٨. ٧. ٢ سەلاحەددینی ئەیوبی، صلاح الدین الایوبي 

یەکێک لەو کەسایەتیە مەزنانەی کورد سەلاحەددینی ئەیوبیە ئیمڕۆ بە کەسێکی جیهانی ناو دەبرێت، دۆست و دوژمن ڕێزی لێ دەگرن. بەڵام ئیمڕۆ ئەو کەسایەتیە مەزنە لەبەرچاو کوردی دەخەن. هۆکارەکەشی ئەوەیە دەڵین بۆچی دەوڵەتێکی کوردی دروست نەکرد و چوو فەڵەستینی ڕزگار کرد. بڕوا ناکەم لەناو کورددا تا ئێستا ڕێزێکی دادپەروەرانە لە سەلاحەددینی ئەیوبی گیرابێ. مەلاکان و موسوڵمانەکان لە خۆشەویستی فەڵەستین ڕێزی لێدەگرن نەوەک لەبەر کارە گرینگەکانی کە کردوویەتی بۆ مرۆڤایەتی و کورد.  

لە کاتی خوێندنی ماستەر لە دراساتی ئیسلامی لە زانکۆی ئەبەردین یەکێک لەچوار ‘وتارە نوسینەکانم essay ‘ لەسەر سەلاحەددینی ئەیوبی بوو ناونیشانی لێکۆڵینەوەکەم ‘بەدەستهێنانەکانی سەلاحەددین بە پێی سەرچاوە جیاوازەکان. Saladin’s achievements according to different sources’ بوو. حەزم کرد کورتەیەک لەم لێکۆڵینەوەیە لەو پەرتوکە بنوسمەوە لەگەڵ چەند زانیاریەکی تر.  

لە پێشەکیدا ئاماژەم بەوە کردووە چەندین سەرچاوە باسی سەلاحەددینی ئەیوبی کردووە بە مێژوونوسە موسوڵمانەکان و ناموسوڵمانەکانەوە. ئەوەی گرینگە دەبێ بە لۆژیکانە ئێمە بابەتەکان هەڵسەنگێنین تاوەکو ڕاستی ئەو مێژووەت بۆ بەدەربکەوێ. لێکۆڵینەوەکە لە چەند بەشێک پێکهاتبوو بەشەکانیش لەسەر بنەماڵەی و چۆنیەتی دەسەڵات وەرگرتن و دەستکەوتەکانی.  

 ناوی سەلاحەددین: ناوی تەوای یوسف کوڕی نەجم الدین ئەیوب کوڕی شادی. ناوی ‘صلاح الدین’ی بۆ داتاشراوە کە لە دوو وشەی عەرەبی پێکدێت ‘صلاح’ بەمانای چاکساز، باوەڕی باش، ڕاستی. ‘دین’ واتە ئایین. واتە مانای ‘صلاح الدین’ نوێکەرەوەی ئایین و هەندێک کەسیش بە شکۆمەندی لە ئایین. بهاءالدین ابن شداد بە سەلاحەددین دەڵێ چاکسازی ئایین و دونیایە.[1] 

٨. ٧. ٢. ١ شوێنی لە دایک بوونی 

سەلاحەددین لە تکریت لە دایک بووە، ڕۆژی لە دایک بوونی ناسراوە لەلایەن مێژوونوسان، چونکە ئەو ڕۆژە بووە شاری تکریتیان بەجێهێشتووە بەرەو موسل کۆچیان کردووە. هۆکاری ئەو کۆچکردنەیان بۆ موسل دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕووداوەی بەسەر براکەی ئەیوب داهاتووە. کاتێک باوکی سەلاحەددین لە تکریت فەرمانڕەوا دەبێت، ڕۆژێک شێرکۆی برای لە بازاڕ دەبێ، ژنێک هاوار دەکات و پەنای بۆ دێنێت تاوەکو لە دەستی کەسێک ڕزگاری بکات، ئەویش بێ دوودڵی ئەو کەسە دەکوژێت. ئەیوب نامەیەک بۆ هاوڕێی سوڵتانی سەلجوقی دەنێرێ و دەڵێ: براکەم کەسێکی لە هاوڕێی شانشینی ئێوە کوشتووە و منیش شێرکۆم زیندانی کردووە، من چاوەڕوانی نامەی تۆم چی لێ بکەم. سوڵتانیش بەمشێوەیە وەڵامی ئەیوب دەداتەوە ‘ئەوەی کوژرا هاوڕێیەکی زۆر نزیکی من بوو، ئەوەی کوشتی برای تۆ بوو. باشترە تۆ و خانەوادەکەت شار بە جێبهێڵن، ئەترسم ڕۆژێک براکەت ببینم، شێرکۆ، دڵم هەر قینی هەڵگرتبێ و منیش شمشێرەکەم لە کاڵان دەربێنم’. ئەو ڕۆژەی تکریتیان بەجێهێشت بەرواری ٥٣٢ ی کۆچی بوو،[2] ژیانیان لە موسل لە ژێر سایەی عیمادالدین زەنگی بردە سەر، هەندێک لە مێژوونوسان دەڵێن لە دایک بوونی سەلاحەددین لە نێوان ١٩/٠٩/١١٣٧ یان ٠٧/٠٩/١١٣٧ بووە.[3] 

 ٨. ٧. ٢. ٢ ماڵباتی و بنەچەی سەلاحەددین 

باپیرەی سەلاحەددین ناوی شادی بووە و سەر بە خێڵی هەزەبانی بووە. هەزەبانیەکان خێڵێکی گەورەی کوردی بوون لە نێوان هەولێر هەتا ئازەربایجان نیشتەجێ بوون. شادی لە دوین لە دایک بووە، دوین گوندێک بوو لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان. ئەو گوندە هیچ ئاسەوارێکی نەماوە. شادی بەفەرمانی سوڵتان مەسعودی سەلجوقی چۆتە تکریت و لەوێ بۆتە فەرمانڕەوای ئەو شارە، لە پاش مردنی کورەکەی ئەیوب جێی گرتۆتەوە.  

هەندێک لە مێژوونوسانی سەردەم بڕوایان بەوەیە سەلاحەددین لە گوندی دوینی ناوچەی سەر بە هەولێر لە دایک بووبێ. منیش بە دوای ئەو ئاسەوارانە دا گەڕام و ئەو زانیاریانەم دەست کەوت:  

یەکەم: چاوپێکەوتنم لەگەڵ چەند کەسێكی خەڵکی دوینی ناوچەی هەولێر کرد کە خوێندەواریان نەبووە و لە ژێر کاریگەری هیچ پەرتوکێک نەبوونە، ئەوان دەڵێن سەلاحەددین لێرە لە دایک بووە. هەروەها بڕوایان بەوە هەبوو هەزەبانیەکان ئەو ناوچەیان لە ژێر دەست دابووە و ناوەندیشیان ‘ڕەواندوز، ڕەواندز’ بووە.  

 دووهەم: زۆربەی جار مێژوونوسان ئاگاداری ئەوە نیین لە کلتوری کوردیدا ناوێک بۆ دوو شوێن بەکاردێت، وەک ناوی چۆمان یەکیان لە پارێزگای سۆرانە ئەوی تر لە کوردستانی رۆژهەڵاتە، وە چەندین ناوی تر دووبارە بۆتەوە بۆ شوێنی جیا جیا، وە هەندێک جاریش سێ جار دووبارە بۆتەوە.  

سێهەم: ئەگەر ئێمە بڕوا بکەین سەلاحەددین لە دوینی ئازەربایجان لە دایک بووبێ ئەوا چەند پرسیارێکمان دێتە پێش: کاتێک بنەماڵەی سەلاحەددین تکریتیان بەجێهێشت و چوون بۆ موسل و لە دواییدا چوون بۆ سوریا، پرسیارەکە ئەوەیە چۆن توانیان لەشکرێک لە کورد دروست بکەن؟ بە پێی ‘رایمۆند’[4] دەڵێ کاتیک سەلاحەددین میسری کەوتە بن دەست چارەکێکی لەشکرەکەی کورد بوو. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات ئەگەر سەلاحەددین لە دوینی ناوچەی هەولێر لە دایک بوبێ ئەوا بۆ بنەماڵەکە ئاسانتر بووە لەشکرێک لە کوردی ئەو ناوچانە دروست بکات. ئەو شوێنە تەنها ٥١کم دوورە لە موسڵ و بۆ ئەو ئاسانترە لە خێڵی خۆی ئەو لەشکرە دروست بکات نەوەک بە بنەچە لە ئازەربایجان بن و بتوانن لە شکرێک لە کوردی موسل و هەولێر و تکریت دروست بکەن.  

چوارەم: کاتێک سەردانی هەندێک گۆڕستانم کرد لە دوینی هەولێر چەند نیشانەیەکم دۆزیەوە هەمان ئەو نیشانانەیە کە لەسەر گۆڕەکەی سەلاحەددین ئەیوبی هەیە. ئەویش ئەستێرەیەکی هەشت سەرە.  

پێنجەم: هەموو مێژوونوسەکان لەسەر ئەوە کۆکن سەلاحەددین لە خێڵی ڕەواندی لە دایک بووە، ئەو خێلە لقێکە لە خێلی هەزەبانی. وە ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان ڕەواندز و ڕەواندی، وە دوین نزیکە لە ڕەواندز. بۆچوونێک دروست دەبێ ئایا لە ڕابوردوودا هەردووکیان یەک نەبوون و بە پێی تێپەڕبوونی کات گۆرانکاری بەسەر ناوەکەی دانەهاتبێ. 

بەڵام ساغکردنەوەی ئەو بابەتە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد تر هەیە. چونکە ناکرێ ناوی دوین لە ئازربیجان مابێ بەڵام ئاسەواری نەما بێ و هیچ بەڵگەیەکیش نەبێ، بەڵام ‘دوین’ی ناوچەی ڕەواندز ناوەکەی وەک خۆی ماوە و هاوڵاتیەکان دەڵێن سەلاحەددین لێرە لە دایک بووە و قسەکانیان بە هەند وەرنەگیرێ. 

