٦. ١ ئامێر و داهێنەرەکان و دۆزینەوەکانی گەلانی زاگرۆسی

٦. ١ ئامێر و داهێنەرەکان و دۆزینەوەکانی گەلانی زاگرۆسی

شارستانیەت و تەکنەلۆژیای ئیمڕۆ بەرهەمێکی هەڵتروقاوی ئەو سەردەمە نییە، ئەگەر هەر ئامێرێکی پێشکەوتوو شیتەڵ بکەی ئەوا بنەماکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی دێرین کە لەسەردەستی گەلانی زاگرۆسی دروست بووە. ڕەخنەیەکی توندی هزریی ئاڕاستەی ئەو نوسەرانە دەکرێ، ئەوانەی هەمیشە شارستانیەت بۆ ئەورپا و ئەمەریکا دەگەڕێننەوە، ئەمەش بەردی بناغەکانی هەر ئەو شارستانیەتەی ئەوروپا بە پێنوسی خۆیان ئەروخێنن. ئاخر ناکرێ باڵەخانەیەک بە بێ بناغە دروست بکرێ، ناکرێ ئەو هەموو بەرهەمەی ڕابوردوو فەرامۆش بکرێ. شارستانیەتی ئیمڕۆ قەرزاری شارستانیەتی رابوردووە، ناکرێ وامەزەندە بکەین شارستانیەتی ئەوروپا لە پڕ هەڵترۆقیبێ. ئەگەر ئەو داهێنانەی ئەورپا بێ بناغە بوایە ئەوا هەرگیز ئیمرۆ گەشەی نەدەکرد.

٦. ١. ١ داهێنانەکانی بەرجەستەی و نابەرجەستەی (بەشی یەکەم)

با لێرەدا هەندێک ئامێر و داهێنان لەگەڵ چەند داهێنانێک و دۆزینەوەیەکی مەینەوی (نابەرجەستە) باس بکەین، با بزانین ئەو تەکنەلۆژیایەی ئیمڕۆ دەتوانێت بەبێ ڕابوردوو پێش بکەوێ و داهێنان بکات؟ بۆ نمونە:

گالیسکە بە بەرهەمی یەکەمین ئامێری گوازتنەوە دادەنرێت. هەر لەسەر بنەمای گالیسکەوە ئیمڕۆ ئامێرەکانی تر دروست کراوە، تایە کە شێوەی خڕە هەمان ئەو شێوە ئەندازەیەی هەیە کە ئیمڕۆ دروست دەکرێ. کەواتە بناغەی ئەو ئامێرە نابێ فەرامۆش بکرێ و ستایشەکە و پێزانینەکەی تەنها بۆ ئێستا بێت.

میسریەکان لە میتانیەکان شێوازی گالیسکەیان وەرگرت کە دوو شاسوار لەسەر گالیسەکەکەن یەکیان جلەوی ئەسپەکەی گرتووە ئەوەی تر جەنگاوەرە. بەڵام لەسەر بەردە هەڵکۆڵدراوەکانی تەل حەلەف یەک ئەسپ دەبینرێت. بەڵام لە شەنگار و تەلەحەلەف دوو ئەسپن بەڵام لە ئور چوار ئەسپ بەدی دەکرێ. [١]

کشتوکاڵ: یەکێکە لە داهێنان و بەنرخەکانی گەلانی زاگرۆسی کە هێشتا مرۆڤ بەردەوامە لەسەری کشتوکاڵە، هێشتا مرۆڤ ناتوانێ بەرهەمی کشتوکاڵ فەرامۆش بکات و تەنها لەسەر بەرهەمە خۆرسکەکان بژی.

لە کوردستاندا، کشتوکاڵ ڕەگوڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠٠٠ ساڵ پ،ز. ئاسەوارناسێكی ئەمەریکی لە کوردستانی باشوور هەرچەندە ئەو بە باکووری ئێراق ناوی دەهێنێ، گوندیكی کشتوکاڵی دۆزیەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠٠٠ ساڵ پ.ز. [٢]

بە دۆزینەوەی گەنم لە چەرمۆ، ئەوەمان بۆ دەردەخات کورد داهێنەر بووە لە دروستکردنی نان و بەرهەمەکانی گەنم. بەرهەمی هەر ئەو گەلەیە تا ئیمڕۆش مرۆڤایەتی پەیوەستە پێوەی و ناتوانێت بەبێ نان بژێیە.

