دەستپێکی شارستانیەت
دەستەواژەی لانکەی مرۆڤایەتی چەندین چەمکی مێژوو و شارستانیەت لە خۆ دەگرێ، کاتێک دەڵێین لانکە واتە کۆرپە لە دایک بووە، بەڵام پێویستی بە حەوانە و ڕاژاندنیەتی. کوردستان هەمیشە ناوەندی سەرهەڵدانی ئایین و زانست بووە. بە ئایین و زانست توانیویەتی ببێتە دایکی فەلسەفە و تەکنەلۆژیای سەردەمی خۆی، بە جۆرێ بنەماکانی ئەو تەکنەلۆژیایە بە بەردەوامی تاوەکو ئیمرۆ بەکاردێت.
دەبێ ئەو ڕاستیە بە ڕوونی بۆ هەموو گەلانی دونیا ڕوون ببێتەوە، ئێرانی ئیمرۆ و میزۆپۆتامیای باکور و ناوەڕاست، چەقی کوردستانە. زنجیرە شاخەکانی زاگرۆس جێگا و داڵدەی مرۆڤەکان بووە. ڕاستە لەو سەردەمانەدا ناوی کورد نەبووە بەڵام جێماوەکان و شوێنەوارەکان ئەو ڕاستیە بۆ ئێمە ئەسلمێنن لە ‘نیاندرتاڵ’ەوە تا ئەو مرۆڤەی ئیمرۆ ژیان لە ناوچەکانی زاگرۆس هەبووە و هەیە. هۆکاری بەردەوامیەکەشی دەگەرێتەوە بۆ ئەو خاکە بە پیتە و ئەو هەڵکەوتە جیۆلۆجیەی کە هەیەتی.
بەر لەوەی باسی مێژوو و شارستانیەت و جوگرافیای کوردستان بکەین، دەبێ ئێمە و نەتەوە هاوسێکانمان لەو ڕاستیە تێبگەین ئێمەی کورد لە هیچ نەتەوەیەک کەمتر نیین و لە هیچ نەتەوەیەکیش بەرزتر نیین، ئێمە هەموومان یەکسانین و مافی ئەوەمان هەیە لەسەر ئەو هەسارەیە بە یەکسانی بژین. بەڵام ڕاستینەیەک دروست بووە و چەسپاوە بەسەر گشت مرۆڤایەتی ئەویش نەتەوەکان بە دابونەریت و زمانی جیاواز لێکجیاکراونەتەوە. مرۆڤایەتی لە خێزانێک گەشەی کرد و لەو خێزانەشەوە هەزارەها میللەت و زمانی جیا جیا دروست بوو. تازە ئێمە بە پێی تێپەڕبوونی کات بووین بە نەتەوەیەکی خاوەن زمان و نەریتی جیاواز. تازە مەحاڵە مرۆڤایەتی ببێتەوە یەک و ئەو لێکترازانە یەکبگرێتەوە تاوەکو هەموومان ببینەوە یەک زمان و یەک دابونەریت.
کەواتە ئێمەی کوردیش دەبێ لەگەڵ ئەو ڕاستینەیەدا خۆمان بگونجێنین و سنوور و زمان و وڵات و مێژووی خۆمان بپارێزین. ئێمە یەکسانین لەگەڵ میللەتان و نە قبوڵی چەوسانەوە بکەین و نە نەتەوەکانی تریش بە چاوی سوک سەیر بکەین. زۆر جار دوژمنان بە دروشمی چەواشەکاری و بە ناوی یەکسانی و مرۆڤایەتی خاکی کوردستان داگیر دەکەن، ئەبێ ئێمە لەو یەکسانییە تێبگەین نەهێلین خاکی خۆمان لەدەست بدەین و نە کەس لە خۆمان بەگەورەتر بزانین و نە پێ لەسەر شکۆی کەس دابنێین و خۆمان لەسەرووی مرۆڤایەتی بزانین. تێگەیشتن لە مێژووی مرۆڤایەتی ئەو هەستەت بۆ دروست دەکات کە کەس لە تۆ بەرزتر و نزمتر نییە. دواجاریش کاتێک ئاشنا دەبیت بە شارستانیەتی کورد و کوردستان سەد هێندە ئەو هەستەت بۆ دروست دەبێ، کەس لە تۆ بەرزتر نییە.
وە هەر کاتێک باسی شارستانیەت دەکەین ناتوانین باسی میزۆپۆتامیا و زاگرۆس و ئێران نەکەین، بە تیشکخستنە سەر ئەو شوێنانە ئێمە لە لانکەی مرۆڤایەتی و شارستانیەت تێدەگەین. بالێرەدا زۆر بە کورت باسی هەر سێکیان بکەین.