٨. ٧. ٢. ٣ بیروباوەڕی سەلاحەددین 

سەلاحەددین موسوڵمانێکی شافیعی بوو وە هەندێک دەڵێن لەسەر بڕوای ئەشعری بووە. سەلاحەددین ٣٠٠ خانەقای بۆ سۆفیەکان دروست کرد،[5] و هەندێكیانی لە نزیک شوێنی خۆی دروست کردن.[6] 

لە ماوەی چەند ساڵێکی رابوردوو هەندێک لە شوێنکەوتوانی زەردەشتی بڕوایان بەوە هەبووە سەلاحەددین کەسیكی زەردەشتی بووە نەوەک موسوڵمان بووبێ.[7] من بە دوای ئەو سەرچاوەیە کەوتم تەنها چەند لێکچوونێکم دۆزیەوە یەک لەسەر گۆڕەکەی ئەستێرەی هەشت سەری لەسەرە، هەمان هێماش لە کڵاوە جەنگیەکەی دا هەیە، ئەمەش هێمای میثرایەکان بووە و لە دواییدا ئەو هێمایە بۆتە هێمای زەردەشتیەکان.  

ئەو هێمایە لە سوفیەکانی نەقشبەندیەکانیش بەدی دەکرێ بەڵام ئەو ڕێچکەیە لەلایەن بهاءدین نەقشبەندی دروست بووە کە لە ساڵی ١٣١٨ لە دایک بووە. لێرەدا ئەوە دەبینین سۆفیەکان خاڵێکی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ سەلاحەددین. بەڵام نەقشبەندیەکان لە پاش مردنی سەلاحەددین دروست بوون. لەو بڕوایە دام دەبێ لێکۆڵێنەوەی زیاتر بکرێ لەسەر بیروباوەڕی سەلاحەددین.  

 ٨. ٧. ٢. ٤ باری سیاسی میسر و شام و یەمەن پێش سەلاحەددین: 

پێش ئەوەی ئێمە باسی دەسکەوتەکانی سەلاحەددین بکەین پێویستە باسی باری سیاسی ئەو شوێنانە بکەین کە لە دواییدا سەلاحەددین کۆنترۆڵی کردن.  

لە میسر، فاتیمیەکان حوکمیان دەکرد ئەوانیش ڕێچکەیەکی شیعەی ئیسماعیلی بوون. پاش لەناوچوونی دەوڵەتی ئەلئەغالیبە ‘الاغالبة’ بەهۆی کێشەی ناوخۆییەوە دەوڵەتی فاتیمی لە ساڵی ٩٠٩ زایینی دروست بوو[8]

دەوڵەتی فاتیمی سنووری لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای باکووری ئەفریکا دەست پێکرد لەگەڵ بەشێک لە شام. یەکمجار سنووری تەنها لە دەوڵەتی ئەغالیب بو کە تونس و جەزائیر و لیبایا و سیسلی بوو.[9] لە دواییدا قاهیرەشیان کۆنترۆڵ کرد و کردیان بە پایەتختی خۆیان. بەو جۆرە دەوڵەتی فاتیمی بوو بە ئیمپڕاتۆریەتێکی گەورە. 

شام: شام ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر نەبووە، بەهۆی شەڕی بەردەوامی نێوان سوننە و شیعە. هەریەکەیان دەیویست دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو ناوچەیەدا بسەپێنێ. بە هۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزیە و دووبەرەکیە، خاچجەنگاوەرەکان[10] ئەو هەلەیان قۆستەوە و شامیان کردە ئامانج خۆیان تاوەکو داگیری بکەن.  

بەگشتی سێ جۆرە بۆچوون هەیە لەسەر ئامانجی خاچجەنگاوەرەکان. 

یەکەم: بە پێی سەرچاوەی موسوڵمانەکان، فرەنجەکان[11] دەستیان پێکرد بە داگیرکردنی خاکی موسوڵمانان. یەکمین جار فرەنجەکان دەستیان کرد بە هێرشکردن بۆ سەر تۆلێدۆ، لە دواییدا بۆ سەرهەندێک بەشی تری ئیسپانیا، ئینجا ‘سیسلی’یان داگیرکرد. لە پاشان ئامانجیان کردە باکووری ئەفریکا و شام. لە ساڵی ١٠٩٧ز فرەنجەکان هێرشیان کردە سەر سوریا.[12] 

بۆچوونی دووهەم: بەپێی سەرچاوەی مێژوونوسە ڕۆژئاوایەکان، خاچجەنگاوەرەکان بەرپەرچی لەشکری ئیسلامیان داوەتەوە و ویستویانە ئەوروپا لەسەردەمی ئەلئەغالیبە داگیر بکەن چونکە توانیوبویان ئیسپانیا و سیسلی داگیر بکەن.  

بۆچوونی سێهەم: شام ناوچەیەکی ستراتیجی بووە، میزۆپۆتامیا لەگەڵ باکووری ئەفریکا پێکەوە دەبەستێتەوە. بۆیە فاتیمیەکان ویستویانە شام بگرن و دەسەڵاتی خۆیان بەرفروان بکەن، سونیەکانیش کە دەسەڵاتی سەلجوقیەکان بوون دەیان ویست میسر بگرن و فاتیمیەکان لەناو بەرن، بۆیە ئەو ناوچەیە هەمیشە جێگیر نەبووە بەهۆی ئەو شەڕە ناوخۆییانەوە. هەربۆیە فاتیمیەکان لەگەڵ فرەنجەکان ڕێککەوتوون تاوەکو ببن بە بەربەستێک بۆ سەلجوقیەکان.[13] 

جۆنمان دەڵێ: لە سەرتادا، ئامانجی فرەنجەکان گرتنی فەڵەستین بوو بە جۆرێ هەموو خەڵکە پەرتەوازەکانی ئیتاڵی و هەنگاریەکانیان کۆکردەوە، بەڵام هەندێک لە سەرکردەکان چاویان بۆ ناوچەکانی تر تێبڕی بوو. ئەوەش بووە دلخۆشکردنی هەژارەکان و جوتیارەکان کە لە هەژاری ڕزگاریان بێت.[14] ئەمەش ئەوە دەردەخات، خاچجەنگاوەرەکان بۆ بەرژەوەندی ماڵی هاتوونەتە ئەو ناوچانە نەوەک بۆ شەڕێکی پیرۆز. 

یەمەن: بۆ ماوەیەک لە سەردەمی عەباسی دا، خەلیفەی عەباسی هێزی بەسەر ناوچەکان دا نەما، فەرمانڕەوای یەمەن ‘عبدالنبي’ گۆڕی باوکی خۆی پیرۆز کرد و کردی بە شوێن نەزارگای ئایینی. یەکێک لە بنەماکانی ئیسلام حەج کردنە و سەردانی کەعبەیە، بەڵام عبدالنبي موسوڵمانانی ناچار کرد سەردانی گۆڕی باوکی بکەن نەوەک کعبة. ئەو بیدعەیە کاری کردە سەر موسوڵمانان بەڵام خەلیفەی عەباسی دەسەڵاتی لەسەر نەبوو. هەروەها بە بێ هۆکار ژنی دەبرد و دەیکرد بەکەنیزەک.[15] 

٨. ٧. ٢. ٥ دەستکەوتەکانی سەلاحەددین 

لە سەرەتای لاوێتی سەلاحەددین، ئازایەتی و لێهاتوویی بەدەرکەوتووە. کاتیك خەلیفەی فاتیمی العاضد داوای لە سوڵتان نورالدین کرد هێزێكی بۆ بنێرێت تاوەکو میسر نەکەوێتە دەستی فرەنجیەکان. سوڵتان نورالدین شێرکۆی هەڵبژارد لەگەڵ هەشت هەزار جەنگاوەر تاوەکو میسر بپارێزن. شێرکۆش داوای لە سەلاحەددین کرد تاوەکو یاریدەدری بێت، لەسەرەتا دا سەلاحەددین ڕازی نەبووە لەگەڵیدا بچێت، بەڵام لە دواجاردا ئەویش شان بەشانی مامی خۆی بڕیاری دا بچێت بۆ میسر.[16] 

لەو دەستکەوتە گرینگانەی بەدەستی کەوت، نازناوی پاشای سەرکەوتنەکان بوو. بۆ گەیشتن بەو پلە بەرزە پێوستی بە لێهاتوویی و ژیریەکی لە ڕادەبەدەر بوو. بە تایبەتی لە سەردەمێکدا ئەو هەموو گرژیە هەبووە لە نێوان خودی موسوڵمانەکان و شەڕی بەردەوامی خاچجەنگاوەرەکانیش لەلایەکی ترەوە.  

سەلاحەددین کەسیك نەبووە پلانی بۆ ئەو ڕووداوانە دانابێ، چونکە سەرەتا لە مامی پاڕاوەتەوە تاوەکو لەگەڵ خۆیدا نەیبات بۆ میسر. بەڵام مامی پێداگری لەسەر ئەوە کردووە بەهەرجۆرێک بێت لە گەڵ خۆی بیبات چونکە دەیزانی کەسێكی ئازا و چاونەترسە.  

لێرەوە چەند بابەتێکی سەلاحەددین باس دەکەین لەسەر ئەو بوارانەی توانستی تێدا هەبووە وەکو بواری سەربازی و ڕامیاری، کە بۆتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ زاتی ئەو.  

٨. ٧. ٢. ٦ بواری ڕامیاری و سەربازی 

پاش ئەوەی سەلاحەددین گەیشتە میسر یەکەم هەنگاوی دەربڕینی دڵسۆزی خۆی بوو بۆ خەلیفەی فاتیمی. خەلیفە لاواز ببوو بەرامبەر وەزیرەکەی خۆی بەناوی شاوەر، کە ئەیویست میسر تەسلیمی فرەنجەکان بکات. سەلاحەددین قۆلبەستی شاوەر دەکات و بە فەرمانی خەلیفە شاوەر ئەکوژرێت. شاوەر کەسایەتیەکی ئاژاوەگێڕ بووە تەنانەت شاری فوستاتی ‘فسطاط’ سوتاند و خەڵکەکەی بەرەو قاهیڕە ئاوارە کرد.[17] لە ئەنجامی کوشتنی شاوەر، شێرکۆی مامی جێگای دەگرێتەوە. شێرکۆ ئەو خەڵکانەی ئاوارە بوون هانی دان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، چونکە قاهیرەیان قەڵەبالغ کرد بوو.[18] ئەمە هەنگاوی یەکەم بوو بۆ دڵڕاکێشانی خەلیفەی فاتیمی بەرامبەر خۆی و مامی.  

