کوردستان لانکەی مرۆڤایەتی: بەشی دووهەم

کوردستان و شوێنی ژیاری مرۆڤ

ئاسەوارگەلێکی زۆر لە کوردستان دۆزراوەتەوە وە سەردەمەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردین. لە ئەشکەوتی بێستون چەند کەلوپەلێک دۆزراوەتەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی سەردەمی بەردینی ناوەڕاست، مرۆڤەکان لە بەرد کەلوپەلیان داتاشیوە. هەروەها هەمان هاوشێوەی ئەو کەلوپەلانە لە ئەشکەوتی غار دۆزراوەتەوە، بەرامبەر شاخی بێستونە. هەروەها شوێنەوازانەکان لە ناوچەی شکاکی کوردی حەوت پارچە ئاسەواریان دۆزیوەتەوە، دەڵین ئەو خەڵکانە هەمان پلەی شارستانیەتیان هەبووە لەگەڵ خەڵکی ئەشکەوتی بێستون. هەروەها لە باشووری کوردستان چەندین کەلوپەلیان دۆزیوەتەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی سەردەمی بەردینی ناوەراست. ئەو کەلوپەلانە لەسەر گرد و تەپۆلکەکانی زنجیرەی زاگرۆس دۆزراونەتەوە. هەروەها لە گردی گەنجی کە ١٤کم دوورە لە باشوری بێستون، چەندین شوێنەواری نیشتەجێبوونیان لێ دۆزیوەتەوە، بەڵام هیچ کەلوپەلی قوڕیان لێ نەدۆزیوەتەوە (وەکو گۆزە و قاپ). بەڵام هەندێک ئێسقانی ئاژەڵیان لێ دۆزیوەتەوە. ئەو مرۆڤانە لە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆراک نەبوون، واتە هەر لەسەر ڕاو ژیاون. هەروەها لە گردی ئاسیاب، نزیک گردی ‘گەنجی’یە چەند کەلوپەلێکی سەرنجڕاکێشیان دۆزیوەتەوە وەک: هەندێك کەلوپەل دروستکراوە لە بەردی ئەستێ ‘Flint’، هەندێک ملوانکە و مەدالیە کە لە بەردی ئاسایی دروستکراون، چەند دیوارێک دەبیندرێت کە لە مەڕمەڕ دروست کراوە، لەگەڵ هەندێک شێوەکاری لە قوڕ دروستکراو، لەگەڵ پاشەڕۆکی مرۆڤ.[1] ئەمەش بەڵگەیە مرۆڤێكی زۆر لەو ناوچانە ژیاون.

جێرشمان ‘R. Ghirshman’ دەڵێ ژن لەو کۆمەڵگایە سەرەتایەدا بە هەندێک کار هەڵساوە بە جۆرێک توانستێکی تایبەتیان هەبووە، پاسەوانی ئاگر بوون، هەروەها ژن داهێنەری گۆزە بووە. ژن بەناو شاخەکاندا گەڕاوە بۆ دۆزینەوەی ڕوەکی تەندروست تاوەکو بۆ خواردن بشێن، هەروەها لێزان بوون لە ڕوەک ناسین بە جۆرێک چاودێری ڕوەکیان کردووە و تاقیان کردۆتەوە ئەگەر بگونجێ بۆ کشتوکاڵ، یەکەم هەنگاوی ژنان بۆ ئەو کارەیان لە ناوچە پانتاییە باراناویەکان بووە. وە دەردەکەوێ پیاو ڕۆلێکی کەمی هەبووە لە پێشکەوتنی شارستانیەت. لە سەردەمی بەردینی نوێدا، ژن ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە لە داهێنان. لەوانەشە ژن باڵا دەست بووبێ لەو سەردەمانەدا. لەو کۆمەڵگایە سەرەتاییانەی کە ژن ڕۆڵی تێدا هەبووە، ژن فرە پیاوی هەبووە، ژن کاروباری تیرەگەرایەتی بەرێوە بردووە، پلەی بەرزی ئایینی هەبووە، میراتگری بنەماڵە لە ڕێگای ژنەوە بووە، لە ڕێگای ژنەوە خوێنی خێزانی گوازراوەتەوە. ئەوە سیستەمی ئەو کۆمەڵگایە بووە کە ژن تەیدا باڵادەست بووە. ئەمەش لە بەرزایەکانی ناوچەی ئیران بووە. ئەو دابونەریتانەش پەرش بووە بەناو ئاریەکاندا، کاتێك ئاریەکان هاتونەتە ناوچە بەرزایەکان.[2] ئەمەش ئەوە دەردەخات ئاریەکان لە ئێران نەبوون، واتە هەر لە زاگرۆسەوە بەرەو ئێران کۆچیان کردووە. نوسەرە ئەوروپیەکان زۆر جار بێ ئاگا لەیەکتری یاخود بە ئەنقەست مێژووەکە چەواشە دەکەن، زۆر جار دەڵێن ئاریەکان لە ئێران نەبوون و کۆچیان کردووە بۆ ئێران، ئیتر پرسیارەکە ئەوەیە، ئاریەکان لە کوێوە هاتوون؟ ئەگەر ئەو مێژووەی هێرۆدۆتس ڕاست بێت کە دەڵێت بە میدیەکانیان وتووە ئاری. کەواتە پرسیارێکی تر لەلامان دروست دەبێ. نوسەرێکی وەک مایکل دەڵێ تا سەردەمی کوروش میدیەکان نەهاتونەتە میزۆپۆتامیا. ئیتر پرسیارەکە ئەوەیە، میدیەکان یاخود ئاریەکان لە کوێوە هاتوون؟ ئەگەر لە ئێران و میزۆپۆتامیا نەبووبن کەواتە هەر دەبێ لە خێزانەکانی زاگرۆسەوە تەشەنەیان کردبێ، لە دوایدا بونەتە هۆز و نەتەوە. کەواتە لەگەڵ دەستپێکی شارستانیەت ئاریەکان یاخود میدیەکان هەبوون.