میزۆپۆتامیا
یۆنانییەکان بە ناوچەی نێوان هەردووک ڕوباری دیجلە و فوڕات دەڵێن میزۆپۆتامیا.[1] ناوی ڕوباری دیجلە لە پەیمانی کۆندا بە ‘هیدێکێل’ هاتووە، یەکێکە لە چوار ڕوبارەکەی ئەدەن. لە زمانی پارسی کۆن ناسراوە بە ‘تیگرا’ وە بە یۆنانی پێ دەگوترێت تیگریس. بە نێوان هەردوو ڕوباری دیجلە و فوڕات دەگوترێت میزۆپۆتامیا واتە خاکی نێوان دوو ڕوبار.[2] بەڵام لە ئێستادا سنووری ناوچەیەکی بەرفروانتر دەگرێتەوە، زیاتر ئەو خاکانە دەگرێتەوە کە بە تەنیشت هەردووک ڕوبارەکەوەن، بە گشتی ئێڕاقی ئێستا و باکووری خۆرهەڵاتی سوریا و بەشێک لە باشووری خۆرهەڵاتی تورکیا دەگرێتەوە.[3]
هەروەها نوسەر، جۆن کێرتس ‘John Curtis’ لە پەرتوکەکەیدا، سەبارەت بە سنوری میزۆپۆتامیا، ئاماژە بە نوسەر مایکڵ’Michael Roaf’ دەکات کە سنووری میزۆپۆتامیا دەست پێ دەکات: لە سوچی سەرەوەی کەنداوی فارسییەوە بەرەو باکووری خۆرئاوا کە درێژە دەکێشێت بۆ سەر سنووری ئەرەبستان و سوریا. وە سنووری خوارووی ڕۆژهەڵاتیشی لە کۆتایی خوارووی زنجیرە چیای زاگرۆسە. لە مێژوودا، میزۆپۆتامیا دابەش دەکرێ بە سەر دوو چین بەشی باشوور بابلیەکان تێیدا دەسەڵاتدار بوون وە بەشی باکوور ئاشوریەکان تێیدا باڵا دەست بوون. بە گشتی، بە درێژایی باکووری خۆرئاوای فوڕات و دیجلە تا دەریای ناوەڕاست، بە سنوری میزۆپۆتامیا دائەندرێت.[4]
زاگرۆس:
کاتێک باسی زاگرۆس دەکەین مەبەست لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسە، ئەو زنجیرە شاخانە لە نزیک دەریاچەی وان بە درێژایی ڕوباری دیجلەوە دەست پێ دەکات. لە ڕووی جوگرافیاوە درێژی ئەو زنجیرە چیایانە مەزەندە دەکرێت بە ١٦٠٠ کم. لە سەرەتای دەست پێکردنی چیای زاگرۆس تا کۆتایی دەکەوێتە ناوچەی کوردستانی گەورە، بەڵام لە پەرتوکە ئەکادیمیەکان وەک هەمیشە مامەڵە لەگەڵ سیاسەتی سەردەم دەکەن بۆیە زۆرجار ناوی کوردستان ون دەکەن و دەڵێن: چیای زاگرۆس دەست پێ دەکات لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، لە وێوە بە سنووری ڕۆژئاوای ئێراندا شۆڕ دەبێتەوە کە زۆربەی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێڕاقی دادەپۆشێ. بەرزترین لوتکەی ئەو زنجیرە چیایە لوتکەی زەردەکە کە بەرزیەکەی ‘٤٢٢١ م’ە. بە درێژایی مێژوو مرۆڤ لە ناو شاخەکان و پانتای ئەو زنجیرە شاخانە ژیانی بردۆتە سەر. زنجیرەچیای زاگرۆس ناوەڕاست و چەقی کوردستانە، نەتەوەی کوردیش بە درێژایی مێژوودا لەو ناوچانە ژیانی بردۆتەسەر.
