهەم نەورۆز و ئیسلام.

١.  جەژنی نەورۆز لە نێوان کورد و گەلانی زاگرۆسی

زۆر جار پرسیار دەکرێ ئایا نەورۆز پەیوەندی بە کوردەوە هەیە یان گەلانی زاگرۆسی؟ کوردە نەتەوەییەکان دەڵێن ئەو جەژنە تەنها پەیوەندی بە کوردەوە هەیە بەڵام لایەنێکی تر دەڵێن نەورۆز جەژنی گەلانی زاگرۆسیە. جا با بزانین ڕەگوڕیشەی نەورۆز لە کوێووە هاتووە.

١. ١ ئایا نەورۆز وشەیەکی کوردییە؟

وشەی نەورۆز لە دوو بڕگە پێک دێت: ‘نەو’ واتە نوێ یان تازە هەروەک لە فەرهەنگی هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار ئاماژەی پێکراوە.١1] ئەشێ ‘نەوە’ش هەر لە ‘نەو’ هاتبێت وەک کورد دەڵێت نەوەی داهاتوو. ‘رۆز’ واتە ڕۆژ، لە زمانی کوردی زۆر جار دەنگی ‘ژ’ دەبێتە ‘ز’ وەک ئەژدیها بۆتە ئەزدیها یاخود بە پێچەوانەوە، ئەشێ ئەزدیها بوبێت ئێمە کردومانە بە ئەژدیها یان ئەژدیهاک، یان وشەی تیژ بۆتە تیز.[٢] ئەشێ لە ڕابوردودا نەو-ڕۆژ بوبێت.

لە هەندێک سەرچاوەی دێرین ئاماژە بەوە کراوە نەورۆز بە نۆ-رۆز هاتووە،[٣][٤] واتە نۆ رۆژ. بەڵام نۆ-ڕۆژ واتایەکی وەرزی نییە، لە درێژەی بابەتەکەماندا نەورۆز ئەگەر بە بابەتێکی ئایینی ببەستینەوە ئەوا ئەشێ نۆ-رۆز بوبێت.

بەڵام ئەوەی من بە دواچونم بۆ کردبێ، هەر ئەبێ نەورۆز بێت نەوەک نۆرۆز، چونکە لە زمانی ئەرمەنی نەڤ-ساڵ بۆ نەورۆز بەکارهاتووە، لە سوغدیانیش کە ئێسا ئوزبکستانە بە نەو-ساڵ هاتووە، ئەبینین دەنگی ‘ڤ’ بۆتە ‘و’ هەروەک لە کرمانجی سەرو و ژوور ئەو دەنگە دەگۆرێ. یاخود بۆ جەژنێکی تر ‘نەو-سارد’یان بەکارهێناوە.[٥] بۆیە دەبینین ‘نەو’ بەکارهاتووە لە زمانەکانی تریش. لە تەلمودی ‘بابل’ی بە نەورۆز وتراوە نەو-ساڵ. کەواتە بۆ جارێکی تریش و لە سەرچاوەیەکی تریش ‘نەو’ بەکارهاتووە. لە بڕگەی داهاتوو زیاتر بۆمان ڕوون دەبێتەوە ‘نەو’ وشەیەکی کوردییە.

بۆ ئەوەی بزانین ‘نەو’ کە بە مانای نوێ دێت، کوردیە یان نا، تەنها پێویستمان بە دوو زمانە. یەک: لە زمانی ئەرمەنی بە نوێ دەوترێت ‘نۆر’ واتە لە وشەی ‘نەو’ دوورە. دووهەم: لە زمانی عیبری (هیبرو) بە نوێ دەگوترێت ‘هەداش، چەداش’، کەواتە ‘نەو’ عیبری نییە. واتە لێرەدا وشەی ‘نەو’ کوردییە. لە بڕگەی داهاتوودا بۆمان ڕوون دەبێتەوە بۆچی من ئاماژەم تەنها بە زمانی ئەرمەنی وعیبری کردووە.

١. ٢ ئایا نەورۆز جەژنی وەرزی یە یان ئاین نییە؟

نەورۆز جەژنێکی وەرزی بووە بە پێی دەقە مێژوویەکان و ئاینییە زاگرۆسیەکان، بەڵام لە دوایدا بۆتە جەژنێکی ئایینی.

گەلانی زاگرۆسی توانستێکی باڵایان لە ئەستێرەناسی و پێشبینی هەبووە بە تایبەتی مۆغەکان کە تیرەیەکی میدی بوون، دەبینین ڕۆژەکانی ساڵ لەسەر چوار وەرز دابەش دەکرێ، لە ڕۆژی نەورۆز ماوەی تاریکی و ڕوناکی دەگەنەوە یەک ئاست، لە دوایدا ساتەکانی ڕوناکی زیاد دەکات و لە ٢١ی مانگی شەش واتە سێ مانگ پاش نەورۆز درێژترین کاتی ڕوناکیە، بەو وەرزەیان وتووە تیرگان. لە دوایدا ڕوناکی لە کەمی دەدات هەتا ٢١ – ٢٢ی مانگی نۆ، دیسان تاریک و ڕووناکی وەک یەکی لێ دێت، ئەو ڕۆژەیان ناو ناوە میهرگان کە وەرزی درۆێنەیە. لێرەوە تاریکی ماوەکەی زیاد دەکات هەتا ٢١ی مانگی دوانزدە کە دەبێتە شەوی یەڵدا واتە درێژترین کاتی تاریکی. لێرەدا دەبینین نەورۆز و تیرگان ومیهرگان و یەڵدا جەژنێکی وەرزین. ئەو دیاردە سروشتیە لەلایەن مۆغەکانەوە بۆتە جەژن و نەورۆزیش بۆتە سەری ساڵ. بیرونی دەڵێ نەورۆز جەژنی وەرزیە و بەهارییە، ‘سەدە’ وەرزی زستانە، ‘تیرگان’ ناوەڕاستی هاوینە و ‘میهرگان’ ناوەڕاستی پایزە. هەروەها بۆ هەموو جەژنێکیش چیرۆکێک باس دەکات، میهرگان بە ڕۆژی تێکشکانی ئەژدیهاک دائەنێت کاتێک لە شاخی دەماوەند لەلایەن فەریدوون تێکدەشکێت و زیندانی دەکرێت.[٦]

بۆنە وەرزیەکان لە دوایدا لە نێوان گەڵان ڕوخسارێکی ئایینی بەخۆیەوە دەبینێت. بۆ نمونە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم لە بەریتانیا ئاینێكی فرەخودایی سەریهەڵدایەوە بە ناوی ویک-ئۆ ‘Wicca’ لەسەر بنەما ئایینە کۆنەکانی وەک میثرا، ئەوانیش ڕۆژی یەڵدایان ناولێنا ‘یوول’.[٧] پێش مۆغەکانیش، سۆمەریەکان سەری ساڵێان لە ڕۆژی یەکەمی مانگی نیسان بووە و پێیان وتووە ئەکیتو. لەبەرئەوەی ئایین ڕیشەیەکی داکوتراوەی هەیە لە ناو مرۆڤایەتی، ئەو وەرزانە بونەتە بابەتێکی ئایینی، واتە هەموو بۆنە ئاینەکانیان خستۆتە ئەو کاتانە. بۆ نمونە ئەگەر هاوسەرگیری لە ڕۆژی نەورۆز بکرێت و پیتاندن ڕووبدات ئەوا منداڵ لە کاتی یەڵدا لە دایک دەبێ، لە دایک بوونی منداڵ لە نێوان ٢٧٥- ٢٨٠ ڕۆژە. بۆیە پێغەمبەران لە کاتی یەڵدا لە دایک بوون یان لە ٢٥ی مانگی دوانزدەیان کردۆتە یادی لەدایک بوونی میثرا و دەیان خودای تر وەک خودای میسر حور و مەسیح و هەتا دوایی.

