فریجیا ‘Phrygian’ 

فریجیا ‘Phrygian’ 

فریجیا یەکێک بووە لە شانشینە دێرینەکانی ئاسیای ناوەڕاست، زۆر بە کەمی لەلایەن هەرۆدەتەس باس کراوە. ئەو شانشینە دەکەوێتە باکووری کوردستان و ناوی پایتەختەکەی ‘گۆردیۆم’ بووە.  

گلۆڤەر لە کتیبەکەیدا دەڵێ ‘ئاسیای بچوک هەمیشە جێگای تێکەڵاوی نەژادەکان بووە، هەندێك نەژاد لە چەند خێڵێکی تر دروست بوون، داگیرکەران لە ڕێگای دەریای ڕەش و لە وشکانیش لە ڕێگای میدیا و میزۆپۆتامیاوە هاتوون. دوو نەژاد زۆر یۆنانییەکان پێوەی سەرسورماو بوون ئەویش لیدیا و فریجیان بوون.[1] 

سەبارەت بە ئایینی فریجیا ئەوەندەی لێزاندراوە، خودایەکی ژنیان هەبووە بەناوی سیبێل[2] ئەو ژن-خودایە لەناوچەی ئەناتۆلیا پەرستراوە و تا ئێستا پەیکەرەکەی ماوە. ئەو خودایە لەناو فریجیا پێی وتراوە ‘ماتار’ واتە دایک. وە سیبێل بوو بە نازناوی ‘ماتار’ کە لە زمانی فریجی بەمانای شاخ دێت.[3] ژنخودای فریجی ڕەنگدانەوە و کاریگەری لەسەر هەموو ناوچەکان داناوە. لە پاش سەدەی دووهەمی زایینیش، نەریتی ئەو خوداژنە ڕەنگدانەوەی هەبووە. نەریتی دایک (مەبەست لە سیبێل) لە ناوچەکانی شارستانیەتی دەریای ناوەراست بڵاوبۆتەوە، لە بەریتانیا هەتا ئەفغانستان ئەو ژنخودایە ڕەنگدانەوەی هەبووە. ئەو نەریتە زۆر کاریگەری ئایینی و ڕامیاری لەناو ڕۆم هەبووە.[4] لە ڕۆما بەو خوداژنە گوتراوە ‘ماگنا ماتار’ واتە دایکی مەزن.  

سەبارەت بە سنووری فریجیا، هەرۆدەتەس دەڵێ، سنووری خۆرهەڵاتی فریجیا، لیدیایە، بە مەڕ و ئاژەڵداری بەناوبانگ بوون. تەنیشت فریجیا ‘کاپۆدۆکیان’ە، کە بە سورییەکان بەناوبانگن.[5] 

‘فریجیا’ش وەک زۆربەی زلهێزەکانی ناوچەی ئاسیای بچوک بۆ ماوەیەک دەسەڵاتدار بوون و لە دواییدا دەسەڵاتیان کەم دەبێتەوە و دەکەونە ژێر دەستی هاوسێکانیان. 

لە سەردەمانێکدا فریجیا ناوچەکۆنەکانی هیتییەکان لە ئاسیای بچوک داگیر دەکات، بەڵام لە سەدەی ٧ی پ.ز لیدیەکان فریجیا داگیر دەکەن و ناوچەکە دەخەنە ژێر دەستی خۆیان.[6] 

ئەو شانشینەش پاشای بەناو بانگی هەبووە، یەکێک لە پاشاکان ناوی میداس دەبێ بەوە ناوبانگی دەرکردبوو کە دەست لە هەرشتێک بدات ئەیکاتە زێر.[7] هەروەها لەسەردەمی ‘میداس’ دەسەڵاتی فریجیا بەرفروان دەبێت.  

گۆردیاس کوڕی میداس دوا ئەندامی خێزانی ئەو شانیشینە دەبێت.  

لە بڕگەیەکدا هەرۆدەتەس باسی کوڕی گۆردیاس دەکات بەناوی ئادراستەس، کە هانای بۆ پاشای لیدیا هێناوە. بە هەڵە برایەکی خۆی دەکوژێ و فریجیا بەجێ دەهێڵێ. پاشای لیدیا مافی پەنابەری دەداتێ.[8] 

سەبارەت بە زمان و بنەچەی فریجیا لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر کراوە بەڵام تا ئێستا ئەو بابەتە یەکلایی نەکراوەتەوە، ئەوەی هەیە تەنها بیردۆزە و پشت بەچەند بۆچوونێک دەبەستێت. لە هەندێک لێکۆڵینەوەدا وا دەردەکەوێت زمان و نوسینی فریجیا نەختێ جیاواز بووبێت لەگەڵ زاراوەکانی ئاری، ڕەنگبێ نزیکایەتی هەبووبێ لەگەڵ زمانی یۆنانی، وە سەبارەت بە بنەچەیان هەندێک دەڵێن لە بەڵقان و هەندێكی تر دەڵێن لە ئەوروپاوە هاتوون.  

