٧. ١. ٢ پەرتوک و پەرتوکخانە

لەگەڵ ئەوەی داهێنانی نوسین ئەگەرێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەر، بەڵام وەک نوسینەکان لە دەقێکی پەرتوکیدا کۆبکرێتەوە، وا پێ دەچێت لەناوچەی گەلانی زاگرۆسی بوبێت. کورد پەرتوک و پەرتوکخانەی گەورەی هەبووە بەڵام لە هێرشە یەک بە دوا یەکەکانی سەر ناوچەی گەلانی زاگرۆسی لەناو چووە. زۆرێک لەو پەرتوکانە لەسەردەمی هێرشی ئەسکەندەری مەکەدۆنی سوتاو وە جارێکی تر لەسەردەمی هێرشی عەرەبەکان سوتا.

لە شاری پرسەپۆلی پەرتوکخانەیەکی گەورە بە فەرمانی ئەسکەندەری مەکەدۆنی سوتا، لێکۆڵەرەوان هۆکارەکەی ئەو سوتانە نازانن، هەندێکیان دەڵێن لە ژێر کاریگەری سەرخۆشیەکەی بووە، هەندیک دەڵێن لە تۆلەی سوتانی ئەثینا بووە لەلایەن خشایارشا. یاخود لەوانەیە ئەو سوتانە ڕێکەوت بووبێ چونکە ئەسکەندەر هەوڵی داوە ئاگرەکە بکوژێنێتەوە.[1]

بە پێی هەندێک سەرچاوە پەرتوکی زەند یان زەندئاڤێستا لە نوسینی خودی زەردەشت بووە.[2] ڕامانم لە ناوی زەندئاڤێستا ئەوەیە ئەشێت زەندەڤێستا بێت. لە ڕێنوسی ئینگلیزی، دەنوسرێ ‘Zandavesta’ بەڵام عەرەب ئەو کاتە رێنوسی زمانی ئینگلیزیان نەزانیوە وشەی ‘زەندەڤێستا’یان بەکارهێناوە، لە دواییدا بۆتە زەندیق.

پەرتوک گەلێک هەبووە تەنانەت شوێنی پەرتوکفرۆشتنیش هەبووە کە خەڵک کڕیویەتی واتە پەرتوکفرۆش هەبووە. ئەگەر سەرچاوەی ئیسلامی بخوێنینەوە، هەروەک پێشتر ئاماژەم بە تەفسیری ‘قرطبي’داوە و دەڵێ کەسێک بە ناوی ‘النضر بن الحارث’ پەرتوکی لە ناوچەی ساسانیەکان دەکڕی و دەهات بە خەڵکی مەککەی دەگووت وەرن من چیرۆکی باشترتان لە موحەمەد بۆ دەگێڕمەوە.[3] مەبەستی پەیامبەری ئیسلامە. ئەی وت من چیرۆکی ئەسفەندیار و رۆستەمتان بۆ دەخوێنمەوە. لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوی لەوسەردەمەدا پەرتوکێکی زۆر هەبووە. بەڵام چ پەرتوکێک ناوی ماوەتەوە؟

پەرتوکیکی بەناوبانگ بەناوی ‘هەزار مەدایان دادیستان = Madayan i Hazar Dadestan’ نوسراوە واتە پەرتوکی هەزار بڕیاری یاسایی. لە یەکێک لە یاساکان باسی ئەوە دەکات ژن دەتوانێ میراتگری پیاو بێت و ببێە بەڕێوبەری خانوبەرە و داهات. یان کچ میراتگری باوکی بێت لە پارە یان لە ئاتەشگا. بەڵام کە مێردی هەبێ تەسلیمی هاوسەرەکەی دەکات.

پەرتوکێکی تر بەناوی ‘دادیستانی مێنۆگی خراد Dadestani Menogi Xrad’ واتە دادگایی ڕەوانی ژیری. ئەو پەرتوکە لە چەند بەشێک پێک دێت بەشەکان تایبەتە بە: ژیانی زەردەشتی و وانەکانی، نزا و نوێژ و پۆشینی ‘کوشتی و سەدرە’، جەژنی وەرزەکان بەناوی گاهانبارس، ئامۆژگاری کردنی یارمەتی هەژاران و خاوێن ڕاگرتنی ئاو و ئاگر، ڕێزگرتن لە ئاو کە دەبێ تەنها بۆ پاککردنەوە و خواردنەوە بێت، ئامۆژگاری کوشتنی مار. ئەو وانانە لە ناو خوردە ئاڤێستا دووبارە بۆتەوە.[4]