بۆیە دەبینین جەژنی نەورۆز بۆتە بابەتێکی ئایینی. وە ئەگەر نەورۆز لە بنەڕەتدا ‘نۆ-رۆژ یان نۆ-ڕۆز’ بوبێت، ئەوا ژمارە نۆ پەیوەندیەکی قوڵی هەیە لەگەڵ ئایین. تەنانەت نیکۆلا تێسلا دەڵێت ئەگەر لە نەهێنی ژمارە سێ و شەش و نۆ تێبگەیت ئەوا کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە گەردوون.[٨] لە ئایینی زەردەشتی ژمارە نۆ بریتییە لە نۆ پلەکانی عیرفانی. لە هیندۆسی و بودیزم ژمارە نۆ پیرۆزە و نمایش لە بەرزترین پایەی هۆشداریەتی دەکات. لە ئایینی مەسیحی ژمارە نۆ پەیوەندیدارە بە ‘میوەی گیانی پیرۆز’ بریتییە لە (خۆشەویستی، خۆشی، ئاشتی، ئارامی، دڵچاکی، چاکە، وەفاداری، ڕێزداری و خۆڕاگری). لە ئەفسانەی ‘نۆرس’ نۆ جیهان هەیە، لە ‘داویسم Taoism’ ژمارە نۆ بریتیە لەنۆ هەنگاو بۆ گەیشتن  بە جیهانی ڕوحانیەت و عیرفانیەت هەروەک لە ئاینی زەردەشتی ئاماژەی پێکراوە. لەبەر ئەوەی زۆرێک لە مێژوو ون بووە بۆیە هیچ کەسێک ناتوانێ بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات کە نەورۆز بووە یان نۆرۆز بووە.

١. ٣ ئایا نەورۆز جەژنی کوردە یان گەلانی زاگرۆسیە؟

زۆر ڕاو بۆچوون لەسەر جەژنی نەورۆز دراوە، بەڵام ئەوەی گرینگە دەمەوێ باسی بکەم. لە تەلمودی جێرێسەلیم ‘یەروشەلمی’ باس کراوە نەورۆز جەژنێکی میدیە. لە تەلمودی بابلی بەمانای سەری ساڵ دێت، لەئەرمەنیەوە بەناوی ‘نەڤ-ساڵ’ هاتووە. لە تەلمودی بابلی جەژنی تیرگان و میهرەگان هەیە، لە ئەرمەنی بە میهرەگان دەوترێت مێهێگان، بیرونی دەڵێ هەندێک لە پێرشیا بە میهرەگان دەڵێن نەورۆز، کە دەکەوێتە وەرزی پایز.[٩]

لە سەرەتادا وتمان جووەکان بابەت ئەشارنەوە، لە تەلمودی تازەدا ئەو دەقەیان لێ دەرهێناوە، هەندێک ڕا هەیە دەڵێن بە پێی تێپەربوونی کات وشەکان گۆڕدراون و ناوەکان لابراون.

سیمکا کرۆس لە زانکۆی پێنسلڤینیا باس لە تەلمودی جێرێسەلیم دەکات و باسی نەورۆز دەکات، کە جووەکان ئەو یادەیان کردۆتەوە. سەبارەت بە جەژنەکانی تر ئاماژە بە تەلمودی بابلی دەکات و دەڵێت جەژنەکان بەو شێوەیە ناویان هاتووە

پرۆفێسەر جێنی ڕۆز زۆر بە ڕاشکاوانە باسی لە تەلمودی جێرێسەلیم و بابلی دەکات و باسی ئەوە دەکات دەڵێ لە تەلمودی جێرێسەلیم نەورۆز بە جەژنی میدیەکان داندراوە. پێنج ساڵ پێش ئێستا نامەم بۆ پرۆفێسەر ڕۆز نارد و ئەو بابەتەم لەگەڵی دووپات کردەوە، دووپاتی کردەوە کە ئەو زانیاریە لە تەلمودی جێرێسەلیم بوونی هەیە.

دەڵێن مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، شاردنەوەی ئەو مێژووە ڕووداوێکی نێوان پەیامبەری ئیسلام و جووێکمان دێنێتەوە یاد. کاتێک پەیامبەر بە جووەکە دەڵێت ئێوە ئایەتی بەردبارانتان هەیە ئەویش دەست لەسەر دەقەکەی تەورات دادەنێت و دەڵێت رەجم لای ئێمە نییە. دیارە ئەم بابەتانە لە مێژوو دووبارە دەبنەوە، بە تایبەتی سەبارەت بە مێژووی کورد.

هۆکاری باس کردنی نەورۆز لە تەلمود بۆ ئەوە دەگەرێتەوە چونکە جووەکان سەری ساڵیان لە مانگی سێ و چواری ڕۆژمێری گریگۆریان دەست پێ دەکات و پێی دەڵێن ‘نیسان’، واتە سەری ساڵیان دەکەوێتە مانگی سێ، دیارە ئەو دیاردەیە لەگەڵ جەژنی میدیەکان زۆر لێک نزیک بووە، هەرچەندە سەری ساڵی جووەکان دیار نییە چونکە ئەوان لە سەر ڕۆژمێری مانگ دەرۆن نەوەک خۆر.

جەژنی نەورۆز ڕەگوڕیشەی بەناو گەلانی زاگرۆسی و نازاگرۆسی داڕۆیشتووە یادی دەکرێتەوە وەک لە وڵاتانی: ئەفغانستان، ئەزەربایجان، هیندستان، کازاخستان، پاکستان، تاکجیکستان، تورکمانستان و ئوزبکستان و نیپال و ئەرمەنیا. تەنانەت سەری ساڵ لە ئەوروپاش لە ٢٥ی سێ بووە کە لەسەر ڕۆژمێری جولیان ڕۆیشتوون، لە دوایدا ڕۆژمێریان لە ساڵی ١٥٨٢ گۆڕدرا بۆ ڕۆژمێری گریگۆریان.

لە کلیلێکی تری مێژووییدا، فارسەکان جەژنی نەورۆزیان نەکردووە بەڵکو لەگەل جووەکان جەژنیان کردووە، لە بەڵگەیەکی مێژووییدا کورەکەی کوڕوش بەناوی کەمبەس لە ٢٧/٣/٥٣٨ جەژنی کردووە کە دەکاتە مانگی ‘نیسان’ و سەری ساڵی جووەکان، هەروەها داریوس و خەشایارشای کوڕی بەهەمان شێوە لە نیسان جەژنیان گێراوە.[١٠] ئیتر نەورۆز لە بنەڕەتدا جەژنی کوردان بووە و ئێستا بۆتە جەژنی گەلانی تر.

١. ٤ کەی جەژنی نەورۆز لە مێژوو باس کراوە؟

لە کەلەپوری زەردەشتیەکان، لە کتێبی یەشت و دینکەرد و بون-داهیشنیا باس لە کەسایەتیەکی گرینگ دەکرێت بە ناوی ‘یما’. ‘یما’ لەلایەن ئاهورامەزدا هەڵدەبژێردرێت بۆ ئەوەی چاکە لەسەر زەمین بڵاوبکاتەوە کە خۆی پاشای بەهەشتی سەر زەویە. ئەو بەهەشتەی بە نۆسەد ساڵ هەژمار دەکرێت و بە چاخی زێرین داندراوە، تەنانەت ئاهورامەزدا پێی دەڵێت شوێنێک لە ژێر زەوی دروست بکات بۆ ئەوەی گیانداران و مرۆڤی چاک لە بەستەڵەک بپارێزێ. بە بۆچونی ‘گراهام هانکۆک'[١١] شاری ‘دێرینکویو’ کە لە ژێر زەوی دروست کراوە پەیوەندی بە ‘یما’وە هەیە، چونکە دروستکردنی ئەو شارە لەگەڵ سەردەمی بەستەڵەك یەک کاتە.

لە هۆم-یەشت ڕۆڵی ‘یما’ باس دەکرێت تاوەکو سەرکەوتن بۆ ئاهورامەزدا بەدەست بهێنێت، ئەمەش پەیوەندی بە نەورۆزەوە هەیە، ئەو جەژنە پەیوەندی بەو سەردەمەوە هەیە کە جیهان لە خۆشگوزەرانی دابووە.[١٢] ‘یما’ جەژنی نەورۆزی داهێناوە کە سەری ساڵ و جەژنی بەهارە، ئەو جەژنە لەناو خێزانی پاشاکان گێردراوە. بەو رۆژەش وتراوە ‘رۆز هورمەزد’، هەروەها جەژنی میهرگانیش بۆ ‘میثرا’ بووە.[١٣]

زەینەفۆن باس لە جەژنێک دەکات لە پرسەپۆلی کراوە کە تەختی جەمشیدی پێ دەڵێن، جەمشید هەر ‘یما’یە و فارسەکان ناویان گۆریووە.