لە یەکێک لە لێکۆڵینەوەکان دەڵێ، لە کۆتایی هەزاری دووهەمی پ.ز فریجیەکان لە مەکەدۆنیا و ثراث بوون، لەوێوە کۆچیان کردووە بۆ ئاسیای ناوەڕاست، بەڵام سەردەمی کۆچکردنەکەیان دیار نییە.[9] بە پێی سترابۆ فریجیەکان یەکەمجار لە بەڵقان بوون ئینجا کۆچیان کردووە بۆ ئەنەتۆلیا.[10] هەرۆدەتەس دەڵێ هەروەک مەکەدۆنیەکان دەڵێن فریجیەکان پێیان وتراوە ‘بریجیان’، خەڵکی ئەوروپا بوون لە دوایدا هاتوون بۆ ئاسیا. کاتێک وڵاتەکەیان گۆڕی ناوەکەشیان لەگەڵ خۆیان بۆ فریجیا گۆڕی. لەشکری ئەرمەنیەکانیش هەروەک فریجیەکان بوو، لە ناوچەی فریجیا جێنشین بوون، فەرماندەی لەشکری هەردووکیان ‘ئارتۆچمێس’ بوو کە هاوسەرگیری لەگەڵ کچی داریوس دەکات.[11] 

بە پێی هەندێک بەڵگەنامە، لە ڕووی زمان و نوسیندا، فریجیەکان کاریگەریان لەسەر یۆنانیەکان داناوە.[12] بۆ زیاتر زانیاری بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەی ئاماژە پێکراو، بە وردی نوسەر بەراوردی کردووە لە نێوان زمانی یۆنانی و فریجی.  

پاش ئەوەی فریجیەکان دەسەڵاتیان نامینێ بەڵام داب و نەریت و فەرهەنگیان لەناوناچێت بەڵکو کاریگەریشیان دەبێ لەسەر داگیرکەرەکانیان.  

ناوی فریجیا لە پاش بڵاوبونەوەی ئایینی مەسیحی دیسان بەرگوێ دەکەوێتەوە. پاش ئەوەی گالاتیەکان[13] کۆنترۆڵی ئایینی دەگرنە دەست، لە بەڵگەنامەیەکدا هاتووە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دووی زایینی. لە ١٠ قەشەی دەرکەوتە و بەناوبانگدا، پێنجیان فریجی دەبن و پێنجەکەی تر تر گالاتی دەبن.[14] 

لە بەڵگەیەکی تری مێژوونوسانی ئایینی مەسیحی، باسی قەشەیەکی ئاری دەکەن بەناوی ‘سێلیناس’، کە بانگهێشتی ئایینی کردووە بە دوو زمان، باوکی ‘گۆث’ی[15] بووە و دایکی فریجی بووە. بۆیە هەردووک زمانی زانیووە و بانگهێشتەی پێ کردووە.[16]زمانی فریجی هەتا سەدەی پێنجەم یان شەشەم ماوەتەوە، هەتا بە تەواوی زمانی یۆنانی زاڵ بووە بەسەریدا.[17] 

 

‘Lynn Roller’ وەرگیراوە لە

شێرێک لەسەر گۆرێک، سەدەی ٧ی پ.ز.  

ڕامان: 

یەکەم: خەڵکی فریجیا کڵاوێکیان لەسەر بوو هێشتا لەناو کورد دا ئەو جۆرە کڵاوە لەسەر دەکرێ. زۆرێک لەو پەیکەر و

وێنانەی کە نمایشی میثرا دەکات، خوداوەند میثرا کڵاوێكی لەسەرە، ئەو کڵاوە بە کلاوی فریجیا ناسراوە.[18] 

 وەرگیراوە ‘فرانز کۆنت’، کلێسای کلێمنت، ڕۆم، ئیتاڵیا.  

نەک هەر ئەو پەیکەرە لە ڕۆم بەڵکو لە تەواوی مۆزەخانەکان و شوێنە ئاسەواریەکاندا کە پەیوەستە بە ئایینی میثرایی، زۆربەی جار میثرا بە کڵاوی فریجی ئەبیندرێت. 

سێ پەیکەر و یەک تابلٶ، میثرا بە کلاوی فریجی، پاریس-لۆڤەر، نوسەر 

 

ئەگەر هەڵە نەبم زۆر جار لە گوندنشینەکانی کوردستان ناوی کڵاوی فەرەنجیمان بەرگوێ دەکەوێ، بەڵام نازانم تا چ ڕادەیەک ئەو دوو ناوە لێک نزیکن.  