هەر سەبارەت بە کشتوکاڵەوە دەبینین ئەو کەلوپەل و ئامێرانەی بەکارهاتوون، لە دروستکردنی گەلانی زاگرۆسی بووە وەک: داس و دەستاڕ و گاسن و شەن و بێل و خاکەناس. تەنانەت تەکنەلۆژیا کشتوکاڵیەکانی سەردەمیش هەمان بنەمای ڕابوردوویان هەیە. وە ئەگەر وردبینەوە لە خوانەکانی ئەوروپی کە چەقۆ و چەتاڵ بەکاردەهێنن هەمان شێوازی ئامێرە کشتوکاڵیەکانە بە بچوکراوەیی.

هەر سەبارەت بە بەرهەمەکانی کوشتوکاڵ، یەکێک لە داهێنانەکانی زاگرۆسی دروستکردنی ‘نان’ بووە. دروستکردنی نان بە چەند هەنگاوێک تێپەر دەبێت، پاش دروێنەی گەنم کە خۆی ئەو پرۆسەیە بە چەند هەنگاوێك تێپەر دەبێت، لە چاندنی گەنمەوە هەتا دروێنەکەی کارێکی سەختە و زۆری ویستووە. لە پاشان ئەو گەنمەیان هاڕیووە و شێلاویانە و بە ئاگر برژاندویانە. دروستکردنی نان بەیەک هەنگاو نەبووە تاوەکو بڵێین دۆزراوەتەوە بەڵکو بە چەندین هەنگاو تێپەڕیووە. ئایا چۆن بیریان لەو هەموو پرۆسەیە کردۆتەوە؟ ئەشێ یەکەمجار گەنمیان بە ڕووتی خواردبێ، کاتێک بە ددان هاڕیویانە گەنمەکە شێلدراوە، لە دوایدا بە ئاگر برژاندویانە، لە ئەنجامدا نانێکی بە تامیان بەردەم کەوتووە. هەربۆیە بیریان لە خوان و سێل و تیرۆگ کردۆتەوە و پرۆسەکەیان گەورە کردووە. تا وای لێهاتووە هەموو ناوچەکانی زاگرۆسی گرتۆتەوە.

جل و بەرگ، ڕستن و  چنین یەکێکە لە گرینگترین دا‌هێنانەکانی مرۆڤ، تا ئێستاش ناتوانێت دەستبەرداری بێت، هەم بۆ گەرمکردنەوە و هەم بۆ جوانکاری و پۆشینی جەستە بەکاردێت. هەموو ئەو ئاسەوارە دۆزراوانەی لە میسڕ کۆنترن، مرۆڤەکان پۆشتە بوون، واتە ئامێری ڕستن و چنینیان هەبووە.

ئاژەڵداری، لەناو کورد دا، جگە لە کشتوکاڵ بایەخێکی زۆر دراوە بە ئاژەڵداری. ناوچەی جوگرافیای زاگرۆس زۆر گونجاو بووە بۆ ئاژەڵداری، گەلانی زاگرۆس توانیویانە لە بەرهەمی ئاژەڵە ماڵیەکان سود وەربگرن بە دروستکردنی ماست و پەنیر و ژاژی. شان بە شانی کشتوکاڵ توانیویانە ئەو گەلانە لە برسیەتی و لەناوچوون ڕزگار بکەن.

بەهۆی ئەو کارزانیەی کە هەیان بووە لە زانستی ئاژەڵداری، توانیوشیانە داهێنانی تێدا بکەن. خەڵکی دێهاتەکان بە هۆی تەکنیکێک، گوێدرێژ و ماینیان لێک دەدا تاوەکو هێستر دروست بکەن. یاخود لە موتربەکردنی ڕوەکدا شارەزا بوون، هەروەها لە بەرهەمی ترێ توانیویانە شەراب بەرهەم بهێنن. ئەمانە لە داهێنانی گەلانی زاگرۆسی بووە، کە تا ئیمڕۆش لە جیهاندا بەکاردێت.