لە هەندێک دەقی نامتمانەی ئاینییەوە واتە کەلەپوری ئایینی هاتووە دەڵێن ‘یما’ لە یەکەم ڕۆژی سەری ساڵ واتە لە مانگی ڤەرڤەردین کە دەکاتە نەورۆز بۆ ئاسمان فڕیووە. بۆیە شوێنکەوتوانی زەردەشتی لە هیندستان بەو رۆژە دەڵێن نەورۆزی جەمشیدی، بەڵام زۆربەی ڕایەکانی تر جیاوازە دەڵێن بە هۆی ئەوەی ‘یما’ نەورۆزی داهێناوە بۆیە ناوی لێنراوە نەورۆزی جەمشیدی.

بەڵام وەک نوسراوێک بە دەق ناوی نەورۆز هاتبێ و نەفەوتا بێت ئەوا تەلمودی ‘جێرێسەلیم’ە بەڵام ئەو دەقەش لە ئێستادا بەردەست نییە.

لەسەردەمی ساسانیەکاندا جەژنی نەورۆز یادێکی گرینگی ئەو گەلانە بووە کە کورد تێیدا خاوەنداریەتی لێکردووە. لە مێژوو باسکراوە جووەکان ٤٠٠٠ درهەمیان بۆ ئەردەشێری یەکەم (١٨٠-٢٤٢ ز) بە دیاری ناردووە. هەروەها هاوسەری خوسەروەی دووهەم بەناوی شیرن، لەسەر ئایینی مەسیحی بووە و بەڕەچەڵەک ئەرمەنی بووە[١٤]، شاژن ‘شیرین’ ئاهەنگی ڕۆژی نەورۆز و ‘سەدە’ی گێراوە.[1٥]

لە پاش ئیسلامیش لەسەردەمی بوەیهیەکان (٩٣٤-١٠٥٥ ز) بۆنەکانی سەردەمی ساسانیان نوێ کردۆتەوە یەکێک لەوانە جەژنی نەورۆز بووە. بوەیهیەکان هەموو جەژنەکانی زەردەشتیان لە ناو ئێراندا زیندوو کردەوە و نەورۆزیان وەک جەژنی بەهار ناساند. ناوەڕاستی زستانیان بە ‘سەدە’ ناساند. تیرگان بۆ ناوەڕاستی هاوین. میهرگان بۆ پایز. واتە هەموو جەژنەکانیان زیندوو کردەوە.[١٦]

لەناوچەی زاگرۆس ئەو ئاهەنگە هەر بە زیندووی مایەوە هەتا هاتنی مەغۆلەکان. لە پاش هاتنی مەغۆلەکان بە هۆی ئەوەی زەردەشتیەکان توشی نەهامەتی زۆر بوون ئەو یادە نەکراوەتەوە، تەنها لە ناوچەکانی مەکران و یەزد نەبێ.

١. ٥ ئایا پەیوەندی جەژنی نەرۆزۆ و ئایینی زەردەشتی چییە؟

هەرچەندە نەورۆز پەیوەندی بە وەرزەوە هەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئایین ڕەگوڕیشەی لەگەڵ مرۆڤایەتی داکوتیوە بۆیە زۆر جار بابەتە کەلتوریەکان و دیاردە سروشتیەکان تێکەڵ بە بۆنە ئاینەکان دەبێت. لەبەر ئەوەی ئایینی زەردەشتی ئایینی دەولەت بووە بۆیە ئەو بۆنەیەش بۆتە جەژنی زەردەشتیەکان. وەک قەشەی ئەرمەنی بەناوی گیرگۆری ئارشارونی دەڵێ نەورۆز جەژنێکی ئاهورامەزداییە.

زەردەشتیەکان سێ ڕۆژمێریان هەبووە و جیاواز بووە لەو ڕۆژمێرییەی گریگۆریانی ئێستا، ڕۆژمێری زەردەشتیان دابەش دەکرێ بۆ ١٢ مانگ و هەر مانگێک ٣٠ ڕۆژ دەبێ. ئەو پێنج ڕۆژەی دەمێنێتەوە دەبێتە کۆتایی ساڵ بەناوی هەر پێنج بەشی گاتاکان کراوە: ئاهونڤاد (ئاهوناڤایتی)، ئوشتاڤاد (ئوشتاڤایتی)، سپێنتۆماد (سپێنتا-ماینیۆ)، هاڤوخشاثرا (ڤۆهۆ-خشاثرا)، ڤاهیشتۆشت (ڤاهیشتۆ-ئیشتی).

ناوی مانگەکان: فەرڤەردین (فەروەردین)، ئاردیبێهێشت (ئوردیبێهێشت)، خورداد، تیر، ئامرداد (مۆرداد)، شەهریڤار (شەهریوەر)، میهر، ئابان (ئاڤان)، ئادار (ئازەر)، دێی (دەی)، بەهمەن، ئاسپەندارماد (ئەسفەند، سیپاندارماز). هەروەها هەفتە لە ڕۆژمێری زەردەشتیدا نییە، هەر ڕۆژێک و ناوێكی هەیە کە بەناوی ‘ئەمێشتاسپێنتا’یەکە واتە بەناوی یەزدێکە، تەنها چوار ڕۆژ نەبێ کە ڕۆژی پیرۆزی ئاهورامەزدایە.

ناوی ڕۆژەکان: هورمەز، بەهمەن، ئاردیبێهێشت (ئوردیبێهێشت)، شاهریڤار، ئاسپەندارماد (ئەسفەند، سیپاندارماز)، خورداد، ئامرداد، دائپادار، ئادار، ئاڤان، خورشید، موهور، تیر، گۆش، دائپمێهر، مێهر (میهر)، سارۆش (ساروش)، ڕەشنو، فەرڤەردین (فەروەردین)، بەهرام، رام، گۆڤاد، دائیپدین، دین، ئاشیشڤانغ، ئاشتاد، ئاسمان، زامیاد، ماهراسپاند، ئانێران.

سێ جۆرە ڕۆژمێری هەیە یەکیان قەدیمی ئەوەی تر شاهنشاهی  و ئەوەی تر وەرزی.

ڕۆژی نەورۆز سەری ساڵە لە ڕۆژمێری قەدیمی دەکەوێتە مانگی هەشتی گریگۆریان. لە شاهنشاهی دەکەوێتە مانگی نۆ. لە وەرزی دەکەوێتە بیستویەکی مانگی سێ. ئەو دە ڕۆژەی کۆتایی ساڵ بۆنەی یادکردنەوەی مردوانە. شوێنێک لە ماڵەوە بۆی تەرخان دەکرێ یان لە ئاتەشگا. گوڵدانێکی زیوین لەسەر مێزێکی مەڕمەڕ دادەنێن و گوڵی تێ دەکەن، چرایەکیش دادەگیرسێنن لەگەڵ ئاگری پیرۆز. ئینجا نزاو و نوێژ بۆ مردوەکە دەکرێ.

لە ماوەی ئەو پێنج ڕۆژەی کە بە ناوی گاتاکان کراون، گاتاکان دەخوێندرێت. هەروەها لە ڕۆژی شەشەمی فەرڤەردین واتە ٢٦ی ٣ یادی لە دایک بوونی پەیامبەر زەردەشتە وە پێی دەگوترێت نەورۆزی گەورە یان خورداد-ساڵ. یادی کۆچی دواییشی دەکەوێتە مانگی فەرڤەردین کە دەکاتە مانگی نۆی ڕۆژمێری گریگۆریان، ئەو ڕۆژە بە نزا خوێندن و پێکردنی بخور دەبەنە سەر.[١٧] لێرەدا دەبینین زەردەشتیەکان ئەو بۆنە وەرزیە دەکەنە بۆنەیەکی ئایینی و وەرزی. واتە بۆ زەردەشتیەکان نەورۆز سەری ساڵە و هەروەها بۆنەی ئایینە چونکە لە دەقەکانی خۆیان ئاماژەی پێکراوە. بەڵام بۆ گەڵانی تر تەنها وەرزیە، وە بۆ کوردی موسلمانیش نەورۆز تەنها جەژنی وەرزی و ڕۆژی سەرکەوتنە بەسەر دوژمنانیدا.