ماوەی فەرمانڕەوایی شێرکۆ زۆر کەم بوو چونکە ئەو لە ١٨/٠١/١١٦٩ بوو بە وەزیر و لە ٢٣/٠٣/١١٦٩ کۆچی دوایی کرد. ئەو جێگایە بە برازاکەی، سەلاحەددین، پڕکرایەوە.[19] هەروەها خەلیفەی العاضد نازناوی ‘پاشای سەرکەوتنەکان’ ی لە سەلاحەددین نا.[20] 

ابن شداد دەڵێ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا خۆشەویستی و ڕێزی سەلاحەددین هەموو لایەکی گرتەوە.[21] 

لە پاش ئەوەی بوو بە پاشای سەرکەوتنەکان، سەلاحەددین خۆی ئامادەکرد بۆ هێرشکردنە سەر فرەنجەکان. لەوکاتانەش فرەنجەکان دەیانویست هێرش بکەنە سەر شاری دمیاط. بۆیە سەلاحەددین بەڕێکەوت بۆ پارێزگاریکردن لەو شارە و فرەنجەکانی تێکشکاند.[22] 

لەدواییدا سەلاحەددین هێرشی یەک لە دوایەکی دەست پێکرد بۆ سەر فرەنجەکان. بە هۆی ئەو هێرشانەی کردی خۆشەویستی زیاتر بوو لەلایەن خەڵکی میسر، کاتێک خەلیفەی فاتیمی لە ١٣/٠٩/١١٧١ مرد، سەلاحەددین گەیشتە سەر کورسی پاشایەتی. لە مێژوودا هیچ بەڵگەیەک نییە سەلاحەددین خۆی هەوڵی ئەو کورسیەی دابێت یان جۆرێک لە کودەتای کردبێ. بەڵام کاتیک نەیاری خەلیفە بەناوی ‘الکنز’ کاتی خۆی هەڵاتبوو بۆ ئەسوان، ئەو ویستی دەسەڵات بگرێتە دەست، بەڵام سەلاحەددین بەرپەچی دایەوە و  لە ساڵی ١١٧٤ لەشکرەکەی ‘الکنز’ی تێکشکاند.[23] 

لەسەردەمی حوکمی سەلاحەددین لە ساڵی ١١٦٩ هەتا ١١٩٣، میسر و شام و باکووری میزۆپۆتامیا لە ژێر هەڕەشەی خاچجەنگاوەرەکان بوون. ابن شداد یەکێک بووە لە هاوەڵانی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵی بووە، خۆی دەڵێ ئەوەم تۆمار کردووە کە بینیومە لەگەڵ چەند ڕوداوێک کە کەسانی باوەڕپێکراو بۆیان باسکردووم، یان ئەوەی سەلاحەددین خۆی بۆی باسکردووم.  

لە پەرتوکەکەی ‘ابن شداد’دا، ١٤٦ مەیدانی جەنگی لە نێوان موسوڵمانان و خاچجەنگاوەرەکان تەیدا تۆمارکراوە، جەنگەکانیش دەست پێ دەکات لە یەکەم هەڵمەتەی جەنگی نێوان موسلمانەکان و خاچجەنگاوەرەکان هەتا ئاگربەستی نێوان پاشا ڕیچارد لەگەڵ سەلاح الدین. لە کۆی گشتی ١٤٦ مەیدانی جەنگدا، سەلاحەددین لە ٧٤ شەڕدا بەشدار بووە. شەڕی ‘ڕملە’ی لێدەرچێ لە هەموو شەڕەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. لە هەموو ئەو شەڕانە یان خۆی بەشدار بووە یان ئەندامێکی خێزانی بەشدار بووە. واتە سەلاحەددین بەدرێژای ماوەی حوکمڕانی لە جەنگ بووە. 

لێرەدا دەمەوێ سەرنجی خوێنەر بۆ بابەتێک ڕاکێشم. زۆرینەی موسوڵمانان تەنها باسی سەرکەوتنی سەلاحەددین دەکەن کە قودسی ڕزگارکردوە، بەڵام ئەو هەموو سەرکەوتنانەی سەلاحەددینیان پشت گوێ خستووە. لە ڕاستیدا گرتنی قودس زۆر ئاسانتر بووە بە بەراورد لەگەڵ شارەکانی تر. ئەو هەموو سەرکەوتنانەی سەلاحەددین بایەخی پێ نادرێ تەنها بایەخ بە قودس دەدرێت. 

لە ڕووی سەربازیەوە کەسێكی بلیمەت بوو، بۆ نمونە لە هەڵمەتی سێهەمی خاچجەنگاوەرەکان، لە شەڕێکدا، سەلاحەددین لەگەڵ هێزێكی لە ناوەڕاست بوو، دوو کوڕەکەی لە لای ڕاستی، لەلای چەپیشی پێک هاتبوو لە کەتیبەیەک لە خەڵکی کوردستان کە خەڵکی شنگار بوون، کەتیبەیەک لە خەڵکی دیاربەکر لە ژێر باڵی سەرکردەیەکی تەمەن ١٥ ساڵی، لەگەڵ تەقێدینی خۆشکەزای. لە هەردوو قۆڵ هێرشیان کردە سەر فرەنجەکان و کشانەوە، ئەمە تاکتیکی تەقێدین بوو، فرەنجەکان بە دوایان کەوتن، ئینجا سەلاحەددین هێرشی کردە سەر فرەنجەکان و تێکی شکاندن و نزیکەی ٦٠٠٠ کەسی لێکوشتن.[24] ئەمەش تاکتیکی شەڕ بوو بەکاری هێنا.  

ژیرییەکی تری سەلاحەددین ئەوەیە، کاتێک نورالدین زنگی دەمرێ، کوڕە گەنجەکەی جێگای دەگرێتەوە. سەلاحەددین خۆی دەگەیەنێتە شام و بە شێوەیەکی ئاشتی دەست بەسەر شام دادەگرێ و ژنی نورالدین زەنگی دەکاتە هاوسەری خۆی. بەمشێویە شام و میسر دەکەوێتە دەستی سەلاحەددین.[25] 

لە دواییدا برازای نورەددین بەناوی ‘سیف الدین’ دەترسێ لەوەی سەلاحەددین ناوچەی موسل بگرێت بۆیە داوا لە براکەی دەکات تاوەکو هێرش بکاتە سەر سەلاحەددین بەڵام ئەویش هەر زوو تێکدەشکێ.[26] 

بە کۆنترۆڵ کردنی شام و میسر موسوڵمانانی کردەوە یەک. لە پاش ئەو هەڵمەتانە، تورانشای برای سەلاحەددین هێرش دەکاتە سەر یەمەن و کۆنترۆڵی دەکات. لە دواییدا یەمەن کۆنترۆڵ کرا لەلایەن بنەماڵەی ئەیوبیەکان.[27] 

بە کۆنترۆڵ کردنی شام و میسر و یەمەن، و ڕزگارکردنی هەموو شارەکانی کوردی، وەک ئامەد و دیاربەکر و عنتاب، دەوڵەتی ئەیوبی دادەمەزرێنێت و لە هەرشارێکیش شازادەیەکی کورد دادەنێت تا حوکمی بکات.  

هەرچەندە سەلاحەددین لە هەموو شارەکان کوردی دادەنا بەڵام خۆشەویستی هەموو نەتەوەکان بووە. بەتایبەتی عەرەبەکان خۆشیان دەویست هەروەک چۆن توانی گۆڕی پەیامبەری ئیسلام لە دزین ڕزگار بکات.  

سەلاحەددین کەسیكی ژیر بوو نەدەکەوتە ناو تەڵەوە، کاتێک ریچارد پاشای ئینگلتەرا ویستی خوشکی خۆی بەناوی ‘جەین’ بدات بە ملک عادلی برای سەلاحەددین، تاوەکو ئاشتی بەرقەرار بێت لە نێوان موسوڵمان و مەسیحیەکان. سەلاحەددین گومانی هەبوو لەوەی ڕاستگۆ بێت.[28] لە دواییدا بۆیان دەرکەوت ئەوان دەیانەوێ مەرجێک لەسەر ملک عادل دابنێن ئەویش واز لە ئیسلامەتی بهێنێت و ببێتە مەسیحی. بۆیە ئەو هاوسەرگیریە سەری نەگرت. سەلاحەددین بڕوا و متمانەی خەڵکی خۆی لەدەست نەدا، بەهۆی هاوسەرگیریەکەوە. چونکە ئەگەر ئەوەی کردبا بێگومان ئینگلیزەکان خۆیان بە هێز دەکرد و لە دواییدا نیازە خراپەکانیان دەخستە گەڕ.  

هەروەها سەلاحەددین کەسێکی سیاسی دیپلومات بوو، لە ژێرەوە پەیوەندی هەبوو بە پاشای قوستەنتینیەوە بەناوی ئیساک ئەنگێلەس. سەلاحەددین بوو بە هاوپەیمانی و ئیپڕاتۆریەتی قوستەنتینەش، هەر لە ڕێگای ئەو ئیمپڕاتۆرە زانیاری بە دەست دەگەیشت سەبارەت بە جموجۆلی خاچجەنگاوەرکان.  

کاتێک لەشکری ‘فیلپ’ی پاشای فەڕەنسا و ‘ڕیچاردی یەک’ ی پاشای ئینگلترا و ‘فریدیچ’ پاشای ئەلمانیا کۆبوونەوە بۆ هێرشکردن بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ ئەوەی فەڵەستین بگرن، ئیساک نامەی بۆ سەلاحەددین نارد و ئاگاداری کردەوە.[29] تەنانەت نامەی بۆ سەلاح الدین نارد، بەو شێوەیە بۆی نارد ‘بۆ برام سوڵتانی میسر’.[30] 

ژیری سەلاحەددین لەوە دابوو، کاتێک مەسیحیەکان خۆیان بە پارە ئازاد دەکرد پاش ئەوەی بە دیل دەگیران. سەلاح الدین پارەی لە شاژن ‘سیلیبیا’ وەرنەگرت. هەربۆیە بۆچوون هەیە لە ڕێگای ئەو شاژنەوە پەیوەندی نێوان ئیمپڕاتۆری قوستەنتینیە و سەلاحەددین دروست بووبێ.[31] 