ناوچەی ئێران و زاگرۆس و میزۆپۆتامیا بەبەردەوام جێگای ژیانی مرۆڤەکان بووە. بۆ نمونە ‘سوسە پایتەختی ئیلام بووە لە ماوەی پێنج هەزار ساڵدا بە بەردەوامی ژیانی تێدا بووە. سوسە لە سەردەستی ئاشوریەکان لەلایەن ئاشورپانیپاڵ لە سەدی حەوتی پ.ز تێکدرا.[3] بەڵام پاش تێکدانیشی لەو ناوچانە هەر ژیانی تێدا هەبووە و نەبۆتە ناوچەیەکی خاپور و وێران.

شوێنەوارە دۆزراوەکانی سەردەمی میدیا

هەرچەندە زۆرێک لە جێماوەکان ماوە بەڵام زۆرێکیش لە بەڵگەنامەکان بزر بوون یان بە ئەنقەست لەناوبراون، بۆ نمونە شاری سیپار شاریكی بابلی بووە، ئاسەواریكی زۆری لێ دۆزراوەتەوە، ئەو ئاسەوارانە زیاتر لە سەد هەزار بەڵگەنامەی تابلۆیی مێژوویی بوو. لە مۆزەخانەی نیشتمانی عێڕاق پارێزرا بوو. لە پاش ڕوخانی ڕژێمی سەددام هەمووی تاڵان کران. ئەو بەڵگەنامانە لەناو سندوقی دار پارێزرابوون، سندوقەکان شکێندرا و بەڵگەنامەکان تاڵان کران و ژمارەی کەتەلۆگی ئەو بەڵگانە هەمووی سوتێندران.[4] ئایا دەبێ چەند بەڵگە هەبووبێ ناوی میدیا و میزۆپۆتامیای تێدا باس کرابێ. وا دەردەکەوێ ئەو بەڵگانە تا ئێستا وەرنەگێڕدرابن. بێگومان لە ناو بەڵگەکانی بابلییەکان دا دەبێ دەیان بەڵگە هەبێ لەسەر کاسیەکان و میدیەکان چونکە ئەو دوو زلهێزە ڕۆڵێکی گرینگیان هەبووە لەسەر بابل.

