کورتە وەڵامێک بۆ کاک سەروەر پێنجوێنی، سەبارەت بە پارسەکان و چەند چەمکێکی تر

لە بەرواری ٣١ /٨ی ئەم ساڵ، چاوپێکەوتنێکم لە کۆک بڵاوکرایەوە سەبارەت بە هەندێک چەمکی مێژووی کورد، لە بابەتێکدا باسی پەیوەندی نێوان پارسەکان و جووەکانم کرد، دیارە ئەم بابەتە بۆ کورد بابەتێکی نوێ بووە، بۆیە هەر زوو هەندێ ڕەخنەی بێ بنەما گیرا چونکە زۆرێک لە خوێنەری کورد هەر دەقە نوسراوەکانی مێژوو پەسند دەکەن بۆیە هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێ و تێزی نوێ قبول ناکرێ. کاک سەروەر لە وتارەکەیدا پێشنیار دەکات دەبوایە پێش ئەوەی ئەو بابەتە بڵاوبکەمەوە بۆچونەکانم بخستبا ژێر دەستی کەسانی پسپۆر و شارەزا. من سوپاسی دەکەم ئەگەر ئەو کەسێكم بۆ دەستنیشان بکات کە لەو بوارەیە شارەزا بێت بەلایەنی کەم وەک من ٢١ ساڵ خەریکی لێکۆڵێنەوە بێ لە مێژووی کورد و ئایینە سامیەکان، سوپاسی دەکەم کەسێکم بۆ دەست نیشان بکات لێکۆڵینەوەی کردبێ لە تەلمودێکی دە هەزار لاپەرەیی کە من زیاتر لە بیست ساڵە لەو بوارەیەوە لێکۆڵینەوە دەکەم نەوک کەسێک لە گوگل پشکنین بۆ بابەتەکان بکات، کەسێک بەلایەنی کەم شارەزا بێت لە ئایینی سامیەکان و زاگرۆسیەکان. بەڵام ئەبوایە کاک سەروەر کە هاوڕێ بووین خۆی پەلەی نەکردبا لە بڵاوکراوەکەی و پرسێکی کردبا تاوەکو سەرچاوەکانم خستبا بەردەستی و خۆی نەکەوتبا ئەو هەڵەیە کە زۆر پەلەی کرد لە بڵاوکردنەوەی وتارەکەی.

لێرەدا ئەو کورتە وەڵامە پێشکەشە بە کاک سەروەر و هاوڕیان.

بەر لەوەی بێمە سەر وردەکاریەکان دەبێ چەند بابەتێک باس بکەین تاوەکو بەرچاوڕونیەکمان هەبێ هەرچەندە لە چاوپێکەوتنەکە ئاماژەم بەو وردەکاریانە داوە بەڵام دیارە کاک سەروەر بە وردی سەرنجی نەداوەتە ئەو وردەکاریانە.

یەکەم: دەبێ شیکاری بۆ مێژوو بکرێ نەوەک هەر دەقە کۆنەکان بڵێینەوە، ئەگیان ئەگەر هەر لەسەر دەقە کۆنەکان بڕۆین ئەوا مێژووی کورد سەراپا سەرلێشێواویە و چەواشەکاریە بۆیە دەبێ شیکاریمان بۆ مێژوو هەبێ.

دوو: ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی لە دووهەزار ساڵ پێش زاین نزیکەی پەنجا ملیۆن بووە هەرچەندە ئەو ژمارەیە هەڵەیە ئەبێ زۆر کەمتر بووبێت. ئەگەر ئەو ژمارەیە دابەشی سەر گۆی زەوی بکەین ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە ئەو کاتە هیچ نەتەوەیەک لەسەر گۆی زەوی نەبووە هەمووی لە قۆناغی هۆز بووە وە هەندێک لەو نەتەوانەی ئیمرۆ لە قۆناغی بنەماڵە بوون، وەک فارسەکان.