میدیەکان خۆشەویستیان هەبووە بۆ ئاژەڵیش، لە یەکێک لە پەیکەرەکان لە مۆزەخانەی فەرەنسا بینیم، کەسێکی میدی ئاژەڵێکی لە باوەش کردووە بە پێچەوانەی هەندێک پەیکەری تر ئاژەڵیان ئازار داوە.

بەنداو، گەلانی زاگرۆسی پێش زیاتر لە دووهەزار ساڵ توانیویانە بەنداو دروست بکەن یان بۆ کۆگکردنی ئاو یان بۆ کاری سەربازی. لە یەکێک لە بەڵگەکان باس لەوە دەکرێ میدیەکان توانیویانە بەنداوێک دروست بکەن و ئاوەکە بەرەڵا بکەن تاوەکو شورەی نینەوا بڕوخێنن، هەندیک دەڵێن ڕێچکەی ئاویان گۆڕیوە بەرەو شورەکانی نەینەوا.

یەکێک لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی سەردەمی ساسانیەکان دروست کردنی بەنداوێک بووە بۆ گرتنەوەی ئاوی فوڕات. لە مێژووی تەبەری داهاتووە، کاتێک خالیدی کوڕی وەلید هێرش دەکاتە سەر ناوچەی ‘الحیرة’، دەسەڵاتداری حیرة کوڕەکەی دەنێرێت تاوەکو ڕێچکەی ئاوی فوڕات بگوازێتەوە و ڕێگری لە بەلەمەکانی موسوڵمانان بکات.[٣] ئەمەش بەڵگەیەکە ساسانیەکان توانای ئەوەیان هەبووە بەنداوێک دروست بکەن کە ئاوی ڕوباری فوڕات بگرنەوە.

هێڵی شەمەندەفەر، لەسەردەمی ‘صلاح الدین ایوبي’ جۆرە چەکێکیان بەکارهێنا بۆ تێکشکاندنی دەروازەی قەڵاکان. ئەو ئامێرە جەنگیە وەک گالیسکە بووە، تایەکانی لە شێوەی ڕەوڕەوەی شەمەندەفەری ئێستایە. دوو هێڵی ئاسنیان دادەنا وەک سکەی ئێستا، وە دەرگاشکێنەکەش وەکو شەمەندەفەر بە سەریدا دەڕۆیشت و بە نوکەکەی لە دەروازەی شوراکەی دەدا. ئەوەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە ئەم چەکە شێوازێک بووە لە شێوازی شەمەندەفەرێکی بچوک بەڵام بە هێزی بازو کاری کردووە نەوەک هێزی میکانیکی ئێستا.

کۆمپیوتەر، گەلانی زاگرۆسی سۆدێکی زۆری لە ئاگر بینیوە بەڵام بەڵگەیەک نییە کە ئەوان ئاگریان دۆزیبێتەوە. جگە لە سودوەرگرتن لە ئاگر بۆ خۆگەرمکردنەوە و خۆراک و خۆپارستن لە ئاژەڵی دڕەندە و ڕوناککردنەوەی ڕێگا، هەروەها ئاگریان بەکارهێناوە بۆ هێما نەهێنیەکان.

کۆمپیوتەر لەسەر بنەمای باینەری کۆد کار دەکات، ئەو باینەریەش لە یاسای تەلەگراف هاتووە. بە کورتی باینەری کۆد و تەلەگراف لەسەر بنەمای کوژانەوە و پێکردنی تەزوی کارەبا دێت. کاتی خۆی میدیەکان سەدەها گردی دەستکردیان دروست کرد وە ئاگر هێمای نێوانیان بووە. تولێکیشیان هەبووە لەکاتی ڕاوەشاندنی ئاگرەکە ئەو تولەیان لە پێش ئاگرەکە دائەنا و لای ئەبرد بە چەند دەرخستنێک و شاردنەوەی ئاگرەکە، لە هێماکان تێگەیشتوون. [٤] محمد ڕەزا شا پەهلەوی لە پەرتوکی ‘وەڵام بۆ مێژوو’ ئەو شارستانیەتە دەکاتە موڵکی ئێران [٥]بەڵام لە ڕاستیدا ئەو جۆرە هێمائاگریانە تایبەتە بە میدیەکان چونکە ئەو گردانە هێشتا لەناوچەی میدیا بەرچاو دەکەوێ نەوەک ئەو ئێرانەی کە محمد ڕەزا شا پەهلەوی باسی دەکات.