 

٢. نەورۆز لە نێوان ئەفسانە و ڕاستیدا

گرینگە نەورۆز وەکو خۆی هەڵسەنگێنین جا چ ڕاستی مێژووی هەبێ یان نەبێ، ئەگەر نەورۆز ئەفسانەش بێت دەبێ وەک بەهایەکی کولتوری نرخی خۆی پێ بدرێت، یۆنانیەکان شانازی بە ئەفسانەکانی خۆیان دەکەن و تەنانەت شانازی بە خوێن ڕێژەکانی خۆشیان دەکەن، خوێنرێژی وەک ئەلکزاندرای مەکەدۆنی خوێنی هەزاران کەسی ڕشت و دەیان وڵاتی داگیرکرد، نەک ستایشی دەکەن بەڵکو ئەفسانەی خوداوەندیشی دەخەنە پاڵ و لە دایک بوونەکەشی بە هێزیکی خوداوەندی لە مێژوو دائەنێن. بەڵام سەیرە لای من هەندێک بەناو ڕۆشنبیری کورد ئەو جەژنە کاڵ دەکەنەوە لە ژێر پەردەی خورافاتدا لە کاتێکدا هەقیقەتی مێژووی هەیە ئەگەر ئێمە چەمکە وەرزیەکەی بەهەند وەربگرین. نەک چەمکی وەرزیەکەشی بەڵکو دەیان سەرکەوتنی ترمان هەیە و لە مێژوودا باس کراوە و پەیوەندی بە نەورۆز هەیە. سەدەها ساڵە نەورۆز وەک بەهایەکی کەلتوری لەناو ئێمەدا یادی کراوەتەوە و ئێستا بۆچی ئەو جەژنە لە کولتوری خۆمان داماڵێن.

٢. ١ ئایا جەژنی نەورۆز ڕاستیە یان ئەفسانەیە؟

نەورۆز جەژنێکی وەرزی و ئایینی بووە، لە مێژوو باس کراوە، بەڵام هۆکاری ئەوەی دەگوترێت  ئەفسانەیە یان نا، لەبەر ئەوەی زۆر چیرۆکی خراوەتە پاڵ و سەرچاوەکانیش بابەتی جیاواز دەخەنە ڕوو بۆیە ئەو جەژنە لای هەندێک کەس بۆتە ئەفسانە.

ڕووداوە سیاسیەکان و ئایینیەکان و ئەفسانەکان لەو ڕۆژانە یادی کراوەتەوە، ئەشێ سەرکەوتنەکانی کاوەش یان لە نەورۆز بوبێت یاخود یادکردنەوەکەیان خستۆتە کاتی نەورۆز. یان ڕووداوە سیاسیەکان لەو ڕۆژە ئەنجام دراوە، دوور نییە لەو مێژووە چەند هەزار ساڵەی کورد هەیەتی ڕۆژێکی سەرکەوتنی نەبوبێ و نەیان خستبێتە رۆژی نەورۆز. لە سەدەی ڕابوردوشدا دەیان ڕووداوی سیاسی هەیە لە نێوان نەتەوەکانی تر و کورددا و لەگەڵ کاتی نەورۆز ڕێک کەوتووە. بۆ نمونە خۆماڵی کردنی نەوتی ئێران لە ٢٠/٣/١٩٥١ بووە، ئەو ڕۆژەیان کرد بە پشوی وڵات، ئەم یادەش لەگەڵ یادی نەورۆزیان تێکەڵ کرد. واتە بۆنە ئایینەکان و سیاسیەکان خراوەتە یادی نەورۆز.

کوردیش لەو مێژووە سەروەریەی هەیەتی و هەیبووە سەرکەوتنەکانی خراوەتە کاتی نەورۆز باشترین نمونەش ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە ڕۆژی نەورۆز کەرکوک ئازاد کرا. بۆیە نەورۆز ڕاستینەیە و دەبێ وەک هەقیقەتی مێژووی ماماڵەی لەگەڵ بکەین. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا کاوە و ئەژدیهاک ئەفسانەن یان ڕاستینەی مێژوویین.

٢. ٢ چیرۆکی کاوە و ئەژدیهاک ئەفسانەیە یان ڕاستییە؟

سەبارەت بە چیرۆکی کاوە و ئەژدیهاک، ولیام جاکسن، ئاماژە بە سەرچاوەی جوگرافیاناسی یۆنانی تۆلەمی ‘Ptolemy’ دەکات و دەڵێ: بە ئەسفهان دەڵێ (Aspadāna) واتە ‘ئەسپی هەبێ وەک دیاری’ لە تێکستی پەهلەوی بە (spahān) ناوی هاتووە. زوحاک یان ئەژدیهاکی بابلی پاشای بابل بووە. کاوە لەگەڵ فەریدون هێرشیان کردە سەر بابل لە دوایدا خەزنەکانی بابلیان بردە ئەسفهان.[1٨] لە قسەکانی ولیام وا دەردەکەوێت کاوە خەڵکی ئەسفهان بوبێت بۆیە لە بابەتی شاری ئەسفهاندا چیرۆکی کاوە تێکهەلکێش دەکات، بەڵام بۆ ڕوودای چیرۆکەکان لە پەراوێزەکەی ئەم سەرچاوانە دەنوسێ سەبارەت بەناوی کاوە و چیرۆکی کاوە و زوحاک:

For the names of. Shatroiha-i Airan, 53 (Gai or Gae), Strabo, Geog. 728 ed. (Meineke, 1015,2) and Ptolemy, Geog. 6. 4, 7 . see also Marguart, Eransahr, P20. The hero is called, ‘Gava of Ispahan’ in the Persian Sad Dar, 63. 5 (cf. West, SBE. 24. 324). On Jei-Julfa, see also Justi, Grundr. Iran. Philo. 2. 485, wth references. ))

لێرەدا دەبێ بپرسین ئایا ‘کاوە’ و ‘فەریدون’ دوو کەسایەتی تری مێژووین یان هەر ‘داریوسی مید’ی و ‘کوڕوش’ن بە دوو ناوی جیاواز ناویان هاتووە، چونکە لە مێژوودا هەر ئەو ڕوداوە هەیە داریوسی میدی هێرشی کردۆتە سەر بابل و داگیری کردووە لە دوایدا کوڕوش هاتووە جووەکانی ڕزگار کردووە. لە کتێبی ‘ڕامان لە مێژووی کورد'[١٩] ئاماژەم بەوە کردووە بە پێی بەڵگە مێژوویەکان داریوسی میدی لەگەڵ کەی خوسرەو هەر یەک کەسایەتین.

ئەگەر دەقەکانی زەردەشتی ڕەچاو بکەین کاوی یان کاڤی نازناوی دەسەڵاتدارانە و بۆتە ‘کەی’ ئەو نازناوەش لەسەردەمی ‘کەی-یانیەکان’ دروست بووە. بەڵام، ئەگەر چیرۆکی ناو ئاڤێستا لەگەڵ مێژووی یۆنانیەکان تێکهەڵکێش بکەین ناوی ‘کاوە’مان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە کەسایەتیەکی ڕاستیەوە و بە پێی تێپەربوونی کات ناوەکەی گۆردراوە. لە وەرگێرانی دەقەکانی ئاڤێستادا ئاماژە بەوە دەکەن: کاوی یان کاڤی نازناوی پاشاکانە بۆ نمونە لە ئاڤێستا ‘کاڤی هاوسراڤا’، لە زمانی پەهلەوی بۆتە ‘کەی خوسرەو’، ‘کاڤی ئوسان’ بۆتە ‘کەی کاوس’، ‘کاڤی ڤیشتاسپا’ بۆتە ‘کەی گوشتاسپ’. بەڵام ئەگەر دەقی ئاڤێستایی وەکو خۆی بخوێنینەوە و بێ گوێدانە دەقە وەرگێرانەکانی ئینگلیزی دەبینین کاڤی نییە بەلکو ‘کاڤا’یە نەوەک کاڤی یان کەی. لەو وێنەی خوارەوە ڕون دەبێتەوە دەقە ئینگلیزیەکان چۆن گۆرانکاریان تێدا کردووە لەناوی ‘کاڤا ڤیشتاپۆ’ کە بۆتە ‘کەی ڤیشتاسپا’.[٢٠] وە ڕوونیشە لای ئێمە دەنگی ‘ڤ’ دەگۆرێت بۆ دەنگی ‘و’، وە بە پێی تێپەربوونی کات دەنگی ‘ئا’ بۆتە ‘ئە’ واتە ‘کاوا’ بۆتە ‘کاوە’ یاخود ‘کاڤا’ بۆتە ‘کاڤە’.