لەگەڵ ئەوەی سەلاحەددین کەسێکی سیاسی بووە، بەڵام هەندێ کاری خراوەتەوە پاڵ ئەستەمە ڕاست بێت، بۆ نمونە ابن اثیر مێژوونوسێک بووە لە ژێر کاریگەری زەنگیەکان بووە. دەڵێ کاتێک سەلاحەددین دەسەڵاتی فراون کرد لە میسر، نورالدین دڵی کرمێ دەبێ و هێز کۆدەکاتەوە بۆ سەر سەلاحەددین، ئەویش ئەندامانی خێزانی کۆدەکاتەوە تاوەکو ڕاوێژیان پێ بکات، یەکێک لە برازاکانی دەڵی ئێمەش بەرپەرچیان دەدەینەوە. بەڵام باوکی سەلاحەددین، ئەیوب، لەوێ دەبێ و دەڵێ کوڕم من و خاڵت لە هەموو کەسێک زیاتر تۆمان خۆش دەوێ، ئەگەر بە قسەی من دەکەی نامەیەک بۆ نورالدین بنوسە، بڵێ بیستومە بەرەو ئێرە دێی بۆ ئەوەی وڵاتەکە بگری، ئەمە پێویست ناکات، تەنها یەک خزمەتکارت بنێرە تاوەکو زنجیر لە ملم بکات و بۆ لای تۆم بێنێت. وە هیچ بەرهەڵستیەکیش لە ئەندامانی خیزانم بەدی ناکەی.[32] بەو نامەیە ئەو گرژیە نامێنێ لە نێوان نورالدین و سەلاحەددین. لە ڕاستیدا ئەو چیرۆکە لەوانەیە هەڵبەستراو بێت چونکە ابن شداد باسی ئەو چیرۆکەی نەکردووە و ‘ابن اثیر’ زۆر دوور بووە لە ڕووداوەکان. ئەمە ئەستەمە سەلاحەددین لە خێزانێکی نەجیبزادە بێت و بۆ دەسەڵات بەو جۆرە ئاستی خۆی بهێنێتە خوارەوە، لە کاتێکدا ئەگەر سەلاحەددین ئەو هێزەی هەبێ بەرپەرچی ئەو هەموو لەشکرەی خاچجەنگاوەران بداتەوە ئەی چۆن ناتوانێ بەرپەرچی نورالدین بداتەوە. 

هەروەها ابن اثیر بابەتی تر باس دەکات لە ڕاستی دوورە، دەڵێ هۆکاری گرتنی یەمەن ئەوە بووە ئەگەر سەلاحەددین دەسەڵاتی لە میسر نەمینێ ئەوا خۆی و خێزانی بچن بۆ یەمەن. وە المقیزی هەمان بۆچوونی هەیە.[33] 

لە ڕاستیدا ئەو بۆچوونە زۆر لە ڕاستی دوورە، چونکە ئەگەر ئەوان هێزیان لە میسر نەمێنێ بێگومان هێزیان لە ناو عەرەبەکانی یەمەنیش نامێنێ، وە بۆ سەلاحەددین ئاسانترە خۆی بگەیەنێتە ناو میللەتی خۆی و شاخەکانی کوردستان نەوەک بچێت بۆ یەمەن. بەڵام زۆرێک لە میژوونوسان لەسەر ئەوە کۆکن ابن اثیر زۆر دژی سەلاحەددین بووە چونکە لە ژێر کاریگەری زەنگیەکان بووە.  

٨. ٧. ٢. ٧ دروستکردنی قەڵاکان.  

یەکێک لە ژیریەکانی سەلاحەددین دروستکردنی قەڵا بووە بۆ ئەوەی خەڵکی شار ڕزگار بکات لە مەترسی هێرشی خاچجەنگاوەرەکان. لە سەدەی ١١ دا هێرشێکی زۆر لەلایەن فرەنجەکان و سەلجوقیەکانەوە بۆ سەر میسر کراوە. کاتێک سەلاحەددین دەسەڵاتی لە میسر وەرگرت، یەکەم کار کردی قەڵایەکی گەورەی لە نێوان قاهیرە و فوستات دروست کرد تاوەکو خەڵکی هەردووک شار لە هێرشەکان ڕزگار بکات.  

هەروەها شورەیەکی گەورەشی بە چواردەوری هەردووک شاردا دروست کرد. وە دوو دەروازەی سەرەکی دروست کرد، ئەوەی ڕۆژئاوا پێ دەگوترات ‘باب المدرج’، واتە دەروازەی پلیکان. ئەوەی ڕۆژهەڵاتیش پێ دەگوترا ‘باب القرف’ واتە گۆرستان. هەروها بۆ چاودێری کردنیش چەند بورجێکی دروست کرد.[34] 

قەڵاکەشی بە دیواری بەردین ڕووپۆشکرد.[35] هەرچەندە ئەو قەڵایە بۆ خۆی نەبوو. چونکە پێش ئەوەی قەڵاکە تەواو بێت ئەو چوو بۆ شام و هەر لەوێش مرد و بۆ ڕۆژێکیش لەو قەڵایە نەژیا. تەنها بۆ ئەوە دروستی کرد خەڵکی بە ئاشتی بژین و پارێزراو بن. 

ئەو دیوارەی لە ساڵی ١١٧٦ دروستکرد. پەیکەرێکی بازی لە بەرد دروست کرد، کە ئێستا سەری پێوەنەماوە. پێی دەگوترا بازی سەلاح الدین. جەمال عبدالناصر کردی بە هێمای نەتەوایەتی میسر و لەسەر ئاڵای میسر نەخشاندی، هەروەها لە ساڵی ١٩٦٣ بایەخی بە پەرەپێدانی فیلمی ‘الناصر صلاح الدین’دا. لە دوایدا هێمای ئەو بازە بوو بە هێمای نەتەوایەتی یەمەن و فەلەستین و لیبیا.[36]  

لە کارەکانی تری سەلاحەددین، چەندین بیری ئاوی بە شێوەی چوارگۆشە لێدا.[37] بۆ ئەوەی ئەگەر چواردەوری شارەکەش بگیرێ خەڵکی ئاویان لێ نەبڕێت.  

هەروها نەخۆشخانەی بەناوی بیمارستان دروستکرد. ابن جوبیر کەسێکی ئیسپانی گەشتیار بووە و سەردانی قاهیرەی کردووە. وەسفی ئەو نەخۆشخانەی کردووە و دەڵێ کەسی لێهاتووی لێبووە، کەسانی تایبەتمەند بە زانستەکانی لێ بووە، شوێنێک هەبووە بۆ کۆگکردنی دەرمان و دەرمانیان داوەتە نەخۆشەکان. ئەو نەخۆشخانە لە ٣ بەش پێکهاتبوو، دوو بەش بۆ پیاو بووە و بەشێکیش بۆ ژن. جگە لە کەسی تایبەتمەندی زانستی، کەسێکیش ڕۆژانە دوو جار دەهات و چاودێری نەخۆشەکانی دەکرد، لە هەردووک جار دا، بەیانی و ئێواران، ئەو کەسە خواردنی دەدا بە نەخۆشەکان.[38] 

لە سەردەمی سەلاحەددین قاهیرە و دیمەشق بە هۆی کاری بازرگانی بوژانەوە، بە تایبەتی دیمەشق بوو بە ناوەندی بازرگانی خوری و شمشێر، هەروەها لە ماوەی حوکمی سەلاحەددین چوار قوتابخانەی مەزهەبی (شافیعی، حەنەفی، مالکی، حنبلی) کردەوە. وە چوار قوتابخانەش بۆ جۆری تری خوێندن.  

هەروەها باج و خەراجی هەڵگرت، وە لەسەر بازرگانەکانیش ئەو باجەی هەڵگرت. هەموویانی هاندا بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی بێگانە بکەن. بازرگانەکان دەستیان کرد بە کاری بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی لەڕیگای ئەسکەندەریەوە بازرگانیان لەگەڵ ئیتاڵیا کرد.[39] 

٨. ٧. ٢. ٨ دادپەروەری سەلاحەددین 

لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەیوبیەکان، سەردەمێکی زێرین بووە بۆ دادپەروەری، مرۆڤەکان برسی نەبوون و هیچ یاخی بونێک لە دژی ئەو دەسەڵاتە ڕووی نەداوە کە هۆکارەکەی برسیەتی و نادادپەروەری بووبێ. بەڵکو سەلاحەددین ڕێزێکی زۆری هەبووە. بە پێچەوانەی هەموو دەسەڵاتەکانی تر. لەسەردەمی خەلیفەی فاتیمی العاضد، هەموو بازرگانیەکانی بۆ خۆی قۆرخ کردبوو و یاری بە بازار دەکرد. بەڵام کاتێک سەلاحەددین هاتە سەر حوکم ئارامی بەخشی بە بازارەکان بۆ نمونە بۆ ماوەی چەندین ساڵ نرخی کاڵاکان بە نەگۆڕی مانەوە.[40] 

خەڵکی سودیان لە دادپەروەری سەلاحەددین وەردەگرت. ئەوەی دەبێ باسی بکەین کاتێک سەلاحەددین کۆشکی خەلیفەی دەستکەوت پڕی بوو لە خەزێنە، زێر و گەوهەرەکان هێندە زۆر بوو لە ژماردن نەدەهات. بەڵام سەلاحەددین هەمووی بە هەژاران بەخشیەوە. کاتێک سەلاحەددین کۆچی دوایی کرد، تەنها یەک دیناری بەجێهێشت، هەندێک دەڵێن یان ٣٧ یان ٤٧ درهەم بووە کە لە دوو دینار کەمتر بووە. ئەگەر ئەو سەروەتەی خەلیفە العاضد هەیبووە بە سەروەتی سەلاحەددین بەراورد بکەین، بە بەراوردی ئیمڕۆ، العاضد چەند بلیۆنێک لە دۆلاری جێهێشت و سەلاحەددینیش دۆلارێک یان لە دوو دۆلار کەمتر. 

ئەو سیفاتە باشانەی سەلاحەددین لە باوکیەوە بۆی مابۆوە. دەڵێن کاتێک دایکی سەلاحەددین دێتە لای باوکی و گازەندە دەکات تاوەکو جلوبەرگێکی بۆ بکرێ، ئەویش دەڵێ بڕۆ لە خەرجی دوکانەکەم بەرە، کە سێ دوکانی دەبێ، قازانجی ساڵانەی ٢٠ دینار دەبێ. ئەویش دەڵێ پێداویستیەکانم بەو پارەیە جی بەجێ نابێ. ئەو کاتە ئەیوب باجکۆکەرەوەی موسوڵمانان دەبێ، کە هەگبەی پر بووە لە پارەی موسوڵمان، بە دایکی سەلاحەددین دەڵێ ئەو پارانە مولکی موسوڵمانانە من هەڵیان ناخەڵەتێنم بۆ داواکاریەکانی تۆ.[41] ئەو وەفایە و دەستپاکیەی ئەیوب دەگوازرێتەوە بۆ سەلاحەددینی کوڕی.  