سێ: مادەکان یەکەم نەتەوە بوون لە ئەنجامی یەکگرتنی هۆزەکانی زاگرۆس، ئەو کاتە ئاشوریەکانیش هەر هۆز بوون. شارەکان بچوک بوون، لەشکرەکان ژمارەیان کەم بووە، شارێکی وەک هەولێر لە ساڵانی ١٩٠٠ هەر قەڵات و چەند گەرەکێک بووە، ‘جەیمس فرێسەر’ لە ساڵی ١٨٤٠ هاتۆتە بەغدا دەڵێ ژمارەی دانیشتوانی بەغدا نزیکەی سەد و پەنجا هەزار کەسێک بووە، بۆیە ئەو ئامارانە جێگای سەرنجە بۆ ئەوەی لە نەتەوە و هۆز تێبگەین. بۆیە کاتێک دەچینەوە دووهەزار ساڵ پێش زاین ئەوا ژمارەی دانیشتوانی میزۆپۆتامیا زۆر کەم بووە بۆیە هەموویان لە قۆناغی هۆز دابوون.

چوار: ئەگەر ئەو ئامارە بە بنەما بگرین و مێژووی هاخامنشینەکان هەڵسەنگێنین ئەوا ئەوان لە قۆناغی بنەماڵە بوون. واتە نەتەوە نەبوون، ئەو بنەماڵەیە لە ناوچەی پارس ژیاون. لە دوایدا بنەماڵەکە گەشە دەکات بەناوی شارەکەیان نەتەوەیەک دروست دەبێت، ئەو نەتەوەیەش قۆناغێکی زۆری ویستووە. کاتێك ئەو بنەماڵەیە دەسەڵات دەگرنە دەست و بۆ ماوەیەکی زۆر دەستڕۆشتوو دەبن بۆیە بەناوی شار و هەرێمەکەیان دەستەواژەیەکی نەتەوایەتی دروست دەبێت. بەڵام دەبێ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە بکەین ئایا ئەو بنەماڵەیە بە بنەچە خەلکی کوێ بوون؟ لە دواجاریش ئەگەر بە سەرچاوە مێژوویەکاندا بچینەوە ئەو بنەماڵەیە لەگەڵ خێزانی تر و لە سەردەمی ٣٣٠ پ.ز لەگەڵ خێزانی یۆنانیەکانیش تێکەڵ دەبن.

پێنج: زۆرێک لە مێژوونوسان ئاگاداری ئەو دەقە نین کاتێک سەرگۆنی دووهەم هێرش دەکات سەر جووەکان، جووەکان ڕاگوێزی ناوچەی مادەکان دەکات. واتە ئەو کاتە مادەکان لە قۆناغی نەتەوە دابوون. کەواتە پێش ئازادکردنی بابل لەلایەن کوروش جووەکان لەناوچەی میدیا ژیاون. هەروەها قۆناغێکی دورتریش هەیە بەر لە سەرگۆنی دووهەم، کاتێک موسا چل ساڵ جووەکان لە بیابانی سینا دەهێڵێتەوە و پیرەکان دەمرن وە لە نەوەی نوێ خێزانی نوێ دروست دەبێ، ئەو چل خێزانەی کە دروست دەبێ پەرتیان دەکات بەناو هۆزەکانی میزۆپۆتامیا و ناوچەی باکوری ئەفریکا و ئاسیا. بۆیە ئەشێ پێش سەرگۆنی ئەکەدی جووەکان لە ناوچەی میدیا ژیا بن.

شەش: ئەگەر پارسەکان لە قۆناغی هۆز بوون بۆچی نەهاتوونەتە ناو مادەکان و بۆچی لەگەڵ هۆزە زاگرۆسیەکان یەکیان نەگرتووە، یان لە هۆزی زاگرۆسی نەبوون یان لە قۆناغی هەر بنەماڵە بوون لە ناوچەی پارس.