وە لە هەندێك دەقی تر ‘کاڤی’ بە ‘کاڤیا’ یان ‘کاوی’  وەک ‘کاوی ئوشاناس’ ناوی هاتووە، یان ‘کاڤاتا’ وەک کەسێكی پیرۆزی ئایینی ناوی هاتووە.[٢١] بۆیە لە ئەنجامی پشکنینی ئەو سەرچاوانەی کە لە کەلەپوری زەردەشتیەکان بۆمان ماوەتەوە، ڕوون دەبێتەوە ‘کاوە’ نازناوی پاشا بووە.

جگە لەوەش ناوی ‘کاڤا-رازیم’ واتە ‘کاوە-رازیم’ لە یەشت دووبارە دەبێتەوە بە کەسێکی پیرۆز و ئاثرەوانێکی گرینگ دائەندرێت.[٢٢]  لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کاوە کەسایەتیەکی ڕاستیە و ئەشێ لەگەڵ هەندێک پاشای میدی نازناوەکەی گۆردرا بێت. هەروەها سەبارەت بە ئاڵای ‘کاویانی’ لە کەیانیەکانەوە هاتووە واتە لە ‘کاوایا’وە هاتووە کە بەرامبەر وشەی ئاڤێستا ‘کاڤایا’یە واتە بە زاراوەی سۆرانی ‘کاوەیا’، واتە ‘کاویا’نی. کاویانی شانشینێک بووە پاشاکانیان میدی بووە [لە باسێکی تردا ئەو بەڵگانە دەخەمە ڕوو].  فارسەکان زۆر بە لێزانانە توانیویانە هەموو ناوەکانیش بگۆرن وەک ناوی ‘فرانگراسێ’ بۆتە ‘ئەفراسیاب’.

کەواتە کاوە کەسایەتیەکی پاشای دادپەروەر بووە بەرامبەر تۆرانیەکان واتە تورکەکان جەنگاوە و زاڵ بووە بەسەریاندا. واتە کاوە هەر کەی خوسرەوە کە ولیام جاکسن باسی دەکات پاشای بابلیان ڕوخاندووە. چونکە هەر کەی خوسەر هێرشی کردۆتە سەر بابل و لە سەرچاوەی جووەکان بە داریوسی میدی ناوی هاتووە.

سەبارەت بە زوحاکیش هەروەک چۆن ناوی ‘کاوی، یان کاڤی’ لە کەلەپولی زەردەشتیەکان باس کراوە و گۆرانکاری بەسەرهاتووە، بە تایبەتی لە  بون-داهیشنیا و ویزیداغیا و دینکەرد ئەوا زوحاکیش ناوەکەی بە هەمان شێوە گۆردراوە. لە نێوان ساڵانی ٦٠٠٠ بۆ ٩٠٠٠ سەردەمانێکی زێرن نۆسەد ساڵە هەیە کە سەردەمی ‘یما’یە، پاش ئەوەی ‘یما’ دەچێتە ‘ڤار'[٢٣] لە پاش ئەو زەحاک یان زوحاک دێتە سەر حوکم و کچەکانی ‘یما’ دەبات لە هەندێک سەرچاوە خوشکەکانی. لە دوایدا لەلایەن ‘ثراتائۆنۆ’ لە شاخی دەماوەند تێک دەشکێ.[٢٤] [٢٥] بەڵام لە ساڵی ١١٠٠٠ دا زوحاک بۆ جارێکی تر هەڵدەستێتەوە بەڵام لەلایەن پاڵەوان کێرێ-سەسپا ‘ Keresaspā’ یان لە هەندێک سەرچاوەی تر بە [کاراساسپا، کارشاسپ، کارساسپا، کاراسانی، کاراشاسپا] ناوی هاتووە، لەناو دەچێت،[٢٦] لێرەدا دەبینین و لە دەقەکانی ئایینی زەحاک یان زوحاک دەبێتە [ئەژدیها/کوردی، ئەژیدەهاکە/ئاڤێستا، ئەژدەهاک/ئەرمەنی]. ئەژدیهاک سێ سەر و دەم و شەش چاوی هەیە، هەرچەندە دەقە ئاڤێستایەکان ڕوونیەکی تەواو نادەن ئایا ئەژدیهاک مرۆڤە یان خودایەکی شەڕانگێزە، بەڵام زۆر ڕونە ڕوخسار و شێوازی ژیانی ئەژدیهاک لە سروشتی مرۆڤ ناچێت، چونکە کاتێک ئەژیدهاک شانشینی ‘یما’ داگیر دەکات نزیکە هەزار ساڵێک لە ژیان دایە، واتە ڕوخساری مرۆڤایەتی پێوە نییە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکرێت زوحاک کوڕی ئەهریمەنە.

هەروەها دەبێ شیکاریەک بکەین لەسەر ناوی ‘کێرێ-سەسپا’، لەو پێنج ناوەی تر کە بۆی داندراوە هەر هەمووی بە ‘کار’ دەست پێ دەکات، سێیان بە ‘کارا’ دەست پێ دەکات. بۆیە دەبێ شیکاریەکیش لەسەر ناوی ‘کارا’ بکەین. مێژوونوسان دەڵێن کەسایەتیەکی نەناسراوە تەنها ئەوە نەبێت زۆر شوێنی ناوچەی ئێرانی بەناو کراوە، وەک لە یەشتی دوانزدە باسکراوە. لە زمانی ئاڤێستا دەنگی ‘ر’ دەگۆرێت بۆ دەنگی ‘ڤ’ و ‘و’ ، وەک ‘راتە’ بە مانای ‘با’ بۆتە ‘ڤاتە’.  ئایا ‘کارا’ پاڵەوانی ‘کاوە’ نییە؟ سەبارە بە بڕگەی دووهەم هەرچۆنێک نوسرابێت وەک ‘سەسپە’ هەر بە مانای ئامێرێکی جەنگی یان باز یان بەڵندەیەکی دەنگ خۆش دێت. کەواتە چیرۆکی ئەژدیهاک و کاوە لە ڕووی مێژووەییە کە باس لە داگیرکردنی بابل دەکرێت، خۆی لە قالبێکی ئەفسانەی دەگرێتەوە لە لای ئاینی زەردەشتی، کەواتە ڕاستینەی مێژووی دەبێتە ئەفسانەیەکی ئایینی.

لە کورتکراوەی شیکردنەوەکەماندا بۆمان ڕوون دەبێتەوە، بە پێی دەقی ئاڤێستایەکان کاوە یاخود کاڤە یان ناوی پاشایە یان نازناوی پاشایە، هەروەها لەگەڵ کەسایەتی کەی خوسرەو هەر یەک کەسن. ئەو کەی خوسرەوەی پاشای بابلی ڕووخاندووە. بەڵام چیرۆکەکان پاش و پێش خراون. کەواتە بابەتی کاوە لەسەردەمی کەیانیەکان نەبووە بەلکو لەسەردەمی میدیا-پێرشیا بووە.