مایکل ئاماژە بە چەند ئاسەوارێکی دۆزراوە لەناوچەی هەمەدان دەکات، زۆر بە سنوورداری لێکۆلینەوەی لەسەر کراوە، مێژووەی ئاسەوارەکان دەگەڕێتە بۆ سەردەمی پێش هاخامەنشینەکان. ئەوانەی دۆزراونەتەوە خشتی لاکێشەیە و جیاوازە لەگەڵ خشتی هاخامەنشینەکان کە خشتی چوارگۆشەیە. وە دوو شوێنەواری تر دۆزراوەتە دوور نییە لە هەمەدان ئەویش ‘تەپ-نوشی-جان’ و ەگۆدین- تەپ’ە. لەو شوێنانە چەندین گۆزەی لێ دۆزراوەتەوە، مێژووەکەی دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ئاسنی سێهەمی کە دەکاتە سەردەمی حەوت بۆ شەشی پ.ز. ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە مایکل دەڵێ زۆرێک لە ئاسەواری تر هاودەمە لەگەڵ ئەو سەردەمانە، هەرچەندە لێکچوون هەیە لە جۆری سیرامیک کە لە کوردستان دۆزراونەتەوە وەک لە ‘بابا-جان’ و ‘سورخ دەم’ لە لوڕستان، وو ‘زیویە’ و ‘زیندانی سلێمان’ بەڵام لە دەرەوەی خاکی میدیەکان داندراوە. بەڵام ئەوانەی سەردەمی شەشەمی پ.ز گومانی تێدا نییە دەکەوێتە خانەی میدیەکانەوە. ئەوەی باباجان زۆر سەرنج ڕاکێشە چین و توێژی سێهەم کە سوتاوە و چینی دووهەم بەسەریدا دروستکراوەتەوە. توخم و چینەکانی هاوشێوەیە لەگەڵ ‘نوشی جان’ و ‘گۆدین’. ئەوەش دەرئەنجامی ئەوەمان دەداتێ لەو سەردەمانەدا ناوچەی میدیا بۆ ئەو شوێنانە پەلیکێشاوە. ئەو شوێنەی ‘نوشی جان’ شوێنەوارێکی ئایینی بوو لەسەر گردۆلکەیەک دروست کراوە و ٧٠کم دوورە لە باشووری خۆرهەڵاتی هەمەدان. ئەو شوێنە لە چوار یان پێنج جۆری خشت دروست کراوە. یەکەمجار ئەو شوێنە دروستکراوە، ناوەڕاستەکەی پەرستگا بووە و لەسەر ترۆپکی گردەکە دروست کراوە، لە ناوەڕاستی پەرستگایەکەش شوێنی ئاگرکردنەوە بووە. دیوارەکانی بە نەقش و نیگار ڕازاندراوەتەوە ئەو جۆرە نەقش و نیگار و بیناسازیە لە ‘پیرسەپۆلی’ و ‘دەهانی گولامان’ و ‘کوشی خواجە’ و ‘شاری قومیس’ لە ئیران، وە لە ‘تەلجەمێش’ لە فەڵەستین دەبیندرێت. ‘گودین تەپە’ شوێنەوارێكی ئایینی میدیە هاوشێوەکەی لە دوو شوێنی تر دەبیندرێت وەک لە عێڕاق بە ناوی ‘تیل گوبا’ ئەوەی تر لە تورکیا بەناوی ‘تیل هویوک’.[5]

ڕامان:

ئەگەر بە وردی سەرنج بدەینە ئەو نوسینانە چەندین ڕامانمان دەبێ بۆ نمونە:

زۆرجار پێمان دەگوترێت زانیاری زۆر نییە لەسەر میدیەکان یان میدیەکان ئاسەوارێکی زۆر زۆریان نییە. ئەوەی تێبینی دەکرێ، بە درێژای تەمەنی دوژمنی کورد، ئاسەواری میدیەکان تێکدەدرێت و ئەسوتێندرێت و تاڵان دەکرێ. یاخود کەلوپەلەکان هەمیشە لە مۆزەخانەکان بە ناوی ئێران یان عێراق دائەندرێت، یان زۆربەی جار کەلوپەلەکان بۆ نەتەوەی پارس دەگەرێنەوە ئەویش بەهۆی جلوبەرگی نەقشەکانە یاخود کەلوپەلەکان مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی هاخامەنشینەکان. بەڵام ئەوەشمان لەبیر دەچێ پارسەکان تەنانەت لە جلوبەرگیش لاسایی میدیەکانیان دەکردەوە. کەوابوو بۆچی زۆربەی هێما و ئاسەوارەکان بۆ میدی نەگەرێتەوە؟