ئەمانە چاوڕونیەکە بۆ کاک سەروەر و خوێنەران تاوەکو لە پارسەکان تێبگەین.

پارس و بنیامین و شوان

کاک سەروەر دەقێکی وەرگێران لە تەلمودی فەلەستینی بەشی ‘بەرەخۆت’ دێنێت، ئاماژە بەوە دەکات کە بنیامین فارسی بووە. ئەشێ مرۆڤ هەڵە بکات کەس لە ئێمە هزرێکی تەواو و ئاوزەنێکی ڕوونی سەد لە سەد نییە بۆیە ئەو بابەتی کاک سەروەر وای خواست جارێكی تر بەسەر بابەتەکە دابچمەوە بەڵام دەقێکم نەدی بڵێ بنیامینی فارسی یاخود باسی فارسێک بکات، ئیتر نازانم لە چ سەرچاوەیەک ئەو بنیامینە فارسەی هێناوە. هەروەها ئەوەی لە بیرچووە جوو نەتەوەن جووی فارس و جووی کورد و جووی عەرەب نییە، بەڵکو دەتوانین بڵێن جووی کوردستان یان جووی ئێران. بەڵام لێرەدا لە نوسیەنەکەی ئاماژە بەوە دەکات کە بنیامین فارس بووە و بۆتە جوو، هیچ کاتێک مرۆڤی ناجوو نابێتە جوو تەنها منداڵەکەی لە ڕێگای ژن و ژنخوازی دەبێتە جوو نەوەک خۆی ببێتە جوو. جوو نەتەوەیەکە و ئاینێکی تایبەت بە خۆی هەیە ئەو ئایینەش تەبشیری نییە وەک ئاییەنەکانی تر.

خاڵێکی تر من لە چاوپێکەوتنەکە ئاماژەم بە سەرچاوەی رابی دکتۆر ئیهرمان کردووە کە ئەو تەلمودی لە عیبریەوە وەرگێراوە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی. ئەو سەرچاوە بریتیە لە لێکدانی هەردووک تەلمود و توانجی خۆی نوسیەوە، لە توانجەکەدا دەڵێت [ هەمان ڕوداو لەلایەن شوانێک راپۆرتکرا کە ئێستا پێی دەگوترێت پێرشیان (جوو)]. ئەم دەقە دەقێكی زۆر ڕوونە کە شوانکار پێی دەگوترێت پارس. ئەو پارسەش جوون. ئەگەر مەبەستی راهیب ئیهرمان ئەوە بووایە کە فارسێکی جوو، ئەوا دەقەکەی بەم شێوەیە دەنوسی پێرشیان جوو. ئەو توانجەی ئیهرمان لەسەر ئەو بڕگە بووە [ بینیامینی شوان، لە خواردنی نان، وتی ستایش بۆ خاوەن ئەو نانە. راڤ وتی ئەو کاری خۆی ئەنجامدا]. واتە ئەو شوانە بە هیچ شێوەیەک باسی بنیامین ناکات، چونکە دەڵێ هەمان ڕوداو لەلایەن شوانێک راپۆرتکرا واتە هەمان چیرۆکی بنیامین لەلایەن شوانێکی تر، بەڵام کاک سەروەر بەهەڵە لەو دەقە تێگەیشتوە چونکە ئەو دقە ئینگلیزیەی لەلا نییە ئەو دەقە لە ئۆینلاینیش نییە بەڵکو لە ئەرشیفی کتێبخانەی زانکۆی مانچستر هەیە. بەرێز کاک سەروەر لە کوێ باسی شوانی فارسی کراوە و ئەو دەقەت لە کوێ هێنا؟ بە تکا وێنە و  بەڵگە دابنێ. بەڵام بە تکا سەرچاوەیەک دامەنێ کە لە فارسیەوە هاتبێ، چونکە فارسەکان زۆر باش ئاگاداری ئەو دەقەن و چەواشەکاریان تێدا کردووە.