هەروەها چەندین پەرتوک هەبووە و فەوتاوە، بەڵام هەندێكیان ناوەڕۆکەکانیان ماوە یان لەسەری نوسراوەتەوە و وەرگێڕدراوە. بۆ نمونە ‘عبداللە بن المقفع’ هەستاوە بە وەرگێڕانی پەرتوکەکانی (مانی و ابن دیصان و مرقیون، کلیة و دمنة، خدای نامە، کتابی مەزدەک، تاج) کە باسی ژیانی ئەنوشیروان دەکات. ئەو کەسە هەر لەسەر ئایینی مەجوسی بووە یان مەزدەکی، لەسەر دەستی عیسی بن علي بۆتە موسوڵمان بەڵام هەر ئایینی مەگوسی لە دڵدا هەبووە. لە دواییدا بە زەندیق لەلایەن ئەمیری بەسرە ناسرا و کوژرا.[5]

لە دەوروبەری ساڵانی ١٩٤٢، بۆ یەکەمین جار ڕەوانشاد ‘محمد خضر’ پەرتوکخانەیەک لە شاری سلێمانی دا ئەنێت، ناوبراو هاوسەری پورم بوو. پاش چەندین ساڵێك کوڕە پورەکەم ‘د. دڵشاد’ هەڵدەستێ بە گەڕان بەدوای یادەوەریەکانی باوکی و هەندێک لە بەڵگەکان دەخاتەڕوو. نامەیەکی بە زمانی ئینگلیزی بەردەست دەکەوێت کە بە ڕێنوسی کێرسیف (تێکەڵ) نوسراوە، ئەستەم دەبێ بیخوێنێتەوە. بۆیە دایە دەستم تاوەکو لەگەڵ خۆم بیبەم بۆ بەریتانیا و نیشانی کەسێکی شارەزای بدەم تاوەکو نامەکە بخوێنێتەوە. پاش وەرگێڕانی نامەکە ئەو دەقە گرینگەی تێدا بوو:

ئومێدەوارم ئەو نامەیە کە دەگاتە دەستت تەندروستیت باش بێت و دڵخۆش بیت، هەروەها بەرەو پێشچووبیت لەگەڵ پەرتوکخانە نوێیەکەت. ئەوە یەک مانگی ڕێکە کە من ئەو شارە خۆشەویستەتەم بە جێهێشتووە، مەبەستم سلێمانیە، خەڵکەکەی زۆر باش و ڕێکوپێکن.

ئومێدەوارم ئەگەر جارێكی تر سەردانی سلێمانیم کرد، گۆڕانکاری مەزنی بەسەردا هاتبێ، وە زۆریش لە نۆژەنکردنەوە بەسەر وڵاتەکەت دا هاتبێ.

ئێستا با پێت بڵێم من ئەو پەرتوکە دێرینانەم پێویستە: ‘ڕێچکەکان لە زانست’، وە ئەگەر بتوانی پەرتوکی شەشەم ‘زەوی ئێمە و چیرۆکەکانی’ بۆم پەیدا بکەی.

تکایە وەڵامی نامەکەم بدەوە، من لە ڕێگای پۆست پارەت بۆ دەنێرم، ئینجا تۆ کتێبەکانم بۆ ئەو ناونیشانە بنێرە. هەروها ئاگادارم بکەوە ئەگەر هەر پەرتوکێکی فێرکاریت دەست کەوت.

هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم.

لە پاش وەرگێرانی ئەو دەقە من بە دوای ئەو پەرتوکانە داچووم، هیچ پەرتوکێکم لە زمانی عەرەبی بەو ناونیشانە دەست نەکەوت. کەواتە ئەبێ ئەو پەرتوکانە کوردی بن و لەناوچەی کوردستان بونیان هەبوبێ، ئەو ئەفسەرە بەریتانیە زۆر عەودالی بووە. ئایا ڕەوان شاد ئەو پەرتوکانەی بۆ ناردوون؟ ئایا ئەو پەرتوکانە لە شێوازی دەستوخەت بووە یان چاپ؟ پرسیار گەلێک هەیە و منیش عەودالی ئەو ڕاستیەم، یەکێک لە هەوڵەکانم ئەوەیە، بنەماڵەی ئەو ئەفسەر بدۆزمەوە و بە دواچوونی بۆ بکەم.


[1] Glover, 26-7.

[2] Watson, 651.

[3] تفسیر القرطبي، سورة لقمان، ایة ٦.

[4] Rose, 118.

[5] جرجس داود داود، الزندقة و الزنادقة: في الادب العربي من الجاهلیة و حتی القرن الثالث الهجري (بیروت: مجد المٶسسة الجامعة للدراسات و النشر و التوزیع، ٢٠٠٤)، ٣٢٤، ٤١١.