بەڕای من فیردۆسی توانیویەتی ساختەکاری بکات، زاراوەکان و چیرۆکەکان تێکهەڵکێش بکات، فارسەکانی سەردەمیش لەگەڵ پۆلێک لە قەڵەمڕەوی کورد، توانیویانە ساخەتە لەناو ساختەدا بکەن. بۆ نمونە فیردۆسی لە شاهنامە ساختەیەک دەکات (ئەگەر بۆچونی من ڕاست بێت) دەڵێ فەریدون پاشای زوحاک لەناو دەبات، ئەو زوحاکەی دوو ماری لەسەر شان دەڕوێ، یەکەم جار ئاماژە بە چیرۆکی ئەوە ناکات کاوە و فەریدون پاشای بابلیان لەناو بردبێت بە ناوی زوحاک، بۆیە دەبینین دەست بۆ کەلەپوری زەردەشتیەکان دەبات، یەکەم جار لە یەشت لە دوو قۆناغی جیاوازدا وتراوە [کاوە یان ‘کاراسەپە’] و فەریدوون کەچی ئەو دەیانخاتە یەک سەدە و ڕۆڵی کاوە دەکاتە لاوەکی. لە دوایدا خودای شەرانگێزی زوحاک دەکات بە پاشایەکی سەرزەوی و دوو ماری لەسەر شانی دەڕوێنێ. ئەگەر زۆر بە جوانی یەشت شی بکەینەوە ئەژدیهاک کە بۆتە زوحاک خوداوەندێکی خاوەن سێ مارە یاخود دەڵێن سێ شەویلگەی هەیە، یاخود ئەو عەزیایە کە لە چیرۆکی چینیەکان دەیبینین، ئەو ئەژدیهایە و لە زمانی یۆنانی پێ دەگوترێت ‘دراکۆن’ واتە عەزیا. لە کەلەپوری زەردەشتیەکان زوحاک و ئەژدیهاک یەک بونەوەرن، بەڵام لە شاهنامە دەبێتە پاشایەک و دوو ماری لەسەر شانی ئەڕوێ. ئەوەش ماوە باسی بکەین، لە زمانی کوردی زۆر جار دەنگی ‘ئە’ دەبێتە ‘عە’، دەنگی ‘ز’ دەبێە ‘ژ’ یان بە پێچەوانەوە، بۆیە ئەزیا بۆتە عەزیا و لە دوایدا بۆتە ئەژدیها.

لە دوایدا فارسەکانیش لە ناو ساختەکەی فیردۆسی ساختەیەکی تر دەکەن و دەڵێن فەریدوون کوروش بووە و زوحاک پاشایەکی میدی بووە و لەسەر دەستی فەریدون لەناو چووە. ئیتر ساختە لە ناو ساختە بۆ کوردێکی داگیرکراو دەبێتە ڕاستیەکی مێژووی و کاوە و زوحاک دەبێتە هۆی تێکشکانی شکۆ و خۆ بەکەم زانی، تا وای لێ دێت دەڵێ کورد خاوەنی هیچ مێژوێک و شارستانیەتێک نەبووە.

ئیتر دەبێ پرسیار بکەین پەیوەندی نێوان زوحاک و نەورۆز چییە؟ دەبێ دەست ببەین بۆ دەقێکی ئاڤێستایی سەبارەت بە پێشبینی زەردەشت. زەردەشت پێشبینی دەکات، سەردەمێک دێت بە سەردەمی ڕەش دائەندرێت و مۆغەکان ڕادەسپێرێ تاوەکو ئەو پێشبینیە بگەێنە خەڵک، دەڵێ:

جەژنی نەورۆز وای لێدێت لەلایەن خەڵک لە بیر بکرێت و هێمای پشتێنی ‘کوشتی’ لە بیر بکرێت [پشتنێنی سێ گرێ]، لە درێژەی فەرمودەکانی دەڵێ [سپاندارماد[٢٧] دەبێ دەمی بە کراوەی بکاتەوە و خەزێنەکەی بەدەربخات] وا تورکەکان دێن تاجی پاشاکان [ئێران] لەناو ئەبات. ئەو وتانە بە خەڵک ڕاگەیەنن. دەبێ شوێنکەوتوان بە دوای باوەڕی ڕاستی بکەون، لە هەزاری دووهەم کارەساتی سەردەمی ‘زوحاک’ و ‘ئەفراسیا’یە، لەو کاتانەدا زۆر بە کەمی خەڵک باوەڕی ڕاستی هەیە.[٢٨]

لە پەرتوکی ‘یەشت’ و ‘یەسنا’دا ئاماژە بەوەش دەکرێت کەی خوسرەوە کە بە ‘کاڤا هوشتاسپۆ’ نوسراوە شەڕی تۆڕانیەکان دەکات و پاشای تۆڕانی لەناو دەبات.[٢٩] ئیتر ئەو شەڕە قوڵەی نێوان نەوەی میدیا و تۆڕانیەکان هەتا ئێستا درێژەی هەیە و تورکیش ئەو هەقیقەتە باش دەزانێ. بۆیە نایانەوێ نەورۆز ببێتە جەژنێکی کوردی و سەرکەوتنەکانی کاوەی کەی خوسرەو بۆ جارێکی تر بە گوێی منداڵەکانی ئێمەدا بزرینگێتەوە.

دەستەواژەی تۆرانی بۆ تورک و هاوشێوەی تاڵانچیەکان بەکارهاتووە، ئەشێ ئەوەی زەردەشت باسی دەکات، زوحاک پاشای بابل بێت چونکە بابلیەکان دەستیان کرد بە تاڵانی و هەزاران جوویان کردە کوێلە و خەزێنەکانی ئیسرائیلیان بۆ خۆیان برد. [دەیان بەڵگەی ترم لا ماوە سەبارەت بەو پەیوەندییەی نێوان کەی خوسرە و زوحاک و کاوە، ئەشێ لە نامیلکەیەکی تردا هەموو دابنێم]

٢. ٣ هێماکانی گەلانی زاگرۆسی و مار و ئەژدیها

زۆر جار هێمای جیاواز لەناوچەی میزۆپۆتامیا و ناوچەی زاگرۆس دەبیندرێت وەک ئەستێرە، خۆر، مار، شێر.

لە ناوچەی ئیلام ئاسەوارێکی زۆر دۆزراوەتەوە، یەکێک لەو ئاسەوارانە لە مۆزەخانەی فەرەنسای لۆڤەر پارێزراوە، نەقشی ماری تێدا هەڵکۆڵراوە.[٣٠]

لەناو ئێزیدیەکانیش مار هێمای ڕزگارکردن و پارێزیە، تەنانەت ماری ڕەش بە هیچ شێوەیەک ناکوژرێت. ئەشێ لە ڕابوردوودا مار لەسەر شانی پاشاکان هەبووبێ نەوەک ڕوا بێت، یاخود لە هەندێک ئەفسانەکانی تر تاڵەکانی قژی شاژن هەمووی مارە و ئەو ئەفسانەش پەریوەتەوە ناو ئەفسانەکانی یۆنان وەک مەێدوسای خوشکانی گۆرگۆنس.[٣١] هەروەها خودای ئایون دوو ماری لەسەر شانە و هەمان ئەو خودایە لەناو گەلانی زاگرۆسی پێگەیەکی پیرۆزی پێ دراوە بەناوی زوروڤان. ئەو تابلۆیەی لە ئیلام دۆزراوەتەوە ڕونە پاشا دوو ماری لەدەست دایە و یاری لەگەڵ دەکات و عەرشەکەشی لە مار دروست کراوە. دیسان دەتوانین بابەتی ئەژدیها و مار بەیەکەوە ببەستینەوە لە نێوان گەلانی زاگرۆسی، ئەژدیها مارێکی گەورەیە لە ناو هیتیەکان و لە دەقە کولتوری و ئایینەکانی هیندی ڕەنگی داوەتەوە، بە تایبەتی سەربڕینی ئەژدیها وەک چۆن لە یەشت ئاماژەی پێکراوە.