هەروەها کاک سەروەر دەڵی “یەهودا کاک ماکۆ بە باسێكی ئایینەکە دەزانێت”، ئەوەی من ئاگادار بم یەهودا یاخود یەهدود بۆ ئایین بەکارد دێت و وشەی ‘یەهودیم’ بۆ نەتەوە بەکار دێت، بۆیە باسی منیش ئەوەیە عەرەبەکان وشەی یەهودی بۆ نەتەوە و ئایین بەکاردێنین بە هەڵە بەکاردەهێنن چ پەیوەندی بە منەوە هەیە ئەوا عەرەب تێکەڵی دەکەن لە ناوەکان، نەوەک من.

ئایا جووەکان لەسەردەمی کوروش نیشتەجێی ئێران بوون؟

لە سەرتا ئاماژەم بەوە کرد جووەکان لەسەردەمی سەرگۆنی ئەکەدی نیشتەجێی ناوچەی مادەکان بوون، دیارە کاک سەروەر ئاگاداری ئەو دەقە مێژووییە نییە.

لە وتارەکەیدا ئاماژە بە دەقی لولەکی کوروش دەکات کە لەوێ ناوی خوداوەندی مەردۆکی کردووە، بۆیە ئەو دەقەی پەیمانی کۆن ڕەت دەکاتەوە. لێرەدا ئەو باسە دەخەمە ڕوو ئایا ئەو لولەکە تا چەند جێی متمانەیە، من لە وتارێکدا لەسەر لولەکی کوروش نوسیومە گومانێکی زۆر هەیە ئەو لولەکە دروستکرابێ لەلایەن ئاشوریەکانی سەردەمی نوێ. بۆیە ناوی خودای مەردۆک و سۆمەری نوسراوە. لەسەر ئەو بابەتە تا ئێستا نامەم بۆ چەند پسپۆری ئارکیۆلۆجی ناردووە کە پشکنین بۆ لولەکی کوروش بکرێت. جارێ ئەو بابەت ساغ نەکراوەتە ئەگەر ساغیش بکرێتەوە لولەکی کوروش ساختە نەبێ دیارە کوروش یاری بە خوداوەندەکان کردووە و لەلایەک بە ناوی مەردۆک و لەلایەکیش بەناوی یەهوا. دیسان کاک سەرورە ئاگاداری ئەو دەقە نییە لە پەیمانی کۆن یاخود خۆی کردۆتە شیکەرەوەی پەیمانی کۆن و ئەو هەموو هاخامی یەهود ڕەت دەکاتەوە و خۆی تەفسیری بۆ دەکات. ئەو دەقەی ئیزرا کە دەقێکی ڕوون و ئاشکرایە ئەو دەیەوێت چەواشەی بکات و بلێت بەم شێوەیە نییە کە کاک ماکۆ تێیگەیشتووە. دەقەکە زۆر ڕوونە دەڵێت: یەهوا! خوداوەندی ئاسمانە، هەموو شانشینەکانی ئەم زەویەی دامێ. کاکی برا، ئەو ناوی خوداوەندی یەهوا دێنێت، ئیتر کوروش مۆری لێ دەدات کە یەهوا خوداوەندنی ئاسمانە. لە دوایدا دەڵی هەموو شانشینەکانی دامێ، دەق لەوە ڕوونتر؟؟؟ بەڵام کاک سەروەر وا تێگەیشتوە کە کەسی سێهەم ئەو نزایەی کردووە.