لە یەکێک لە پەرتوکە ئەکادیمیەکانی تر باسی هەندێک شوێنەواری کوردستان دەکات و دەڵێ: زێویە دەکەوێتە ناوچەی کوردستان و ٤٠ کم لە سەقز دوورە. لەگردێکدا چواردەورەی بە دیواری بەردین دەوردراوە. زۆرێک لە کەلوپەلی زێرین دۆزراوەتەوە هەندێکیان لە موزەخانەی تارانە و هەندیكیش لە مۆزەخانەی لەندەنە، زۆرێکیش دزراوە. یەکێک لەو کەلوپەلانە پشتێندێكی زێرینە نەخشی باڵندە و ئاژەڵی لەسەر نەخشێنراوە. سەیر لەوەیە چونکە لێکچوونێکی هەیە لەگەڵ ئەو پشتێنەی لە ڕوسیا و ثاسیەکاندا هەیە بۆیە نوسەر دەڵێ ئەمە لەوانەیە میدی نەبێ، بەڵکو لەوێوە هاتووە و لەوانەیە سەرۆک خێڵێکی میدی لەو گۆڕەی ناشتبێ. سەیرە ئەو پشتێنە مۆرکی میدی پێوەیە کەچی بەزۆر هەر دەیکەن بە ڕوسی یان ثاسیەکان. یاخود لوڕستان لە کوردستان دابڕاوە و بە هەرێمێک و نەتەوەیەکی تر داندراوە، وەک دەبینین ١٦٧ پارچەی برۆنزی لە مۆزەخانەی لەندەنە ئیمڕۆ بەناوی ئێران و لوڕستان داندراوە[6] پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئەو کەلوپەلە بە میدی دانەندرێت بەڵام نوسەر لە خۆیەوە بۆچوونێک دەخاتە ناو پەرتوکەکەی و دەڵێ لەوانەیە کەسێكی میدی ئەو پشتێنەی لە ڕوسیاوە وەرگرتبێ. ئایا ئەمە لە هیچ دەقێکی مێژوودا هەیە؟ بۆچ ئەو پشتێنە و دەستونەخشی میدیەکان نەبێ و گەیشتبێتە روسیا؟

هەمان نوسەر دەڵێ ئێمە نازانین میدیەکان لە چ سەردەمانێک هاتونەتە ناو ئێران بەڵام لەسەدەی نۆی پێش زایین لە بەڵگەنامەکانی ئاشور ناوی میدیمان بەرچاو دەکەوێ. لەسەردەمی تیلاثی سێهەم (٧٤٤-٧٢٧ پ.ز) و سەرگۆن (٧٢١-٧٠٥ پ.ز) و ئیسراهادۆن (٦٨٠-٦٦٩ پ.ز). هەرهەمان نوسەر دەڵێ میدیەکان لە ناوچەی ساگیرتی جێنیش دەبن و دەبێتە ناوەندی بەڕێوبەرایەتی میدیەکان، پاش ئەوەی ئاشوریەکانیان روخاند ئینجا بەرەو تورکیا هەڵكشان و ناوچەی ئەنادۆڵ دەکەوێتە دەستیان و لە دواییدا بەرەو بەکتریا هەڵدەکشێن کە لە باکووری ئەفغانستانە.[7]

لێرەدا پرسیار دروست دەبێ، ئەگەر میدیەکان لە ئێران نەبووبن ئەی بۆچی کەلوپەلی میدی لە ئێران دەدۆزرێتەوە دەڵێن ئەوە لە دەرەوەی ئێران هاتووە بۆ میدیەکان ناگەرێتەوە. جیاوازی نێوان جلوبەرگ و کەلوپەل بۆتە جیاکردنەوەی نەتەوەکان. لە کاتێکدا بۆ میدیەکان ئەگەر کەلوپەلیان هەبێ دەڵێن لە میللەتانی تریان هێناوە. بۆنمونە چەندین نەخشی هەڵکۆڵدراو هەیە کە مرۆڤی باڵدار لە چواردەوری داری پیرۆزە، لەگەڵ کەلوپەلی تر وەک شمشێر کە دۆزراونەتەوە، نوسەر دەڵێ جێگای گومانە ئەو کەلوپەلانە بگەرێتەوە بۆ میدیەکان.[8] هەروەها گەنجینەیەکی زۆر دۆزراوەتەوە بە گەنجینەی ئوکسیس ناسراوە. لەو گەنجینەیەدا کەلەوپەلەکان بە کەلوپەلی میدی دەچێت بەڵام ئەو کەلوپەلە دەگەرێنەوە بۆ پارسەکان چونکە ئەو سەردەمە بە سەردەمی داریوس ناسراوە.[9]