ئەگەر گریمانەی ئەوە بکرێ کورد بەو کڵاوە بڵێت فەرەنجی بەهۆی زمانی فەڕەنسیەوە. ئەوا دەبێ ئەوەش بلێن ئەو کلاوە فریجییە لە بنەچەدا دەگوازرێتەوە بۆ دابونەریتی میثرایی. کاتێک ئایینی ‘میثرا’ش لە ئەورپا بڵاودەبێتەوە ئەو کڵاوەش لەگەڵیدا وەک هێمای ئایینی بڵاو دەبێتەوە.  

لە دواییدا ڕۆمەکان ئەو کڵاوە وەک نمونەی ئازادی بەکاردەهێنن. دوابەدوای ئەوەش پاش چەندین سەدە، لە سەردەمی شۆرشی فەڕەنسیش ئەو کڵاوە دەبێتە هێمای ئازادی. بۆیە شۆڕشگێڕەکانی فەڕەنسی ئەو كڵاوە سورە لەسەر دەکەن، وەک نەریتێکی ئازادی بۆ شۆڕشگێڕەکان.[19] کەواتە ئەو كڵاوە لە بنەچەدا لە فریجیا دەگوازرێتەوە بۆ فەڕەنسا، ئەگەر ئێمەش لە فەڕەنسیەوە وەرمان گرتبێتەوە، ئەوا کڵاوی خۆمان بووە و لە سەری خۆمانیان کردۆتەوە.  

دووهەم: لەناو کورد دا هێشتا ئەو پەندە هەیە، ئەگەر یەکێك بەختی هەبێت یان کارزان بێت، پێ دەڵێن “دەست لە هەرشتێک بدات ئەیکاتە زێر” ئەو پەندەش بەسەر ‘میداس’دا هەلدراوە. بەپێی ئەو لێکۆڵێنەوانەی لەسەر فریجیەکان کراوە، ئەو دەسەڵاتەی هەیان بووە قەت نەگەیشتۆتە ناوچەکانی باشووری کوردستان. ئەو سەردەمەش ڕاگەیاندنێک نەبووە هەواڵ یان دابونەریتی پێ بگوازرێتەوە، بە جۆرێک ئەو پەندە لە شوێنێکی دووری وەک فریجیا بۆ ناوچەکانی باشووری کوردستان بگوازرێتەوە. کەواتە چۆن ئەو پەندە لە فریجیا گەیشتە گوندەکانی کوردستان، وەک ڕوونە تا سەردەمانی حەفتاکانیش ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی بۆ نەچووبوو؟ ئەمانە هەمووی پرسیارن ئایا ئەو هەموو شانشینانە هەموویان یەک سەرچاوەیان نەبووە؟ ئایا هەر هەموویان هۆزێک نەبوون لە نەتەوەیەکدا و هەرجارێ هۆزێکیان دەسەڵاتی گرتبێتە دەست؟ 

سەرچاوەکان

[1]  Glover, 75. 

[2] Lynn E Roller, In Search of God the Motehr: The Cult of Anatolian Cybele (California: University of California Press, 1999), 63. 

[3] Ibid., 244. 

[4] Ibid., 345.  

[5] Herodotus , Book 5, para 49. 

[6] S. A. Nigosian, The Zoroastrian Faith: Tradition & Modern Research (London: McGill-Queen’s University Press, 1993), 6. 

[7] Glover, 76. 

[8] Herodotus, Book 1, para 35-6. 

[9] Swain Simon, J. N. Adams, Janse Mark Janse, Bilingualism in Ancient Society: Language Contact and the Written Text (Oxford: Oxford University Press, 2002), 246. 

[10] Strabo, Horace Leonard Jones (tr. ), Strabo Geopgraphy(England: St Edmundsbury Press Ltd. , 2001), 7. 3. 3. 

[11] Heroduts, VII, para 73. 

[12] S. Swain, 258-60. 

[13] گالیک یان سێلتیک، ئەو خەڵکانە بوون لەسەردەمی هیلینیەکان (واتە لەسەرەتای مردنی ئەسکەندەر٣٢٣ پ.ز تا ٣١ پ.ز ) لە ناوچەی باکووری ئاسیای ناوەڕاست جێنشین بوون یان ئەنەتۆلیا.  

[14] S. Swain, 251. 

[15] بە بنەچە گۆثی خەڵکی گێرمەنین. 

[16] S. Swain, 252. 

[17] Ibid., 254.  

[18] Franz Valery Marie Cumont, The Mysteries of Mithra (London: Kegan Paul, Trench, Trubner & Co. , Ltd. , 1903), 131. 

[19] Payam Nabarz, The Mystries of Mithras: The Pagan Belief That Shaped the Christian World (United State: Inner Traditions, 2005), 53-5.