حاخام-نشین و هاخام-نشین

کاک سەروەر لێکدانەوەی بۆ هاخامنشین لێکدانەوەیەکی فارسیە وە نایەوێت لێکدانەوەیەکی لۆژیکانەی بۆ بکات، خۆی دەبوایە هەموو کەسێک ئەو ڕەخنەیە لە من بگرێت تەنها کاک سەروەر نەبێت، چونکە ئەو بەرێزە لەسەر ڕیشەسازی ماوەیەکە کاردەکات سەدان وشەی کوردی ڕەسەنی گەڕاندۆتەوە بۆ سەر زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی. بۆیە لام سەیرە ئەو هاوبەشیە نزیکەی لە نێوان هاخام و حاخام زۆر لای ئەو دوور بێت. بۆ نمونە لە وتارێکیدا وشەی ‘پێمەڕە= پێ-مەڕە’ی کوردی کردووە بە وشەی عەرەبی. لە کاتێکدا هەزاران ساڵە کورد کشتوکاڵ دەکات و ئامێری کشتوکاڵی بەکاردەهێنێ تۆ بڵێی کورد ئامێرێک بەکاربهێنێت و ناوی بۆ دانەنابێ، خۆ وشەکە زۆر روونە ‘پێ -مەڕە’ ئەو ئامێرەیە کە پێی مرۆڤی تێدا بەکاردێت. ئیتر ئەو وشە کوردیەی کردۆتە عەرەبی کەچی وشەی هاخام و حاخام زۆر لێکی دوورکردۆتەوە لە کاتێکدا هەموومان ئەوە دەزانین دەنگی ‘هـ’ دەگۆرێت بۆ دەنگی ‘حـ’ یاخود بە پێچەوانەوە.

ئەستێرە و کڵاوی داود

مێژووێکی نەزاندراو هەیە سەبارەت بە وێنەی کوروش کە ئەستێریەکی پێنج سەرەی تێدا نەخشکراوە، لە بنەچەدا دەڵێن ئەو ئەستێرەیە لەسەر ئەنگوستیلەکەی سلێمان نەخشکراو، بەڵام بەپێی هەندێک ڕا مێژووەکەی کۆنترە. ئەو کڵاوەی کوروشیش مێژووەکەی دیار نییە کێ دروستی کردووە، هەرکەسێک دروستی کردبێ، پاشخانێکی مێژووی و زانستی هەبووە، هەروەها لەسەر پەیکەرەکەی کوروش دروستکراوەتەوە بەڵام پەیکەرەکە هێندە کۆنە بۆیە دیار نییە ئایا ئەستێرەی داودی تێدا نەخشکراوە یان نا. ئەگەر فارسەکانیش خۆیان بە دوور بگرن لە جوو، ئەوا لە مێژبوو فارسەکان ئەو وێنەیان لا دەبرد و هێمایەکی زاگرۆسیان دائەنا. کاک سەروەر ئەگەر شارەزایی هەبێ لە ئایین و مێژوو کە دوو زانستی ئاوێتەن ئەوا دەزانێ هێما چەند گرینگە!! ئایا موسلمانێکت دیوە ئاڵای ماسۆنیەت لەسەر ماڵەکەی هەڵبکات، یاخود هێمای ئیسرائیل لە ماڵەکەیدا هەبێ!!  ئەستێرەی پێنج سەر لە لایەن جووەکان بەکارهاتووە نمایش لە پێنج کتێبەکەی پەیمانی کۆن دەکات کە تەوراتی پێ دەگوترێت. لە دوایدا مەسیحیەکان بەکاریان هێناوە. سەبارەت بەوەی كڵاوی یەهودی بێیت یان بابلی بێت. لە کتێبەکەم بەمچەشنە شیکاریم کردووە:

کوروش و دیواری ئۆرشەلیم

کاک سەروەر پێی وایە من هەڵەم کە کوروش تاڵانکەری سەروەتی مادەکان بووە، وە بەو سەروەتە ئۆرشەلیمی ئاوەدان کردۆتەوە و دیواری ئۆرشەلیم چاکراوەتەوە، ئەوەتا لە دەقی ئیزرا دەڵێ :