هەروەها کۆشکەی العاضد کە سەلاحەددین دەستی بەسەر داگرت خۆی لە ناوی نەژیا و دای بە سەربازەکانی تاوەکو لەوێ بژین.[42] 

سەلاحەددین کەسێکی بە بەزەیی بووە، ابن شداد دەگێرێتەوە کاتێک ژنێکی فەڕەنسی دێت و دەگریا و لە سنگی خۆی دەدات و دەڵێ موسوڵمانەکان هاتنە ناو دەوارەکەی من و کچەکەی منیان دزی و ئێستا لە بازار دەیفرۆشن. سەلاحەددین خۆی پێ نەگیراو چوو بۆ بازار تاوەکو کچەکە بدۆزێتەوە. کاتێک دۆزیەوە و هێنایەوە بۆ دایکی، منداڵەکە دەگریا و سەلاحەددینیش لەگەڵیان دەگریا.[43] سەلاحەدددین زۆر بە بەزەیی بوو، تەنانەت ئەو ژنانەیان بۆ هێنا کە پیاوەکانیان خاچجەنگاوەر بوون و لەشەردا کوژرا بوون، سەلاح الدین هەمویانی ئازاد کرد و کەلوپەلیشی دانێ. خانەدانیەتی و شەهامەتی بۆ کەسوکاری کوژراوەکان نیشان دا.[44] ئەمەش دەقاودەق بە پێچەوانەی سەرکردەکانی ترن کە ژنی کوژراوەکانیان دەگرت و دەیانکردن بە کەنیزەک و لە بازار دەیان فرۆشتن.  

٨. ٧. ٢. ٩ سەلاحەددین ئاشتی هێنەرە 

سەرەڕای ئەوەی موسوڵمانەکان و مەسیحیەکان بۆ ماوەی زیاتر لە سەد ساڵ لە شەڕ دا بوون، سەلاحەددین ئاشتی خستە نێوان هەردووکلا. سەلاحەددین و ریچارد هەردووکلا نامەئاشتیان واژۆ کرد. کاتێک خاچجەنگاوەرەکان گەڕانەوە وڵاتی خۆیان هەزارەها مەسیحی لەناو خاکی سوریا و فەڵەستین مانەوە و هەموویان بە ئاشتی ژیانیان بردە سەر. هەروەها سەلاحەددین جزیەی لەسەر مەسیحیەکان و جووەکان هەڵگرت کە کاتی خۆی لەسەریان چەسپا بوو.[45] وە جزیەی لە تەواوی ژێر دەسەڵاتی ئەیوبیەکان هەڵگرت. 

٨. ٧. ٢. ١٠ ڕەخنەکان لەسەر سەلاحەددین 

ژیانی سەلاحەددین زۆر سەخت بووە، هەر کەسێک لەشوێنی ئەو بووایە هەڵەی زۆری دەکرد، سەڕەرای دادپەروەری و سەخاوەت و دەستبڵاوی چەند ڕەخنەیەک لەسەر سەلاحەددین هەیە: 

یەک: سەلاحەددین فەرمانی کرد بە کوشتنی سوهەروەردی. کە فەیلەسوفێکی فارسی بوو.[46] پروپاگەندە بڵاوبۆوە سوهەروەردی بیدعەیەکی دروست کردووە لە دژی ئیسلام.  

بەڵام ئەوەی من بۆم دەرکەوت لە دوای لێکۆڵینەوەم لەسەر ئەو بابەتە سەلاحەددین دژی زانست و فەلسەفە نەبووە. لە میسر دەیان فەیلەسوفی لێ بووە. بەڵام هۆکاری کوشتنی سوهەروەردی دەشێ لە شوێنێکی تر بە دوورودرێژی باس بکەم. بەڵام ئەوەندەی دەڵێم سوهەروەردی بیروباوەڕی باطنیەکانی بڵاودەکردەوە. ئەگەر سوهەروەردی هەرچیەک بوبێ بەڵام بڵاوبونەوەی بیروباوەڕی باطنی ترسناک ترین هێرش بووە بۆ سەر مرۆڤایەتی. ئەشێ لە شوێنێکی تردا ترسناکیەکانی باطنی باس بکەم. لە دوایدا زۆربەی مێژوونوسان دەڵێن کوڕی سەلاحەددین کوشتویەتی.  

دووهەم: سەلاح الدین داهێنانیكێ نوێی هێنایەکایەوە، کاتێک دەستی گرت بەسەر فاتیمیەکان، نێر و مێی لێکجیاکردنەوە تاوەکو وەچەیان زیاد نەبێ، واتە کەسی لێ نەکوشتن.[47] لە کۆشکەکەی العاضد ١٨٠٠ کەسی لێ بووە تەنها ٢٥٢ی نێر بوون ئەوانی تر هەموو ژن و کەنیزەک بوون.[48] ئەم کردارەی سەلاحەددین بە پێچەوانەی هەموو سەرکردەکانی ترە کاتێک شوێنێکیان دەگرت دەستیان دەکرد بە ڕەشبکوژی خەڵکی ئەو ناوچەیە. بەڵام سەلاحەددین ئەو ڕەشبکوژیەی نەکرد، بەڵام نەشی دەویست لە دوراۆژدا بنەماڵەی فاتیمی دەسەڵات وەربگرنەوە. 

سێهەم: سەلاحەددین قەت دیلی نەکوشتووە تەنها ڕایمۆند نەبێ، کە بەدەستی خۆی کوشتی. هۆکاری کوشتنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کاتی خۆی ڕێكکەوتننامە هەبووە لە نێوان موسوڵمان و مەسیحیەکان، بەڵام ڕایمۆند هێرشی کردە سەر حاجیەکان کاتێک لە مەککە دەگەڕانەوە بۆ دیمەشق. حاجیەکانی کوشت و کەلوپەلی کوژراوەکانیان تاڵانی کردن. ئەوە بووە هۆی تووڕە بوونی سەلاحەددین و سوێندی خوارد دەبێ بەدەستی خۆی بیکۆژێ. لە شەڕی حیتین ڕایمۆند بەدیل دەگیرێ و بەدەستی خۆی دەیکۆژێ.[49] 

چوار: بە پێی هەندێك سەرچاوە لە کاتی کێشەی نێوان موسوڵمان و ناموسوڵمانەکان، چوار کەنیسە لە کاتی جیا جیا تێکدراوە لەلایەن تورک و کوردەکانەوە. 

بەڵام ئەگەر بەدوای مێژووەکە دابڕۆین دەبینین یەکەمیان  لە نێوان مانگی سێ و چواری ١١٦٤ە کە سەردەمی سەلاحەددین نەبووە. دووهەمیان لە نێوان ساڵی ١١٦٨-١١٦٩ یە، وە ئەوانی تر لە شاری ‘قوص’ و ‘ئەسویت’ ڕوخێندران کە ساڵەکەی دیار نییە. ئەشێ ڕوخانی ئەو کەنیسانە لە سەردەمانێک بووبێ سەلاحەددین دەسەڵاتی نەبووبێ، چونکە ئەو لە ساڵی ١١٦٩ دەسەڵاتی وەرگرتووە. 

بەڵام ئەوەی ڕوونە کاتێک سەلاحەددین لە میسر بووە مەسیحیەکان پۆستی ئیداریان وەرنەگرتووە، لە ساڵی ١١٧٢ هەندێکیان لە کارەکانیان دەرکراون. بەڵام لە دواییدا، ئەمیرەکانی ئەیوبی مەسیحیەکانیان لەناوچەی خۆیان لەسەر کار دادەنا. وە ئەو کەنیسانەی ڕوخێندران هەر هەمووی نۆژەن کرانەوە و مەسیحیە قبطیەکانیان لەسەر کار دائەنا.[50] 

٨. ٧. ٢. ١١ دەرئەنجام 

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی قوڵدا کە زۆر بە کورتی لەو پەرتوکە باسم کردووە، بە پێی سەرچاوەکانی ئیسلامی و نائیسلامی سەلاحەددینی ئەیوبی دەستکەوتێکی زۆری هەبووە و کەسایەتیەکی جیهانی بووە. لە ئەنجامی ئەو بەیەکدادانەی نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات ڕوویداوە هەندێک لە سەرچاوەکان بە باشە باسیان کردووە و هەندێکیشیان لایەنگیر بوون. بەڵام بە پێی تێپەر بوونی کات، نوسەرانی ڕۆژئاوا دیدیان بۆ سەلاحەددین گۆڕاوە. ئەگەر بێت و قسەی نوسەرانی ئەو سەردەمە باس بکەین زۆر جیاوازە لەگەڵ ئێستا.  

بۆ نمونە: ئەو پەندەی لەسەر سەلاحەددین داندراوە لە لایەن نوسەرانی فەڕەنسی و ئینگلیزی لە ڕووی ڕەوانبێژیەوە زۆر بەهێزە.[51] ئەو پەندە دەڵێ: سەلاحەددین لەلایەن فەڕەنسیەکان وا نیشان دەدرا دایکی یان نەنکی فەڕەنسی بووبێ. بەڵام ئینگلیزەکان لەو بڕوایە دابوون کە دەبووایە سەلاحەددین دایکی یان نەنکی ئینگلیز بووایە.  

ئەم پەندە لەنێوان فەڕەنسی و ئینگلیزی دا هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو دوو نەتەوە خۆیان بە گەورە دەزانن و دایک هەمیشە پەروەردەکەری ڕۆلەیە، بۆیە لە ڕووی ڕەوانبێژیەوە ئەوا وەسفی سەلاحەددین دەکەن.  

لە سەرچاوەی ‘مێژووی جورسەلیم شاری هیرۆد و سەلاحەددین’ کە لەلایەن بێسانت و پالمەر نوسراوە، کاتێک باسی دەسەڵاتی ئەیوبیەکان دەکەن، دەڵێن: لەو بەڵگانە باشتر ناتوانی پێشکەش بکەی سەلاحەددین چ رێزێک و شکۆیەکی هەبووە لە نێوان خزم و براکانی. بە پێچەوانەی تورک کە چاوایان بەوە هەڵنایە براکەی لەسەر کورسی بێت. ئێمە تاکە ڕوداوێکمان نەبیست بەخیلی بە سەلاحەددین برابێت لەلایەن ئەندامانی خێزانی یان دەستودەورەکەی. ئەوان زۆر گوێڕایەڵی سەلاحەددین بوون.[52] 

هەروەها ئیمپڕاتۆری ئەڵمانیا ‘ڤێلهەمی دوو’ (١٨٥٩-١٩٤١) کاتێک سەردانی سوریا دەکات لەساڵی ١٨٩٨، بۆ ڕێزلێنان لە سەلاحەددین گۆرێکی بەتاڵ دەهێنێت و لە تەنیشتی دائەنێت. 