 

٣. نەورۆز و ئیسلام و حەرامکردنی

٣. ١ ئایا نەورۆز پەیوەندی بە ئاگر پەرستیەوە هەیە وەک ئیسلامیەکان دەڵێن جەژنی ئاگرپەرستانە؟

بە لێکۆڵینەوەم لە هەژدە ئایین، لە ئایینەکانی میسر هەتا هیندستان بە تایبەتی قوڵ بوونەوە لەناو ئایینەکانی زاگرۆسی، لە هیچ شوێنێک ئاگر پەرستیم بەرچاو نەکەوتووە. لە ئایینی ‘میثرای’دا بۆ هەموو دیاردەیەکی سروشت خودایەک هەبووە و ستایش کراوە، بۆ ئاگریش خودایەک هەبووە، بەڵام نەپەرستراوە ئەوەی پەرستراوە میثرا بووە وە زۆر جاریش ئەناهیتا هێندە ستایش کراوە گەیشتۆتە قۆناغی پەرستنی، تەنانەت ئاینی میثرای هەتا هاتنی عەرەبەکان لەناو دەسەڵاتدارانی ساسانی پەیڕوەکراوە. بۆیە لە زۆر تابلۆکان میثرا و ئەناهیتا لە پەیمان و نزاکان ناویان هاتووە بەڵام ئاگر بە هیچ شێوەیەک نەپرستراوە. بۆیە نەورۆز هیچ پەیوەندی بە ئاگر پەرستیەوە نییە. عەرەبەکان هەندێکیان بە ئەنقەست ئەو مێژووە دەشێوێن وە هەندێکیان بە بێ ئاگایی چونکە کاتێک هاتن بۆ ناوچەی میزۆپۆتامیا ئاشنا نەبوون بە کولتوری زاگرۆسیەکان بۆیە وایان زانییوە زەردەشتیەکان ئاگر پەرستن.

٣. ٢ ئایا هیچ فەرمودەیەکی پەیامبەر هەیە نەورۆزی حەرام کردبێ یان باسی ‘عید’ی نەورۆزی  کرد بێ؟

وشەی ‘عید’ لە زمانی عەرەبی بۆ یادکردنەوە دێت و لە قوڕئان لە سورەتی المائدە لە ئایەتی ١١٤ هاتووە و دەڵێ: قال عیسی ابن مریم اللهم ربنا انزل علینا مائدة من السماء تکون لنا عیدا لاولنا و ءاخرنا و ءایة منک و ارزقنا و انت خیر الرازقین.

لێرەدا دەبینین وشەی عید هیچ پەیوەندی بە نەورۆزەوە نییە و بابەتێکە پەیوەندی بە مەسیحەوە هەیە.

لە فەرمودەیەکی متمانە پێکراودا لە سنن ابي داود و سنن النسائي تۆمارکراوە و دەڵێ:

قد ابدلکم اللە بهما خیرا منهما: یوم الاضحی و یوم الفطر

لێرەدا دیسان وشەی عید باس نەکراوە تەنها پەیامبەر بە موسلمانەکانی مەدینە دەڵێ بۆنەکەی ئێوە ئەڵلا بە دوو ڕۆژی تری گۆڕیوەتەوە.

کاتێک ئەو فەرمودە شرۆڤە دەکرێت ناوی نەورۆز و میهرگان بەو شێوەیە دەخەنە پاڵی:

وفي هذا الحَديثِ يقولُ أنسٌ رضِيَ اللهُ عنه: “قَدِمَ”، أي: أتى “رسولُ اللهِ صلَّى الله عليه وسلَّم المدينةَ، ولهم يومانِ”، أي: يَوْمَا عيدٍ واحتفالٍ، وقيل: كانا يُسمَّيانِ بـ(النَّيْرُوزِ والمِهْرَجانِ)، يَلعبُون فيهما، فاستفْسَرَ النَّبيُّ صلَّى الله عليه وسلَّم فقال: “ما هذانِ اليومانِ؟”، فأجابوه، فقالوا: “كُنَّا نَلعَبُ فيهما في الجاهليَّةِ”، أي: قبلَ دُخولِ الإسلامِ إلى المدينةِ، فقالَ رسولُ اللهِ صلَّى الله عليه وسلَّم: “إنَّ اللهَ قَدْ أبدلَكم بهِما خيرًا منهما: يومَ الأَضْحَى، ويومَ الفِطْرِ”، أي: إنَّ احتِفالَكم مِن اليومِ بالفِطرِ والأَضْحَى، واتْرُكوا ما دونَ ذلك؛ فهُما خيرٌ لكم مِن شَعائرِ الجاهليَّةِ، وهذا كأنَّه نَهْيٌ عن الاحتفالِ بالأعيادِ الجاهليَّةِ، وتوجيهٌ للمُسلِمين إلى شَعائرِ الإسلامِ. وقد أباح الشَّرعُ اللَّعِبَ فيهما؛ وهذا دليلٌ على أنَّ في الدِّينِ فُسْحةً للنَّاسِ، ولكنَّه لَعِبٌ لا يُغضِبُ اللهَ، ومع ذلك فيَظهَرُ في العيدَيْنِ تَكْبيرُ اللهِ تعالى وتحميدُه وتوحيدُه ظُهورًا شائعًا يَغيظُ المشرِكين، وقيل: إنَّهما يَقَعانِ شُكرًا للهِ على ما أنعَمَ به مِنْ أداءِ العباداتِ الَّتي وقَّتَها؛ فعِيدُ الفِطرِ يقَعُ شُكرًا للهِ على إتمامِ صومِ رمضانَ، وعيدُ الأَضْحَى يَقَعُ شكرًا للهِ تعالى على العباداتِ الواقعةِ في العَشْرِ، وأعظمُها إقامةُ شَعِيرةِ الحجِّ.

جا لێرەدا چەند مەلایەک دێن و ئەو دەقە دەکەنە پاساوێکی بەهێز تاوەکو جەژنی نەورۆز لە ئێمە حەرام بکەن و دەڵێن نابێ بڵێن جەژن چونکە جەژن بە مانای ‘عید’ دێت و ‘عید’یش تەنها بۆ ڕەمەزان و قوربانە. لێرەدا دەبێ بپرسین ئەی بۆچی عەرەب وشەی ‘عید’ بۆ بۆنەی ئایینی و نائایینی بەکاردێنێت و هیچ گرفتێکی شەرعیان نییە، وەک ‘عید راس السنة’، ‘عید میلاد’ و ‘عید الربیع’. تۆ بڵێی ئەو مامۆستا بەرێزانە لە عەرەبێک موسلمان تر بن؟ بە داخەوە هەندێک لەو مەلایانە ئەو شرۆڤە بە شێوازێک لەسەر مینبەر دەخوێنەوە وەک ئەوەی فەرمودە بێت و پەیامبەری ئەو قسەی کردبێت. لە ڕاستیدا لە فەرمودەیەکی پەیامبەردا لە لایەن ‘مسلم’ پەسەند کراوە دەڵێ:

من حدث عني بحديث یری أنه كذب فهو أحد الكاذبین. (مسلم: ١٠٦) لە ڕاستیدا نازانم چۆن زاتی ئەوە دەکەن فەرمودە بەناوی پەیامبەر هەڵبەستن.

٣. ٣ بۆچی نەورۆز حەرام دەکرێ لەلای پیاوانی ئایینی بە تایبەتی ئیسلام؟ ئایا چ بابەتێکی ناشەرعی تێدا ئەنجام دەدرێ، تاوەکو هەندێک لە مەلاکان دژی ئەو جەژنە بن؟