یەهوا! خوداوەندی ئاسمانە، هەموو شانشینەکانی ئەم زەویەی دامێ. ئەو ڕایسپاردوم لە ئۆرشەلیم پەرستگایەکی بۆ دروست بکەم کە لەناو جودەیە’یهوذا =یەهوذایە’. کێ لە ئێوە سەر بە گەلەکەی ئەوە (واتە جوو) با خوداکەی خۆی لەگەڵ بێت و بەرەو ئورشەلیمیی یەهودا بڕوات. پەرستگاکەی یەزدانی خودای ئیسرائیل بنیات بنێتەوە. هەر کەسێکیش ماوەتەوە لە هەرشوێنێک کە تێیدا ئاوارەیە (واتە جووەکان) با دانیشتوانی شوێنەکەی بە زێڕ و زیو و کەلوپەل و ئاژەڵی ماڵی یارمەتی بدەن لەگەڵ ئەو بەخشینە ئازادانەی کە دەیبەخشن بۆ پەرستگای خودا، لە ئۆرشەلیم

ئایا نابێ کاک سەروەر تۆزێک خۆی خەریک بکات بە شیکردنەوەی مێژوو، ئەوەی کاک سەروەر چاوەڕێیە دەقێک هەبێ لە مێژوو بڵێت، کوروش ئۆرشەلیمی ئاوەدانکردۆتەوە لەسەر حیسابی مادەکان و تاڵانی کردووە. کاکی برا مێژووی کورد بەمچەشنە ڕاست ناکرێتەوە، ئێمە دەبێ هەرچی دەقی مێژوویی هەیە شیکاری بۆ بکەین، بریا بەرێزتان بیست ساڵێک خەریکی مێژووی کورد بان و ئیتر ئەو توانستەی خۆتان لە خووگرتن بە مێژووی نوسراودا سەرف نەکردبا. کاتی ئەوە هاتووە شیکاری بۆ مێژوو بکەن.

یەهودیەکانی ئێران

لام سەیرە کاک سەورەر ئامارێک دەخاتە ڕوو کە جووەکان بیست و پێنج هەزار کەس بن لە ئێران، لە کاتێکدا خۆی دەڵێت دووهەزار پێنج سەد ساڵە جووەکان لە ئێران دەژین. سەیرە ئەو رێژەیە زیادی نەکرد بێت لە کاتێکدا بە هاتنی ئیسلامیش ئەوان لە جەنگدا نەبوون و تەنها سەرانەیان داوە. کەچی ئیمرۆ ژمارەیان زیادی نەکردبێ.

سەبارەت بە یارمەتیەکانی ئیسرائیل بە چەکی قورس بۆ ئێران لە جەنگی دژ بە عێراقدا، بە پروپاگەندە دەزانێ، لە کاتێکدا دەیان بەڵگە خراوەتە ڕوو ئیسرائیل لەو جەنگەدا یارمەتی ئێرانی داوە. خۆ ئەگەر ئەمریکاش بێت، ئایا کۆمپانیاکانی چەک و کۆنگرێسی ئەمریکا چەندیان جوون و چەندیان مەسیحین؟

کوردی شوانکارە

کاک سەروەر زۆر بە هەستیاریەوە دەیەوێت ئەو تێزە فارسیە بسلمێنێ کە کورد لە زمان و کەلەپوری فارسیدا بە شوانکارە ناویان هاتووە و ئەیەوێت ئەم دەقە بکاتە ڕاستینەی مێژوو بەڵام لای حەیفە ئەیمرۆ ئەو مێژووە ڕاست بکرێتەوە بەڵکو پارس بە مانای شوانکارە هاتووە. من لە کتێبەکەم لە ڕامان لە مێژووی کورد بە تەواوەتی ئەو دەقە فارسیەم هەڵسەنگاندووە کە ناکرێ کورد شوانکارە بوبێت و لە دوایدا ئەو پیشەیە ببێتە دەستەواژەیەکی نەتەوایەتی.