ئەو چەواشەکاریە کە دەکرێ لە ڕێگای پەرتوک و فیلم وای لە ڕۆڵەی میللەتی کورد کردووە متمانەی بە خۆی نەمینێ و بڵێ کوا شارستانیەتی کورد؟

 

لە نمونەیەکی تردا، دکتۆر ‌أحمد أمین پەرتوکێکی نوسیوە لەسەر ئێران، زۆربەی ئاسەوارەکان کە دۆزراونەتەوە کەوتۆتە ناوچەی کوردستان، بەڵام نوسەر هەموو ئەو شوێنانە بەناوی ئێران ناودەبات. کاتێک ئاماژە بە سەردەمی بەردینی نوێ دەکات، باسی گوندەکانی ئێران و بەرزاییەکانی ئێران یان عێڕاق دەکات، ئاماژە بە ناوچەی چەرمۆ و حسونە و حلوان دەکات. بەڵام ناوی کوردستان ناهێنێت بەڵکو هەموو ناوچەکانی کوردستان بەناوی ئێران و عێڕاق ناودەهێنێت. یان کاتێک باسی زاگرۆس دەکات کە ناوچەیەکی سەرەکیە بۆ سەرهەڵدانی کشتوکاڵ باسی شاندەر و چرمۆ دەکات ئەوانەش بەناوچەیەکی عێڕاقی ناوی دەهێنێت بەهەمان شێوە بۆ لوڕستانیش بە ئێران ناوی دەبات. دەیان شوێنی تر وەک گردی سەراب دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی کرماشان، لەو گردەدا ئاسەواری گوندنشینەکانیان لێ دۆزیوەتەوە و کەلوپەلیان لە قوڕ دروست کراوە، لەگەڵ پاشماوەی فستەق دۆزراوەتەوە، ئەمەش وا دەردەکەوێت ئەو مرۆڤانە بە کشتوکاڵەوە خەریک بوون. لەو شوێنە پاشەڕۆکی مرۆڤ دۆزراوەتەوە، لەگەڵ ئێسقانی ئاژەڵ. ئەوەش دەیسەلمێنێ مرۆڤ توانیویەتی بزن ماڵی بکات، بەڵام دیسان ئەو ناوچە گرینگە مێژووییە هەر بەناوی ئێرانەوە لە قەڵەم دەدرێت. هەروەها گردی پیسدێلی  دەکەوێتە ناوچەی ئازربایجان نزیک دەریاچەی ئورمێ لەگەڵ گردی ‘گێوی’ و گردی ‘یانیک’ دەکەوێتە ناوچەی ئورمێ، ئەو ناوچانەش دەکەونە کوردستانەوە. دەیان کەلوپەلی گۆزە و قاپ لە قوری سورکراوە دروستکراوە. ئەو هەموو ئاسەوارانە هەمووی بەناوی ئێرانەوە ناوزەد دەکرێ.[10]

هەموو ئەو شوێنەوارانە کە مۆرکی میدیا و گەلی کوردی پێوەیە بە سەدان بیانو نەوەک بە بەڵگە ئەیسڕنەوە و مۆری ئێران و عێراقی لێ دەدەن.

کوردستانی گەورە شوێنی ژیاری هەزارەها ساڵ پێش زایینە، لە هەموو چەرخەکاندا هەزاران کەلوپەلی لێ دۆزراوەتەوە. بەڵام بە داخەوە ئەو هەموو ئاسەوارانەی ئیمڕۆ هیچی لە کوردستاندا نەماوە یان چۆتە ناوەندی وڵات وەک بەغدا و تاران و ئەنقەرە و سوریا یان دزراون و چونەتە ناو مۆزەخانەکانی جیهان وەک لەندەن و پاریس و ئەڵمانیا. وە ئەو شوێنەوارە دێرینانەش زۆر جار لە لایەن ئاسەوارناسەکان و مێژوونوسەکانەوە بەناوی عیراق و ئێرانەوە ناوزەدیان دەکەن. لە نمونەیەکی گرینگدا، ئەبینین دوو شوێنەواری گرینگی کوردستان وەک دیرینکو کە شارێکە لە ژیر زەوی دۆزراوەتەوە لەگەڵ گۆبیک-تەپە کە پەرستگایەکی دەهەزار ساڵەی پێش ئێستایە، هەردوو شوێن بە ناوی ناوچەی تورکیا ڕۆیشتووە، لە کاتێکدا تورک و تورکیا میژوویان ناگەرێتەوە بۆ حەوت سەد ساڵ پێش ئێستا. بونی وڵاتێکی وەک کوردستان پێویست و گرینگە تاوەکو شوێنەوارەکان بە ناوی کوردستان لە قەڵەم بدرێت.