لەسەر گۆرێکی بەتاڵ نوسراوە کە دیارییەکە لە ساڵی ١٨٩٨ ز لەلایەن ڤێلهەمی دووهەم پێشکەش کراوە. سوریا، نوسەر 

ئەخلاق و کاری باشە و ڕەفتاری باشە گەورەترین دەستکەوتی سەلاحەددین بوو. ابن شداد دەڵێ سەلاحەددین کەسێکی بە سۆز و ئازا بووە. هەروها لەگەڵ هەموو کەسێک باش بووە بێ گوێدانە ئەوەی کە هەڵگری چ بڕوایەکە. هەروەها کەسێکی هەڵەشە نەبووە لە سزادانی خەڵک، قسە خۆش بووە، دەمارێکی ساردی هەبووە، چاودێری منداڵانی بێ باوکو دایکی کردووە. ڕێزی لە کەسی بە تەمەن گرتووە. هەروەها ابن شداد دەڵێ ئەوەی باسم کردووە زۆر بە کورتی بووە.[53] 

لەسەر بنەمای ئەو دەستکەوتانەی سەلاحەددین ئەیوبی کە بەدەستی هێناوە، دەبێ بڵێین: زۆرن ئەوانەی ڕەوڕەوەی مێژوویان گۆڕی، سەلاحەددین یەکێکە لەوانە. 

دوا قسە لەسەر سەلاحەددین، کەسێکی جیاوازە بە بەراورد لەگەڵ هەموو دەسەڵاتدارانی دونیا، لە پاش مردنی نە کۆشکی بەجێهێشت، نە پارە، نە مەڕوماڵات، نە کێلگە، بەڵام ئەوەی بەجێیهێشت شکۆیەک بوو بۆ خۆی و میللەتی. 

٨. ٧. ٢. ١٢ ڕامانێکی گشتی لەسەر سەلاحەددین 

سەلاحەددینی ئەیوبی سەرکردەیەکی بلیمەتی کورد بوو. بەڵام مەخابن ئیمڕۆ کورد بایەخی پێ نادات وەکو خۆی پێناسە ناکات.  

سەلاحەددین سەرکردەیەکی لێهاتوو و سیاسی بوو بە جۆرێک شەڕی لەگەڵ زەنگیەکان دەکرد کە خێزانێک و دەسەڵاتداریكی تورک بوون، وە فاتیمیەکان دەسەڵاتداری عەرەب بوون و ڕوخاندی، کەچی زۆرینەی لەشکرەکەی تورک و عەرەب بوو، تەنها شەش هەزار کوردی لەگەڵ بووە. کەسێکی بلیمەتی ڕامیارزان بووە، توانیویەتی سۆزی عەرەب و تورک ڕاکێشێ بۆ پارستنی دەوڵەتی ئەیوبی.  

جۆنمان دەڵێ ئەوەی زۆر گرینگ بوو سەبارەت بە سەلاحەددین، بەرامبەر دوژمنی(سەرکردایەتیەکی لێهاتووانە، وردبین، گەرانەوە بۆ بۆچونەکان، راوێژکاری، مفاوەزات، قایلبون، خاوەن بەڵێن، ئالۆگۆرکردن، داوێن پاک لەگەڵ ژنانی مەسیحی، ئازادکردنی دیل، گۆران لە بیرۆکە) هەبوو. ‘جۆنمان’ لە درێژەی پەرتوکەکەیدا دەڵێ: سەلاحەدددین نمونەی هەموو سەردەمێک و وەرزێکە بۆ ئەوروپیەکان و جیهانی ئیسلامی. نمونەیەکە بۆ هەردووکلا ئیسلام و مەسیحیەت. سەلاحەددین ئاوێنەیەکە و خۆمانی تێدا دەبینین.[54] نوسەری فەرنسی رینێ گروسێت ‘دەڵێ ڕاستە سەلاحەددین سولتانێکی موسلمان بوو بەڵام ئەو کەسایەتییەکی جیهانی بوو.[55] 

هەمیشە پرسیار دەکرێ لەلایەن کوردەکان بۆچی سەلاحەددین قودسی ڕزگار کرد. ئەگەر ئێمە سەلاحەددین بە سەرکردەیەکی جیهانی دابنێین دەبێ ئەوەشمان لەبەر چاوبێت ئەو دەبێ تێبکۆشێ بۆ دادپەروەری، ستەم لە هەرکوێیەک بێت دەبێ ئەو دژی بێت، با بزانین خاچجەنگاوەرەکان کە هاتن بۆ فەڵەستین چیان کرد.  

خاچجەنگاوەرەکان لە هەڵمەتی یەکەمیاندا فەڵەستینیان گرت ڕەشبکوژیان دەست پێکرد. تەنانەت ژن و منداڵ و پیاویان کوشت. هەرکەسێک پێی لەسەر زەوی دانابایە خوێن تا قولەپێی ‘گۆزینک’ی دەهات.[56] گرتنی فەڵەستین لەلایەن خاچجەنگاوەرەکان لەساڵی ١٠٩٩ بوو، نزیکەی دەهەزاریان لە ژن و منداڵ و پیاوی موسوڵمان کوشت. خوانەناسەکان زۆر بە بەزەییانە سەریان دەپەڕاندن، بەڵام موسوڵمانەکان ئەشکەنجە دەدران. هەندێکیان ئەشکەنجە دەدران بۆ ماوەیەکی زۆر ئینجا هەتا مردن دەیان سوتاندن. سەرەکان بە جیا و قاچەکان بە جیا و دەستەکان بە جیا کەڵەکە دەکران. پەرستگای جووەکانیان سوتاند. ئەو موسوڵمانانەی مانەوە بە زۆرە ملێیی کەلەسەرکان و قاچەکانیان پێ دەبردنە دەرەوەی شار، وەک خانو کەڵەکەیان دەکردن.[57] 

ئیتر ئەو ستەمە بەربەریە کرا بەرامبەر موسوڵمانان وێنەی نەبوو. بۆیە سەلاحەددین وەک ئەرکێکی ئەخلاقی ئەو شەڕەی کردووە. ئیتر بۆچی کورد شانازی بە گیڤارا بکات دەڵێ ‘من لە ئەرجەنتین لە دایک بووم، لە کوبا شەڕم کرد، لە گوانتامالا بووم بە شۆرشگێر’[58]. سەلاحەددینیش لە کوردستان لە دایک بوو، لە میسر بوو بە شۆڕشگێڕ، لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین جەنگا لە دژی ستەمکارانی خاچجەنگاوەران. ئاخر وشەی خاچپەرست بۆ ئەوانە زۆر کەمە پێیان بگوترێت. ئەوان نەک هەر خاچیان دەپرست بەڵکو خوێن-پەرست و پارەپەرست بوون. ئەوان مەسیحی ڕاستەقینە نەبوون تاوەکو بڵێین مەسیحیەکان هاتن و لەگەڵ سەلاحەددین جەنگان، بەلکو مەسیحیەکان لەگەڵ سەلاحەددین هاوسۆز بوون و تەنانەت لە لەشکرەکەی سەلاحەددین فەرماندەی مەسیحیەشی تێدا بووە. سەلاحەددین دژی مەسیحیەکان نەبووە ئەوەتا لەگەڵ ئیمبراتۆری بەیزەنتین باشترین ئاشتەوای هەبووە، بەڵام بە ڕاستی ئەوانەی هاتن بۆ گرتنی خۆرهەڵاتی ناوین و بەربەری بوون، بەڵام هەر دەبێ ئێمەش ئەو دەستەواژەیە بەکاربێنین کە پێیان بڵێین خاچپەرست یان خوێنپەرست، هەرچەندە ئەو وشەیە زۆر شیاو نییە بۆ ئەوان. 

ڕامانێکی ترم ئەوەیە هێشتا لەوە تێناگەم بۆچی ئەڵمانیەکان لە شەڕدا کشانەوە، ئایا تەنها ئەو هۆکارەیە کە باس دەکرێ ئیمپڕاتۆری ئەڵمانیا لە ڕیگا مرد و کوڕەکەی ‘فریدریچ’ جێیگرتەوە، ئەویش وەک باوکی شایستە نەبوو؟ هەندیك لە شازادەکان گەڕانەوە وڵاتی خۆیان، سەربازەکانیش برسی بوون و ورەیان ڕووخا بوو.[59] تۆ بڵێی هەر ئەو هۆکارانە بێت ئەڵمانیەکان کشانەوە لە شەڕی دژ بە سەلاحەددین؟ 

لەوانەی نیچە وەڵامی ئەو نەهێنیە قوڵانە بداتەوە. نیچە لەسالی ١٨٨٥ پەرتوکێکی نوسی بەناونیشانی وەهای گوت زەردەشت. پاش چاپ کردنی ئەو کتیبە پاش ١٣ ساڵ ئیمبراتۆریەتی ئەلمانیا ئەو گۆرە دەستکردەی بۆ مەزاری سەڵاحەددین نارد، کە هەمان هێمای سەردەمی سەلاحەددین لەسەر نەقش کرابوو. 

دۆستایەتی ئەڵمانیەکان لەگەڵ نەژادی ئاری تەنها لە ڕێگای ئایینی زەردەشتی قول دەبێتەوە. چونکە کاتێک تەورات و ئنجیلەکان بە قوڵی دەخوێنیتەوە یان دەبیتە مەسیحیەکی توندڕەوی دژ بە زەردەشتیەت. یان دەبیتە کەسێکی زەردەشتی و مێژوێکی ون بوو بە کەلتورێکی زیندو لەناو میللەتێک دەدۆزیتەوە. هەروەک نیچە لە قول بونەوەی تەورات و ئنجیل پەرتوکێکی لەسەر زەردەشت نوسی. 

ئەو پرسیارە دووبارە دەکرێتەوە سەلاحەددین ئەیوبی دەوڵەتێکی بۆ کورد دروست نەکرد بەڵکو هەر بۆ ئیسلام هەوڵی داوە، هەموو نەتەوەکان ئایینیان بۆ میللەتی خۆیان بەکارهێناوە کەچی سەلاحەددین ئەو کارەی نەکردووە.  