کەی و کاوە

کاک سەروەر دیسان دەکەوێتەوە ئەو هەڵەیە و بە پەلە وتارێکی نوسی بێ ئەوەی لە دەقەکە بکۆلێنتەوە دەڵێ کاک ماکۆ پەیوایە کاوە ‘کەی خوسەرو’ وە ‘کاوە خوسەرەو’ە. لێرەدا ئەو دەقە دەخەمە ڕوو لە یەشت باسکراوە هەم دەقی ئاڤێستای و هەم وەرگێرانەکە کە چۆن چەواشەکراوە.

بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە بگەڕێوە بۆ سەرچاوەی کتێبەکە یاخود وتارەکەم لەسەر نەورۆز لە ماڵپەرەکەم.

سەرنجەکانی تر

چەند تێبینیەک ناوی نەورۆز لەسەر زاری یەما نەهاتووە بەڵام لە یەشت هۆم ئەو بۆنەیە دەگێردرێت کە لە دوایدا زەردەشتیەکان بە نەورۆزی لە قەڵەم دەدەن چونکە هەردووک بۆنە بۆنەی نوێ بونەوەیە. بگەرێوە بۆ ئەو سێ سەرچاوە.

  • Rohinton F. Nariman, Zoroastrianism in Other Faiths (India: Repro knowledgecast Limited, 2021),  166;
  • Dr. Kersey H. Antia, Enigmatic Response of Three Dastujis to the United Zarthoshti Calendar, 1994, 1.
  • Jenny Rose, An Introduction Zoroastrianism (London: I.B. Tauris & Co Ltd., 2012), 27.

گالیسکە، لە وشەیەکی لێکدراو پێکهاتووە بگەرێوە بۆ سەرچاوەی ‘ئۆجەلان: لە دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەرەوە بەرەو شارستانییەتی دیموکراسییانە – بەرگی 1″

مادەکان یەکەم نەتەوە بوون لە یەکگرتنی هۆزەکان دروست بوون، بەرێز کاک سەروەر نەتەوەیەکم پێ بلێ وەک مادەکان دروست بوبن وەک پێشتر ئاماژەمان کرد هەموو جیهان لە قۆناغی هۆز بوون، هەر بۆ زانیاریت کە رێژەی دانیشتوانی چین لە ژمارەی میزۆپۆتامیا زیاتر بوون، ئەوان لە ٢١٠ پ. ز بوون بە نەتەوە.

لێکدانەوەی مانای زاگرۆس دەتوانی بگەریێەوە بۆ ‘رابطة المثقفين الكورد’

هیچ بەڵگەیەکت نییە بۆ ئەوەی ناوی ‘حەمە’ بۆ ناوی ‘محەمەد’ هاتبێ ئەگەر ئەمە دەستێکی جوو نەبێ. هەروەها من وتومە نازناوی محمەد بۆتە حەمە، بەڵام وشەی سووکەلەم بەکار نەهێناوە، خۆم و خۆت ئەگەر ڕەخنەگری ئایینی بین و بووین، قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان لە زاری من بیستوتە سوکایەتی بە ناوی پەیامبەری ئیسلام کردبێ هەرچەندە من موسلمانیش نیم، هەمیشە بە ڕێزەوە ناوم هێناوە و سوکایەتیم بە هیچ پێغەمبەر و پەیامبەرێك نەکردووە، ئیتر بۆچی وشەی سووکەڵە بەکار دەهێنی، ئەمە نازناوە نەوەک سوکەڵە. وابزانم هاوڕێی ئازیز هەردووکمان لە ئەدەبیاتی کوردی شارەزاین، بڕۆکەیەکیش لە سیاسەت دەزانین.