وشکە-کەلەک، یەکێک لە داهێنانەکانی زاگرۆسی دروستکردنی دیوار و خانوو بە جۆری وشکە کەلەک بووە. ئەم جۆرە دیوارانە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان ئەبیندرێت، پێشینانی کورد ئەو زانستەیان هەبووە بەردەکان بەیەکەوە یەکدەگرن بێ ئەوەی هیچ توخمێکی تریان لەگەڵ تێکەڵ بکرێت.

گۆبین، لەلایەن مۆگەکانی میثرای و زەردەشتی بەکارهاتووە. گۆبین وشەیەکە دامتاشیوە بۆ ئەو گۆیە کریستاڵیەی کە مۆگەکان بەکاریان دەهێنا. ئەوان پێشبینیەکانیان لەو گۆبینە ئەبینی. ئەو گۆبینە لە ئەوروپا بە گۆی کریستاڵ [٦] بەناوبانگە. جادوگەرەکان بەکاری دەهێنن. بەڵام مێژووی نوسراو ئەوەمان پێ دەڵێ کە جادوگەری چەند سەدەیەک لە مەوبەر ئەو تۆپە-کریستاڵەیان داهێناوە.

ئەوەی لە تەختی قسقاپان دەبیندرێت، دوو مۆگ، هەندێک کەس دەڵێن کەیخوسرەوە. دەستیان لەسەر ئەو گۆبینە داناوە. بە ڕای من ئەوە گۆبینە نەک ئاگر. ئەگەر سەیری وێنەکە بکەین لە ئاگر ناچێت. ئاگر شێوەی گۆیی نییە. لە مێژووی نوسراودا باس دەکرێ یەکەمجار لەسەدەی یەکەمی زایینی، پلینی باس ئەو گۆبینەی کردووە کە بەکارهاتووە لەلایەن ئەو کەسانەی داهاتوو دەخوێننەوە. [٧] ئەو گۆبینەش لە چیرۆکی ‘الف اللیلة و لیلة’ باس کراوە. کەواتە ئەو گۆبینە لە ناوچەی میزۆپۆتامیا بەکارهاتووە و مۆگەکانیش پێشەنگ بوون لە بەکارهێنانی جادو و ئەستێرەناسی.

دەشێ لە ڕابوردوودا دەیان نەهێنی بەمشێویە هەبێ هەروەک ئەو کەللەسەرە کریستاڵەی (The Crystal Skulls) [٨] کە ئیمڕۆ لە چەند شوێنێک دۆزراونەتەوە. ئەگەر ئەو کەللە کریستاڵە زانیاری هەموو دونیای تێدا کۆکرابێتەوە وەک زانایان باسی دەکەن ئەی بۆچی گۆبین بوونی نەبووبێ؟

ئەو گۆبینە ئەگەر کریستالی بێت یان لە هەر توخمێکی تر دروستکرا بێت، ئەوا لە ناو ئاینەکان بەکارهاتووە. ئەبینین لە پەیکەری ‘بودا’دا گۆیەکی لەدەست دایە، هەروەها لیناردۆ داڤینشی زۆر کاری لەسەر نەهێنیەکانی مەسیح کردووە وە بە شێوەی وێنەکێشان دەریبڕیوە کە ناسراوە بە کۆدەکانی داڤینشی. لە یەکێک لە تابلۆکانی بەناوی ‘Salvator Mundi’ ئەبینین مەسیح گۆیەکی لە لەپی دەستی چەپی دایە. بێگومان نەهێنی زۆر هەیە لە نێوان مۆغەکانی زەردەشتی و مەسیح کە ئەشێ لە بەرگی دووهەمی ئەم کتێبە باسی بکەم.

ئامێری جەنگ، گەلانی زاگرۆسی هەر لەسەرەتای دەستپێکیان کەلوپەلی جەنگییان بەکارهێناوە وەک شمشێر و خەنجەر و تیرکەوان و قەلغان و کلاوی جەنگی. لە دواییدا دەستێکی باڵایان هەبووە لە دروستکردنی مەنجەنیق. بە سود وەرگرتن لە ئاگر و نەوت توانیویانە بەردەکان بە نەوتی ڕەش سواغ بدەن و ئاگراوی بکەن ئنجا بیهاوێژن.