ئەم پرسیارە کەسانێک دەیخەنە ڕوو، مێژووی وڵاتانیان بەتەواوی هەڵناسەنگاندبێ، لە ڕابوردوو هەموو وڵاتەکان بەناوی دامەزرێنەر یان بە ناوی باوک کراوە، سەلاحەددینیش ئەو دەوڵەتەی بەناوی باوکی کردووە. بۆیە ناونرا دەوڵەتی ئەیوبی.  

بۆیە دەبێ بزانین بنەماکانی دەوڵەت چین؟  

یەکەمجار دەبێ بزانین ئاڵای سەلاحەددین چی بووە. ئاڵای ئەیوبی نە هیلالی ئیسلامی بووە نە ئایەتی قورئانی لەسەر بووە بەڵکو ئاڵاکەی ئەستیرەیەکی هەشت سەر بووە، ئەو هێمایە هێمای گەلانی زاگرۆسی بووە. تەنانەت کڵاوەی جەنگی سەلاحەددین هەر هێمای ئەستێرەی هەشت سەر بووە. 

تەنانەت ئەو هێمایەی لە هەموو سنووری دەوڵەتی ئەیوبی بڵاوکردەوە، هێشتا لە سوریا و لوبنان و میسر ئەو هێمایە هەیە و ماوە. 

ئەستێرەیەکی هەشت سەر لەسەر گۆری سەلاحەددین، سوریا، نوسەر 

دوو ئەستێرەی هەشت سەرە، لە هۆبەی مەزارەکەی سەڵاحەددین وێنەکراوە. سوریا-نوسەر 

خۆرێک یان گوڵێکی هەشت سەر، لەسەر گۆرە بەتاڵەکەی سەلاحەددین نەخشێندراوە کە لەلایەن غلیومی دووهەم (ڤیلهەم ‘Wilhelm II’) پێشکەشکراوە. سوریا، نوسەر 

 

ئەستێرەی هەشت سەر لەسەر کڵاوە جەنگیەکەی سەلاحەددین، سوریا، نوسەر 

دووهەم: لە هەموو شارێک ئەمیرێکی کوردی داناوە لەگەڵ ئەوەش زۆرینەی لەشکرەکەی سەلاحەددین لە عەرەب و تورک بوون. 

دەبێ ئەوەشمان لە یاد نەچێت. بەر لەهاتنی لەشکری عەرەب و ئیسلام بۆ ناوچەی میزۆپۆتامیا و ئێران، شەڕێکی قورسی چەند سەد ساڵەی بەردەوام لە نیوان دەولەتی ساسان و ڕۆمیەکان هەبوو، ئەو شەڕە رەنگدانەوەی شەری ئایینی زەردەشتی لەگەڵ مەسیحیەکان بوو. شەڕی سەلاحەددین لەگەڵ خاچجەنگاوەرەکان بەردەوامی شەڕی نێوان ساسانیەکان و ڕۆمیەکان بوو. بۆیە ئەو شەڕە شەڕێکی یەکلاکەرەوە بووە.  

بە ڕای من، سەلاحەددین لەو یاریە گەیشتبوو کە لەسەردەمی عومەری کوری خەتاب ڕوویدا، کاتێک ئیسلام هێرشی بۆ ناوچەی میزۆپۆتامیا و شام کرد ، هێزی ڕۆمەکان شەڕیان نەدەکرد، دەیان ویست ئیسلام و زەردەشتیەکان تەواو یەکتر شەکەت بکەن، بۆیە ئەوان زۆر بە ئاسانی شارەکانیان تەسلیم بە ئیسلام دەکرد وەک دیمەشق و زۆرینەی ناوچەی شام. بەڵام شەڕە خوێناویەکان زیاتر کەوتە ناوچەی میزوپۆتامیا، واتە عێراقی ئیمرۆ.  

سەلاحەددین بە جەنگاوەری عەرەب و تورک توانی سەرکەوتنی مەزن بهێنێت لە کاتێکدا خۆی و فەرماندە سەرەکیەکان لە کوردەکان بوون. دەوڵەتی ئەیوبی بە جۆرێک تەشەنەی کرد هێزیان گەیشتە یەمەن. دیارە سەلاحەددین ئامانجێکی هەبووە لە گرتنی یەمەن. ویستویەتی ئەو زەبرەی لە مێژو بەر کورد کەوت لە لایەن فارسەکانی یەمەن کە بنکەی سەرەکیان بووە، ویستویەتی جارێکی تر عەرەب و فارس لە یەمەن یەکنەگرنەوە. وای بۆ دەچم، بۆ بەختی ڕەشی کورد، پاش سەرکەوتنە مەزنەکانی سەلاحەددین، توشی نەخۆشی بوو و کۆچی دوای کرد، ئەو پلانەی دای نابوو دەوڵەتی میدیا زیندو بکاتەوە، نەگەیشتە ئامانجی خۆی.  

لە چەند ڕامانێکی تردا سەبارەت بە پەرەپێدانی فیلمی ‘الناصر صلاح الدین’ لە ساڵی ١٩٦٣ لە لایەن جمال عبدالناصر، کە دەرهێنەرەکەی ‘یوسف شاهین’ بوو، وە نوسەرانی ئەو فیلمە بریتی بوو لە ‘یوسف السباعي’، ‘نجیب محفو‌‌ظ’ و ‘ عبدالرحمن الشرقاوي’.  چەواشەکاری ئەو فیلمە هێندە زەقە کەچی یەک مێژوونوس یان مەلایەکی بە ویژدان داکۆکی لە ئەخلاقی سەلاحەددین ئەیوبی نەکرد. ئەو سوکایەتییەی بە سەلاحەددین کرا نەدەبوایە هیچ کەسێکی ویژدان پەروەر قبولی بکردبا. بەڵام لە بەرئەوەی پاڵپشتی ئەو فیلمە جەمال عەبدالناصر بوو هەروەها ناوی نوسەری گەورەی میسری هات کە ‘نەجیب محفوظ’ بوو، وای لە جیهانی ئیسلامی و عەرەبی کرد نوتەق نەکەن یاخود وای لە خەلک کرد چاویان ڕاستیەکان نەبینێ. ئەوەندەی ڕەگەزپەرستی عەرەبی ڕەنگی دایەوە لە ناو ئەو فیلمە، ئیسلام هێندە زەق نەکرایەوە. ئەوەندەی صەلاحەددین بە عەرەب ناسرا ئەوەندە بە موسلمان نەناسرا یاخود بۆ یەک وشەش ناوی کورد نەهات. بالێرەدا بە کورتی دوو ڕەخنەی لقوپۆپی زەق بخەینە ڕوو: 

یەک: ئەو فیلمە نزیکەی سێ کاتژمێر و دە خولەک بوو. لە کاتژمێری (١:٢٤)دا، کاتێک سەلاحەددین خۆی بە پاشا و شازادەکانی ئەوروپی دەناسێنێ دەلێ ‘سەلاحەددین کۆیلەی ئەڵلا و خزمەتکاری عەرەب’. ئایا نەجیب محفوظ ئەو دەقەی لە کوێ هێناوە سەلاحەددین بڵێت من خزمەتکاری عەرەبم. بۆچ یەک مێژوونوسی عەرەبی و یەک ڕابەڕی ئاینی ڕەخنەیان لەو دەقە نەگرت؟  

لەو فیلمە، دەیان جار دووپات ئەوە دەکرایەوە فەلەستین خاکی عەرەبییە نەوەک خاکی موسلمانان بێت. هەر بۆیە ئەو دەقانە دڵی عەرەبی خۆش دەکرد و بێ زمان مانەوە بەرامبەر ئەو ناهەقیانە.  

ئاخر سەرکردەیەکی مەزنی وەک سەلاحەددین چۆن دەڵێ من خزمەتکاری عەرەبم. خۆفرۆشێک ئەو قسەیە ناکات ئیتر چۆن سەلاحەددین ئەو وشەی لە زاری دێتە دەرێ. 

دوو: ئاڵای سەلاحەددین بە هێمای بازێک نیشاندرا، لە کاتێکدا ئەو هێمایە لەسەردەمی جەمال عبدالناصر ببوو بە هێمای میسر. کەچی ئاڵای سەلاحەددین ئاڵایەکی کوردی زاگرۆسی بووە، ئەوەیش ئەستێرەی هەشت سەر بووە، ئەو ئەستێرە لە میسرەوە تا شام هێمای دەوڵەتی ئەیوبی بوو. لەو فیلمە زۆر بە کاڵی ناوی ئەڵلا و محمد دەبینی، لە سەر دەواری سەلاحەددین زۆر بە بچوکی لەلای ڕاست و چەپی ئەڵلا و محمد نوسرا بوو. بەڵام بازی میسری لە هەموو شوێنێک و لە پشت کورسی سەلاحەددین داندرا بوو. لە کاتێکدا لەسەردەمی سەلاحەددین تەنها یەک باز لە قاهیرە دروست کرا نەوەک ئەو بازە ببێتە ئاڵای دەوڵەتی ئەیوبی.  

ئیتر لەو فیلمە وا لە سەلاحەددین کرا خزمەتکارێکی عەرەبییە و نەهیچی تر، خۆشحاڵی دڵی عەرەبەکان چاویانی بەرامبەر ڕاستیەکان کوێر کرد. بۆیە ئەو هەقە درایە کوردێکی خاوەن هەستی نەتەوایەتی و نیشتیمان پەروەری ڕقی لەو سەرکردە مەزنە ببێتەوە. 

نوسەر ‘جۆن مان’ کاتێک دەکەوێتە بەراوردی نێوان جەمال عبدالناصر و سەلاحەددین دەڵێ ناصر نەک ناوی باوکیەتی بەڵکو بە مانای بازیش دێت. [60] ئەوەی ڕامانم هەبێ نوسەر لێی تێکچووە لە نێوان وشەی نسر و ناصر. صلاح الدین نازناوی ‘ناصر’ی وەرگرتووە بەهۆی سەرکەوتنەکانی نەوەک بە هێمای بازەکەی کە دروستی کردووە لە سەردیواری قاهیرە.  