لە ڕۆژی نەورۆز نە ئاگر دەپەرسترێت و نە بابەتێکی ناشەرعی ڕوودەدات کچان و ژنانی کورد لەگەڵ خێزان و کەسوکاری خۆیان ئاهەنگ دەگێرن و دەچن بۆ سەیران. لەو ڕۆژەدا چ کەسێک جورئەتی ئەوەی هەیە دەست درێژی بکاتە سەر کچێکی کورد کاتێک لەگەل برا و باوکی خۆی بێت یان ژنێک لەگەل هاوسەری خۆی بێت. کەی کورد هێندە بەد ڕەوشت بووە و تەعدا لە ناموسی کچێک بکات بەرامبەر باوک و برای، ئاخر چ بابەتێکی ناشەرعی ڕودەدات تاوەکو ئێمە حەرامی بکەین، لە کاتێکدا هەر ئەو مەلایانە کچ و خوشکیان بە تەنها دەچێتە زانکۆ و دەخوێنێت. ئەگەر لە زانکۆ بابەتێکی نەشیاو ڕووبدات ئەوا هەرگیز لە نەورۆز ئەمە ڕوونادات. ئیتر چ پلانێک هەیە لە کاڵ کردنەوەی جەژنی نەورۆز؟ فارسەکان موسلمان و جەژنی نەورۆز دەگێرن، ئەفغانیەکان بە هەمان شێوە جەژنی نەورۆز دەگێرن، بەڵکو مەلایەکی ئەفغانی پیرۆزبایی لە نەتەوەی خۆی دەکات، بێ ئەوەی مەلایەک فەتوای ئەوە بدات بڵێ نەورۆز حەرامە. تۆ بڵێی مەلای کورد موسلمان تر بێت لە مەلای ئەفغانی؟ ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی سەری ساڵ دائەنێت و هیچ لێکدانەوەیەکی ناشەڕعی بۆ ناکات. ئیتر ئێمەی کورد بۆچی بێ بەش بین لەو ئاهەنگە. موسلمانانی وڵاتانی عەرەبی جەژنی سەری ساڵی ڕۆژمێری گریگۆریان دەگێرن، لای کوردی موسلمانیش ئاهەنگی سەری ساڵ دەگێرێت لە کاتێکدا قەشەیەک ئەو ڕۆژمێرییەی داناوە. بەڵام خەریکە ئێمەی کورد جەژنی نەورۆز لەناوی بەرین و کەلتوری خۆمان ون بکەین.

لێرەدا چەند ئایەتێکی قورئان دەهێنمەوە کە پڕە لە حیکمەت و لام سەیرە ئەو مامۆستایانە ئاگاداری نەبن؛

ئایەتێک دەڵێ: يا أيها الذين آمنوا إن جاءكم فاسق بنبإ فتبينوا ان تصیبوا قوما بجهالة، فتصبحوا علی ما فعلتم نادمین.(الحجرات: ٦) لێرەدا من پرسیار لەو مەلایانە دەکەم نابێ هەر مێژوونوسێک بابەتێکی نوسی ئێوە بە بێ پشکنین لەسەر مینبەر بیکەن بە هەقیقەت. ئەوەتا ئەڵلا پێتان دەڵێ دەبێ پشکنین و بەدواچونەوە بکەن، باشە دەبێ پرسیار بکەین وا لە خەڵکتان تێگەیاند نەورۆز جەژنی ئاگرپرستیەوە و موسلمانێکیش دڵی گەرم بێت و چەقۆێک لە موسلمانێکی کورد بدات و لەسەر بابەتێکی بێ بنەما بیکوژێت، ئایا ئێوە چی بە خۆتان دەڵێن ئەو کاتە دونیا و ئاخیرەتان دەڕوات.

لە ڕاستیدا ئێمە هەر هەموومان زانیاریمان کەمە و هیچ لە هیچ نازانین، وەک لە قورئان دەڵێ (و ما اوتیتم من العلم الا قلیلا) بۆیە دەبێ بە زانیاریەکانی خۆما دابچینەوە وا نیشانی خەلک نەدەین ئێمە سەرچاوەی زانست و ئیلهامین، لە ڕاستیدا، زۆر کەم لە گەلی کورد بە دوای زانیاری بکەوێت و ڕاستیەکان بدۆزێتەوە بۆیە قسەی مەلا و هەندێک بە ناوڕۆشنبیر بە هەند وەردەگرن. ئێمە دەبێ لەگەڵ ویژدان و خودا و گەلی خۆمان ڕاستگۆین.

ئومێدەوارم ئەو لێکۆڵینەوە سودێکی هەبوبێ بۆ نەتەوەی کورد و ناسنامەی خۆی بەکەم نەزانێ. نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی سەربڵندە. ئێمە بەو هەموو نەهامەتیانەوە هێشتا دەژین و بەرپەچی هەموو داگیرکارانمان داوەتەوە چ بە چەک چ بە خامە.

بژی کورد و کوردستان، جەژنی نەورۆز لە کورد پیرۆز بێت، جەژنی نەورۆز لە گەلانی زاگرۆسی پیرۆز بێت.Bottom of Form


[1] مامۆستا هەژار، هەنبانە بۆرینە (ئێران: تهران، ٢٠١٠)، ل ٨٨٧.

[2] لە فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە بۆ گیایەکی تیژ دێت. ل ١٧٤.

[3] Var: Noruz, Noruz, No Roz, Norooz. [Avesta.org/zglos.html]

[4]  وشەی ‘ڤار’ کورتکراوەی ‘ڤاریەنت’ە، واتە گۆڕانی ناو، یاخود بۆ پەرەسەندن بەکاردێت.

[5] Jenny Rose, An Introduction Zoroastrianism (London: I.B. Tauris & Co Ltd., 2012), 126.

[6] Rose, 166.

[7] Silver RavenWolf, To Ride A Silver Broomstick (USA: LIewellyn Publication, 2001), 12, 31

[8] Nicola Tesla’s key to the Universe https://www.youtube.com/watch?v=eYFw4ICJNK0

[9] 7-Rose, 126.

[10] A. T. Olmstead, History of The Persian Empire (Chicago: The University of Chicago Press, 1948), 86, 272-314.

[11] گراهام هانکۆک یەکێکە لە مێژوونوسە بەناوبانگەکانی جیهان، نوسینەکانی زیاتر لە دژی مێژووی نوسراو و ئارکیۆلۆجیەکانە، تێڕوانینی جیاوازی هەیە سەبارەت بە شارستانیەتی کۆن.

[12] Rose, 29.

[13] Rohinton F. Nariman, Zoroastrianism in Other Faiths (India: Repro knowledgecast Limited, 2021),  166; Dr. Kersey H. Antia, Enigmatic Response of Three Dastujis to the United Zarthoshti Calendar, 1994, 1.

[14] بە پێی سەرچاوەی خوارەوە شیرین ئەرمەنی بووە بەڵام سەرچاوەی تر دەڵێن ئارامی بووە.

Gianroberto Scarcia, “La ‘sposa bizantina’ di Khosrow Parviz,” in La Persia e Bisanzio, Convegno internazionale (Roma, 14-18 ottobre 2002), Atti dei convegni lincei 201, Rome, 2004, pp. 115-35.

https://iranicaonline.org/articles/kosrow-o-sirin

[15] Rose, 124-5.5

[16] Rose, 164-7.

[17] S. A. Nigosian, The Zoroastrian: Tradition & Modern Research (London: McGill-Queen’s University Press, 1993), 114-6.

[18] William Jackson, Persia Past And Present, A Book of Travel And Research (London: Machillan & Co. Ltd, 1906), 264.

[19] ماکۆ ساوین، ل ٩٢-١٠٠.

[20] tr. Pro. Ervad Maneck Furdoonji Kanga, M. A. from Gujarati, Yasht-BĀ-MAĀNI (Bombay: The Trustees of the Parsi Punchayat Funds and Properties, 200), 239; [Yt.8.52]

[21] Yasht, 13.29

[22] Yasht, 13.25.

[23] ڤار: شوێنێکی داخراوە وەک ئەشکەوت نە مردنی تێدایە، نە ساردە و نەگەرمە.

[24] یەشت: ١٩: ٣٦-٧.

[25] Yasht-BĀ-MAĀNI, 251-298.

[26] Ibids. 251-298.

[27]  یەکێکە لە یەزاتەکان واتە فریشتەکان و پارێزەری زەوییە، مەبەستی زەردەشت ئەوەیە دەبی هەموو ئەو زانیاریانەی هەیەتی بۆ خەڵک دەری بهێنێت.

[28] avesta.org/dabestan/dabest14.htm The Dabesta-e Madaheb, Part 14.

[29] Yasht 9.18, 19.56; Yasna 11.7.

[30] John Curtis, Later Mesopotamia and Iran: Tribes and Empires 1600-539 B. C(London: British Meseum Press, 1995), 28-9.

[31] Katerina Servi, Greek Mythology (Greece: Ghristiana G. Christopoulou, 1966), 109, 111.