فڕین، ڕامانێکم لەسەر عباس بن فرناس هەیە کە بە بنەچە ئەمازیغی بووە. ئەو زانایە شارەزایی هەبووە لە زانستی ئەستێرەناسی و بیرکای و کیمیا، هەروەها یەکەم کەس بووە هەوڵی فڕینی داوە. هەرچەندە تیرەکانی کورد لە مەغریب ژیاون، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە عباس بن فرناس کورد بوبێت. بەڵام ئەوەی جێگای تێرامانینە بۆ من وشەی ‘فرناس’ە. لە زمانی کوردیدا وشەی ‘ناس’ پاشگرێکە بۆ زانایەکی خاوەن زانستێک، وەک ئەستێرە-ناس، دەرون-ناس، سەر-ناس… هتد. ئەگەر وشەی فرناس بە وشەیەکی لێکدراو دابنێین واتە دەبێتە ‘فڕ-ناس’ واتە کەسێک شارەزا لە زانستی فڕین. ئایا وشەی ‘فرناس’ تەنها ڕێککەوتە لەگەڵ وشەی ‘فڕ-ناس’. ئەمە تەنها بۆچونە و ئەشێ لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکرێت.

ئەم یاسا بنەڕەتیانە لە تەکنەلۆژیای ئێستا بەکاردێت لە یاسا بنەڕەتیەکانی شارستایەتی دێرین هاتووە. وە زۆر گرینگە دان بەوە دابنێین شارستانیه‌ت ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وان یان ئێمه‌ ته‌نها خاوه‌نی بین بەڵکو مرۆڤایه‌تی هه‌مووی به‌شداره‌ له‌و شارستانیه‌ته‌ی ئیمڕۆ.

[1] Baron Max Von Oppenheim, Tell Halaf: A New Gulture in Oldest Mesopotamia (London: G. P. Putnam’s Sons, 1933), p.150, 172.

[2] John Robertson, Iraq A History (London: Oneword Publication, 2015), p.14.

[3] تاریخ الطبري، ج٤، ص ٣٦. باب: حدیث یوم المقر وفم فرات بادقلی.

[4] لەبەر ئەوەی ئەو گردانە ئاسەوارێکی زۆری تێدایە ناتوانم شوێن و ناوەکانی بدرکێنم بەهۆی ئەو قاچاغچیانەی کە ئاسەواری کوردیان تاڵانکرد و فرۆشتیان. بەڵام هەموو وێنە و نەخشەکانم لەلایە، هەر کاتێک کوردستان بوو بە وڵاتێكی سەربەخۆ و ئەو کاتە ئەم شوێنانە ئاشکرا دەکم تاوەکو لە مۆزەخانەکاندا بەناوی کوردستان تۆمار بکرێ.

[5] محمد ڕەزا شا پەهلەوی، وەڵام بۆ مێژوو، و. سەعید سەیدی (هەولێر: چاپخانەی ڕۆژهەڵات، ٢٠١٢)، ١٨.

[6] تۆپی کریستاڵ: مێژووی نوسراو دەڵێ لە سەدەی یەکەمی زایین هاتۆتە کایەوە و پاشان لە سەدەی پێنجەم لە ڕۆما زۆر باوی هەبووە پاشان لە بەریتانیا بە تایبەتی شاژن ئیلیزابێسی یەکەم زۆر بایەخی پێداوە. بەڵام تۆپی کریستاڵ (گۆبین) لەسەردەمی میدیەکان بەکارهاتووە و وێنەی قسقاپان بەڵگەی حاشا هەڵنەگرە.

[7] https://en.wikipedia.org/wiki/Crystal_ball#cite_note-Pliny-2

 [8] تا ئێستا ١٣ کەلەسەری کریستاڵ دۆزراوەتەوە، بە پێی خەڵکی ڕەسەنی ئەمەریکا دەڵێن هەر کریستاڵەی زانیاری لەسەر هەسارەیەک کۆکردۆتەوە، هەموو زانیاریەکانی مرۆڤایەتی لە کریستاڵیکدا کۆکراوەتەوە، ئەگەر ئەو سێنزدە کریستاڵە بەیەک بگەن ئەوا گەورەترین هێز دروست دەبێ.