لە ڕامانێکی تردا، لە سەرتای ساڵانی ١٩٦٠، بەر لە هاتنی حیزبی بەعث بۆ سەر دەسەڵات لە سوریا. هاوڕێیەکی باوکم سەردانی دیمەشقی کردبوو، ئەو هاوڕێیە دەیوت لەسەر مەزارەکەی سەلاحەدین ئەیوبی ئەو دەستەواژەیە نوسراوە: ‘لولا هذا البطل، کنت تحت ‌أ‌قدام المسيحيين، ولد هذا البطل من بطن الکردي. ئەگەر ئەو پاڵەوانە نەبوایە ئێستا تۆ لە ژێر پێی مەسیحیەکان دەبووی، ئەو پاڵەوانە لە زگی ‘دامێنی’ کوردێک لە دایک بووە.’ ئەو دوو سێ ڕستەیە هەمیشە لە مێشکمدا ئەزرینگایەوە. کاتێک چووم بۆ سەر مەزارەکەی سەلاحەدین، زۆر بە پەرۆش بووم ئەو چەند دێرە بدۆزمەوە. بەڵام مەخابن دیارە حیزبی بەعث ئەو تابلۆیەی لابردبوو لە جیگای ئەودا تابلۆیەکی تری دانا بوو. 

ئەو تابلۆیە هەڵواسراوە لە هۆبەی مەزارەکەی سەلاحەددین، سوریا، نوسەر 

لە کۆتاییدا دەڵێم زۆرێک لە پرسیار و وەڵام بە چەواشەکاری ئاقاری خۆی گرتووە، بۆیە من دەڵێم ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێ ئێمە ئەو پرسیارانە لە پرسیارکەران بکەینەوە: 

یەک: ئایا ئێوە بڕواتان بە دادپەروەی و بەیەکەوە ژیان هەیە؟ ئەگەر وەڵامەکەت ‘بەڵێ’یە ئیتر دەوڵەتی ئەیوبیش دەوڵەتێکی کوردی بووە وە مافی هەموو نەتەوەکان پارێزراو بووە، مافی هەموو ئایینەکان پارێزراو بووە.  

دوو: ئایا ئێوە بڕواتان بە کۆیلە و کەنیزەک هەیە؟ ئەگەر نەخێر، ئەوەتا سەلاحەددین ئەیوبی هەموو کەنیزەکەکانی ئازاد کرد.  

سێ: ئایا ئێوە بڕواتان بە وەرگرتنی سەرانە هەیە لە مەسیحی و جووەکان؟ ئەگەر وەڵامەکە نەخێرە، ئەوەتا سەلاحەددین سەرانەی لەسەر هەموو مەسیحیەکان و جووەکان هەڵگرت. 

چوار: ئایا ئێوە ئاگادارن لەوەی سەلاحەددین هەرچی شاری کوردی بوو ڕزگاری کرد؟ ئایا ئاگاداری ئەوەن سەلاحەددین شاری شنگاری ڕزگار کرد و ئەمیرێکی کوردی لەسەر دانا، ئەگینا هەر ئەو کاتە ئێزیدیەکان پاکتاو دەکران. ئایا ئاگاداری ئەوەن دیاربەکری ڕزگارکرد ئەگینا هەر ئەوکاتە لە دیاربەکردا کوردی تێدا نەدەما؟ ئەو ڕزگاری کرد و ئەمیرێکی کوردی لەسەر دانا. 

پێنج: ئایا ئاگاداری ئەوەن باطنیەکان دەیان ویست کۆمەڵگا هەموو بخەسێنن و فەسادی ئەخلاقی بڵاوبکەنەوە بە حەشیش و تریاک و لەشفرۆشتن. بەڵام سەلاحەددین بەرەنگاریان بۆوە. هەر بۆیە دوو جار ویستیان تێرۆری بکەن.  

شەشەم: ئایا ئێوە ئاگاداری ئەوەن خاچجەنگاوەرەکان هەر بۆ فەڵەستین نەهاتن بەڵکو دەیان ویست ڕۆژهەڵاتی ناوین بسڕنەوە و دەست بەسەر هەموو ئەو خاکانە دا بگرن و میللەتی خۆیان لە برسییەتی ڕزگار بکەن؟ 

ئەگەر سەلاحەددینی ئەیوبی نەبوایە ئەوا خاچجەنگاوەرەکان لەلایەک و باطنیەکان لەلایەکی تر، تۆوی کوردیان نەدەهێشت. ئایا دەزانی هۆکاری مانەوە و لەناونەچوونی کورد سەلاحەددین ئەیوبی بووە؟ ئەگینا ئیمڕۆ کورد لە مێژووش باس نەدەکرا! ئایا قەت پرسیارت کردووە بۆچی مەغۆلەکان زاتی ئەوەیان نەکرد لە پاش مەرگی سەلاحەدینیش هێڕش بکەنە سەر ئەیوبیەکان؟ جەنگیزخان لەسەردەمی عادیلی برای سەلاحەدین ژیاوە بەڵام زاتی ئەوەی نەبووە هێڕش بکاتە سەر ئەیوبیەکان، ئەگینا وەک ئەسفەهان جوباری خوێنی تێدا دەڕشت.  

[1] Beha Ed-Din Ibn Shadad, Saladin What Befell Sultan Yusuf (London: 24, Hanover Square, 1897, 2. 

[2] Sharaf Khani Badlisi, trans. Hajar Mukriani, Sharafnama (Iran: Media, 2013), 86-7; Malcolm Cameron Lyons, Saladin the Politics of The Holy War (London: Cambridge University Press, 1982, 2); Anne Marie EDDE, trans. Jane Marie Todd, Saladin, (USA: The Belknap Press Of Harvard University Press, 2008), 23. 

[3] Anna, 23. 

[4] Andrew Rymond, Cairo City of History (Cairo: The American University in Cairo Press, 2001), 82, 84. 

[5] شەرفنامە، ١٠٩. 

[6] Rymond, 94. 

[7] لە ساڵی ٢٠٠٥، یەکێک لە ڕابەرانی زەردەشتیەکان بەناوی پیر زمناکۆ، ئەوەی ڕآگەیاند  سەلاحەددین سەرکردەیەکی کوردی زەردەشتی بووە. ئاماژەی بەوەش کرد کەس تاوەکو ئێستا نازانێ ناوی دایکی چییە بەڵام ئەو هەموو ڕەچەڵەکی دایکی دەزانێ. 

[8] لە ساڵی ٧٨٧، خەلیفەی عەباسی هارون ڕەشید، ئیبراهیم ئەلئەغلەب وەک والی قەیرەوان دامەزراند. لە ساڵی ٨٠٠ ابراهیم سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند بەڵام هارون ڕەشید یارمەتی دا بۆ ئەوەی وەکو ناوچەکانی تر لە دەولەتی عەباسی جیا نەبێتەوە. لەسەردەمی زیادة اللە (٨١٧-٨٣٨) ناوچەی سیسلی داگیرکرد و ‘ڕۆما’ش بۆ ماوەیەکی کورت داگیرکرد. لە ساڵی ٩٠٩ ئەلئەغالیبە لەلایەن فاتیمیەکان ڕوخێندرا. 

[9] Ibn al-Haytham, 2. 

[10]  خاچجەنگاوەرەکان: بۆ جەنگاوەرە مەسیحیەکانی سەدەی ١١، ١٢، ١٣ بەکاردێت کاتێک ویستویانە فەلەستین لەژێر دەستی موسلمان دەربێنن. بەڵام ئەو دەستەواژەیە لەلایەن موسلمانەکان بە خاچجەنگاوەر ناوەزەد کراوە. بەڕای من هەردووکی ڕاستە چونکە ئەو جەنگاوەرانە لە بنەماکانی مەسیحیەت لایان دابوو.  

[11] فرەنج ” دەستەواژەیەک بوو لەسەردەمی هێرشی خاچجەنگاوەرەکان بەکاردەهات، بۆ ئەو کەسانە خەلکی ڕۆژئاوای ئەوروپا بوون بۆ ئەوەی جیا بکرێنەوە لە مەسیحیەکانی بێزەنتین. بە رێژەیەکی زۆر فەرنسی بوون، بۆیە زۆرجار دەستەواژەی فەرنسی بەکاردەهێنین نەوەک فرنج. 

[12] Francesco Gabrieli, trans from the Italian E. J. Costello, Arab Histoirans of the Crusaders (USA: University of California Press, Berkeley and Los Angeles, 1969), 3. 

[13] Francesco, 4. 

[14] John Man, Saladin: The Life, The Legend, And the Islamic Empire (UK: Penguin, 2015), 40. 

[15] Malcolm, 65-6. 

[16] Water Besant and E. H. Palmer, The History of Jerusalem the City of Herod and Saladin, London: Richard Bentley and Son, 1888, 370-1

[17] Yaacov, 108. 

[18] Ibid, 108. 

[19] Ibn Shadad, 54-5. 

[20] Water Besant and E. H. Palmer, 472. 

[21] Ibn Shadad, 55. 

[22] Ibid., 58-9. 

[23] Ibid., 65-6. 

[24] Man, 267-9. 

[25] Water and Palmer, 474-5, 470-1. 

[26] Ibn Shadad, 70-2. 

[27] Yaacov Lev, Saladin in Egypt, Brill, Leiden, 1999, 98. 

[28] P. H. Newby, Saladin In His Time (London: Faber and Faber Limited, 1983), 168. 

[29] Ibid., 136. 

[30] Frankopan, 150. 

[31] Walter & Palmer, 432. 

[32] Ibn Athir, Al-Kamil fi Al-Tarikh, Lebanon: Beirut: Dar al-Kutb al-Elmiya, vls 10, 2003, 36. 

[33] Yaacov, 98. 

[34] Raymond, 84, 85. 

[35] Nasser O. Rabbat, The Citadel of Cairo a new Interpretation of Royal Mamluk Architecture ( Ed. Ulrich Haarmann, Netherland: E. J Brill, 1995), 59-60. 

[36] Man, 354. 

[37] Raymond, 88-9. 

[38] Ibid., 94. 

[39] Man, 13-4. 

[40] Newby, 70-80. 

[41] Ibid., 55, 59.  

[42] Ibid., 55, 59. 

[43] Ibn Shadad, 41-42.  

[44] John Man, 249-50. 

[45] Newby, 61. 

[46] Francesco, 55. 

[47] John Man, 12-3. 

[48] Raymond, 93. 

[49] Newby, 111, 118. 

[50] Ibid, 190-1. 

[51] Ibid., 13. 

[52] Walter & Palmer, 465. 

[53] Ibn Shadad, 43-5. 

[54] Man, 332, 357. 

[55] https://www.huffpost.com/entry/saladin-lessons_b_8704244 

[56] Peter Frankopan, 136. 

[57] Man, 44. 

[58] Andrew Sinclair, Che Guevara (United Kingdom: Sutton Publishing Limited, 2002), 1. 

[59] Man, 264. 

[60] Man, 354.