لێرەدا ئاماژە بە قەڵای هەولێر و حەڵەب دەکەم، ئەو دوو شوێنە مۆری کوردی لێ نادرێت یان دەخرێتە پاڵ ئاشوریەکان یان هەر بە ناوی ئەو وڵاتانەوە باس دەکرێ.

بۆ نمونە، لە یەکێک لە گۆڤارەکانی کورد کە لە ساڵانی ١٩٧٠ بڵاودەکرایەوە بە ناوی هەولێر، باس لە گردی ‘قالیچ’ لە ناوچەی سنووری هەولێر دەکات کە لە ساڵی ١٩٦٩ دانشگای شیکاغۆ هاتبوون و لەو گردە هەڵکۆڵینیان کردبوو، گەردانەیەکی زێر و چەندین پەیکەرێکیان دۆزیبۆوە کە مەزەندە کراوە بۆ ٤٠٠٠ ساڵ پێش مەسیح. ئەو کەلوپەلانە مۆرکی ئاریەکانی پێوە بووە کە لە ماوەی ٤٠٠٠ ساڵ پ.ز شەپۆلی ئاریەکان هاتوونەتە ئەو ناوچانە.[11] کەواتە لە هەولێر و قەڵای هەولێر  بەر لە ئاشوریەکان ئاریەکان تێیدا نیشتەجێ بوون. هەروەها هاوشێوەی قەڵای هەولێر قەلای ‘حەلەب’ە لە سوریای ئیمڕۆدا، ئەو قەڵایەش هەر مۆرکی عەرەب و سوریای لێ دەدەن. بەڵام زۆر ڕونە بەر لە هاتنی ئاشوریەکان بۆ سوریا، هیتیەکان و میتانیەکان نیشتەجێی ئەو شوێنە بوون، لەو شوێنەدا ئاسەوارێکی زۆری هیتیەکان و میتانیەکانی تێدا دۆزراوەتەوە،[12] کەواتە پێش هاتنی ئاشوریەکان ئەو قەڵایە هەبووە، کەواتە بێگومان ئەو قەڵایە لە دروستکردنی هیتیەکان بووە یان پێش هیتیەکان. کەچی لە گۆڤارەکان هەر بەناوی سوریا و قەڵای عەرەب باس دەکرێ.

 

کەواتە مۆرکی کوردیان لە ناوچەکانی کوردستان سەندۆتەوە یان شێواندویانە. ولیام جاکسن کە سەردانی دێگەڵەی ناوچەی ورمێ دەکات، دەڵێ گردی ‘ئاش’ هەموو وێنە و پەیکەرەکانی تەیدا شێوێندراون.[13] بۆیە دەبینین ئەو ناوچانە زۆربەی شێواندراوە یان مۆرکی کوردیان لێ ستێندراوەتەوە.

جگە لەوەی ئاسەوارێکی زۆر لە کوردستان دۆزراوەتەوە بەڵام هێشتاش هەزارن شوێنی دێرین ماوە، تا ئێستا نەمان دۆزیوەتەوە.

نەک کەلوپەلەکان مۆرکی کوردی لێ دەستێندرێتەوە بەلکو هێماکانیش لەناو دەبەن. زۆر جار هێمای جیاواز لەناوچەی میزۆپۆتامیا و ناوچەی زاگرۆس دەبیندرێت وەک ئەستێرە، خۆر، مار، شێر.

لە ناوچەی ئیلام ئاسەوارێکی زۆر دۆزراوەتەوە نوسەر ‘Agnes Spycket’ ئاماژەی پێ دەدات، نەقشی ماری تێدا هەڵکۆڵراوە. زۆرێک لەو ئاسەوارانە لە مۆزەخانەی فەرەنسای لۆڤەر پارێزراون.