گاتاکان تەنها ١٠٠ دانە ماوە دەتوانی بچیتەوە سەر بەشی یەسنا . ئیتر ئەو ١٣٠٠ دێرەت لە کوێ هێناوە؟ لە بنەڕەتدا دوو ملیۆن گاتا بووە لەسەر دەستی ئەسکەندەر لەناو چووە، بگەرێیوە بۆ ئەو سەرچاوانە

  • Pliny the elder, The Natural History, Vol. 30.2.
  • Jenny Rose, An Introduction Zoroastrianism (London: I.B.Tauris & Co Ltd., 2011, 2012), 71-2.
  • S. A. Nigosian, The Zoroastrian: Tradition & Modern Research (London: McGill-Queen’s University Press, 1993), 33, 46-8.
  • Piloo Nanavutty (translated and Commentary), The Gathas of Zarathushtra Hymns in Praise of Wisdom (India: Mapin Publishing Pvt. Ltd., 1999), 12-3.
  • John W. Waterhouse, Zoroastrianism (London: The Epwoth Press, The Book Tree, 1934, 2006), 45-6.

لە ڕاستیدا کاک سەروەر ئێوە و هاوشێوەکانتان دەستان داوەتە پرۆژەیەک، ئێمەی خەمخۆری مێژووی کورد بە کەسایەتی ناسیۆنالیست و نائەکادیمی لە قەڵەم دەدەن. لە کاتێکدا ئەو هەموو سوکایەتیە بە کورد دەکرێ بەرێزتان بۆ جارێکیش وەڵامی دوژمنکاریە فارس و تورک و عەرەبەکانتان نەداوەتەوە. تەنها لەوە ئازان بلێن ئێمە ئەکادیمین و مێژووی کورد ناهێلین چەواشە بکرێت، بەڵام کوا مێژووی ڕاستەقینەی کورد لای ئێوە؟ ئەو مێژووەی کە پێمان بڵێن کوردی شاخاوی و شوانکار، شوانکاری پیشەیەکی شەرمەزاری نییە بەڵام ناکرێ ئێمە خاوەنی دەیان پیشەسازی و کشتوکاڵی بوبین کەچی ناوی شاوانکارە بۆ نەتەوەی کورد بەکاربێت. لە ڕاستیدا ئێوە کارێكی خۆبەخشانە دەکەن بۆ دوژمن و نەهیچی تر. من ئەگەر ٢١ ساڵە بە وردی لێکۆلێنەوەم کردبێ ئایا ئێوە چەند ساڵە خەریکی مێژووی کوردن؟  ئەگەر ئێوە هەر دەقە کۆنەکان ببێژنەوە و شیکاری بۆ نەکەن، ئەوا قەت کورد مێژووی خۆی پێ ڕاست ناکرێتەوە. من لەگەڵ ئەو هەموو لێکۆڵینەوەی کە کردوومە هێشتا دەڵێم هیچ نازانم، کەچی ئێوە زۆر بە ڕەهایی و بە ئیستفزازی وتار دەنوسن وەک ئەوە وایە هەق لای ئێوە بێت و ئێمە هیچ نەزانین، لە وتارەکەت غروریەتێک هەیە وەک ئەوەی هەموو بابەتەکانی من هەڵە بێت و ئیتر لە دەرفەتێکدا وەڵام دەدەیتەوە، بەڵام وا تێنەگەی منیش بە غروریەتەوە وەڵامم دابێتەوە بەڵام دەبێ ئەو ڕاستیەش بڵێم ٢١ ساڵی ڕێکە من بە وردی کار لەسەر مێژووی کورد و ئایینەکان دەکەم. برا گیان من لە ڕەخنە ناترسم و فەرموو ئازاد بە لە ڕەخنە گرتن بەڵام ڕەخنەکان بنەمای هەبێ نەوەک شێواندنی ڕاستیەکان بێت، خۆم ڕەخنە لە مێژووی نوسراو دەگرم و چاوەڕێی ئەوەشم ڕەخنەم لێ بگیرێ.

لەگەڵ ڕێزی بێ پایانم

ماکۆ ساوین