بۆ نمونە عەرشێک لە مار دروست بووە وەک لەو وێنەی خوارەوە نیشان دەدرێت.[14]

ئەستێرەی چوار سەر یان هەشت سەر لە گەلانی زاگرۆسی بەکارهاتووە، هەتا سەردەمی سەڵاح الدینی ئەیوبی ئەو هێمایانە بەکارهاتووە. هێشتاش لەسەر دیواری پەرستگای ماردین و دیواری سەرسنوری ئەو شارە ئەو هێمایە ئاسەواری ماوە.

،

 

هێمای فرەوهەر یەکێکە لە هێما دێرینەکانی میزۆپۆتامیا. ئەم هێمایە تەنانەت لەسەر تابوتی فیرعەونەکانی میسر وێنە کراوە. بارۆن دەڵێ ئەم ‌هێمایە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠٠٠ ساڵ پ.ز. بەڵام وا دەردەکەوێ پاش ٢٦٠٠ پ.ز لە میسر سەری هەڵداوە. لە بۆچوونی بارۆندا ئەو هێمایە میسر لە میزۆپۆتامیا وەرنەگیراوە بەلکو لە سروشتدا وەرگیراوە.[15] لەهەمان سەرچاوەدا لە لاپەڕە ١٧٨ دەڵێ ئەو هێمایە پەیوەندی بە گلگامێشەوە هەیە.

ئەوەی جێگای سەرنجە هێمای فرەوهەر لە نەخشەکانی ئاشوری بەدی دەکرێ. سەیری ئەو وێنەی خوارەوە بکە.[16]

 

بەڵام ئەگەر بە وردی سەیری هەردووک هێما بکەین ئاشوری و زاگرۆسیەکان ئەوا جیاوزەیەکی بەرچاو بەدی دەکەی جیاوازیەکەش لە قاچ و باڵەکان بەدی دەکرێت.

بەڵام دیسان ئەوەی سەرنجە بۆ من، نوسەرەکان بۆچونی خۆیان دەدەن لەسەر هێماکانی ئێمە و ئیتر ئەو بۆچونەش زۆرجار بەبێ بەڵگە دەبێتە دەقێکی مێژووی و ئەکادیمی، هەربۆیە ئەو چەواشەکاریە بۆتە هۆکاری لەناوبردنی شکۆی کورد و خۆی بەرامبەر دوژمنانی بەکمبزانێ. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئەبێ مێژوونوسانی کورد بە چاوێکی تر و بە هزرێکی ڕۆشەنتر مێژووی خۆی بنوسێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە ئەکادیمیای ئەوروپا بخرێتە ژێر لێکۆلێنەوەی ورد و شکۆیەک بۆ ڕابوردوی کورد بگەڕێتەوە.


[1] أحمد ‌أمین سلیم، ٨٨-٩٢، ١٠٤-١٠٦.

[2] هەمان سەرچاوە، ١٠٧.

[3] Kriwackzek, 5.

[4] Ibid., 254.

[5] Curtis, Later Meopotamia and Iran 62-66.

[6] Curtis, Ancient Persia, 27-8.

[7] Ibid., 34, 38.

[8] Ibid., 35.

[9] Ibid., 64.

[10] أحمد ‌أمین سلیم، ١١١-١١٢، ١١٩-١٢٠، ٢٦٩، ٢٧٢-٢٧٤.

[11] مجید عمر، هەولێر، قەڵاتی هەوڵێر و پرۆژەی رێکخستن (هەوڵێر: چاپخانەی کوردستان، ١٩٧١)٦.

[12] صبحي صفوان، قلعة حلب (حلب: الملحق الرئسی في المدیریة العامة للاثار و المتاحف، ١٩٦٧)، ١٤.

[13] William Jackson, Persia Past and Present, A Book of Travel and Research (London: Machillan & Co. Ltd., 1906), 93.

[14] Curtis, 28-9.

[15] Baron Max Von Oppenheim, Tell Halaf: A New Culture in Oldest Mesopotamia (London: G. P. Putnam’s Sons, 1933), 102-5.

[16] Julian Reade, Assyrian Sculpture (London: The British Museum Press, 2013), 37, 62.