ئێران:
لە دێرزەمانەوە جێگای ژیانی مرۆڤەکان بووە و نەتەوەی جیا جیای لێ ژیاوە بەڵام هیچ کاتێک پارسەکان/فارسەکان ناتوانن بڵێن ئێمە خاوەنی خاکی ئێرانین. بەر لە سەرهەڵدانی فارسەکان ئاریەکان لەو ناوچانە ژیاون وەک ‘هێرۆدۆتس’یش دەڵێ بە میدیەکانیان وتووە ئاری. ئەو سنورەش زۆربەی جار بە پێی تێپەر بوونی کات ناوەکەی گۆردراوە، سەردەمانێک جێگای میدیەکان بووە و بە خاکی میدیەکان ناوی هاتووە، لە دوایدا لەلایەن جووەکان بە میدیا-پێرسیا/پێرشیا ناوزەد کراوە، لە لایەن هەندیک نەتەوەی تریش وەک یۆنانیەکان لە پاش هاتنی کوروش پێی گوتراوە پێرسیا لە دوایدا لە زمانی لاتین بۆتە پێرشیا. ناوی ئێران لەسەردەمی ساسانیەکان بەکارهاتووە. بەڵام لە لای مێژوونوسە ئەوروپیەکان بەبێ گوێدانە ئەوەی لە ڕەگوریشەی ئێران بکۆڵنەوە یاخود نەتەوە دێرینەکان بە ڕەچاو بگرن هەمیشە وشەی ‘پێرشیا’یان بەکارهێناوە، ئەمەش بۆتە قەبەکردنی مێژووی فارس و بەکەمزانینی نەتەوەی کورد لە کاتێکدا میدیەکان بەر لە دروستبوونی پارسەکان خاوەنی هەموو ئێران و میزۆپۆتامیای سەرو و ناوەراست بوون.
زاراوەی پێرشیا تا ساڵی ١٩٣٥ بۆ ئێڕان بەکارهاتووە لە دوایدا فارسەکان ناوی ئێرانیان بۆ سنووری خۆیان داهێنا. لە ئەنجامی ناکۆکی نێوان بەریتانیا و روسیا لەسەر نەوت و گازی ئێران. بە سەرپەرشی بەریتانیا ئەفسەرێكی قەوقازی بەناوی ڕەزا شا دەسەڵات دەگرێتە دەست و پاشناوی پەهلەوی بە خۆیەوە دەنێ وڵاتەکەش دەکات بە ئێران.[5]
شوێنەواری ئێران و زاگرۆس و میزۆپۆتامیا
زنجیرە شاخی زاگرۆس، بۆ مرۆڤە سەرتایەکان باشترین شوێن بووە بۆ گوزەر کردنی ژیان. لەبەر ئەوەی ئەشکەوتێکی زۆری هەیە، مرۆڤە سەرتایەکان لەو ئەشکەوتانە خۆیان حەشار داوە تاوەکو بپارێزرێن هەم لە سەرما و هەم لە ئاژەڵە دڕندەکان. جیۆلۆجی شاخەکانیش بەشێوەیەک هەڵکەوتون لەسەر پێ دەشتەکان چەقیون و دەیان دۆڵ و ڕوباریان دروست کردووە. لە پێ دەشتی ئەو شاخانە هەموو وەرزێک دەبیندرێت و هەموو جۆرە ڕوەکێکی ڵێ شین دەبێ، هەربۆیە ژیان بۆ مرۆڤی سەرتایی گونجاو بووە. لەگەڵ ئەوەش شاخەکان پڕن لە کانیاو، ئاژەڵێکی زۆریشی لێ هەبووە و هەیە. ئەمەش وای کردووە مرۆڤ هەم لە سەر ڕوەک بژیەت هەم لەسەر ڕاو. هەروەها پارێزراویش بێت بە هۆی ئەشکەوتی شاخەکان.
بە پێی تێپەربوونی کات، کاتێک خێزانەکان ژمارەیان زیادی کردووە بەرەو تیرە گەشەیان کردووە و کۆچکردن ڕوویداوە. ئەشێ مرۆڤەکان یان لەناوچەی باکوور بەرەو باشوور کۆچیان کردبێ، یان بە پێچەوانەوە. بەڵام لۆژیک زیاتر لەگەڵ ئەوەیە لە ناوەراستی زاگرۆس خێزانەکان زیاد بوبن و بەرەو باکوور و باشوور کۆچیان کردبێ. لە دوایدا کۆچی گەورە ڕوویداوە بەرەو هیند و ئەوروپا نەوەک لە ئەوروپایەکی بەستەلەک بەرەو زاگرۆس هاتبن.
شوێنەوارەکان باشترین بەڵگەن بۆ دەستپێکی شارستانیەت. لە ساڵی ١٩٥٠ شوێنەوارزانەکان بەڵگەی ئەوەیان بەدەست کەوت لە ئەشکەوتی شانەدەر، بەر لە دە هەزار ساڵ پ.ز مرۆڤەکان لەسەر ڕاو ژیاون. لە دواییدا ژیان گۆڕاوە بۆ چاندنی ڕووەک و ئیتر ژیانی کشتوکاڵی دەستی پێ کردووە. لە دواییدا ٦٠٠٠ هەزار ساڵ پ.ز لە باکووری دیجلە و فوڕات بەرەو باشووری عێڕاق هەڵکشاون.[6]
مرۆڤە سەرەتاییەکان هەر بەو شێوەیە ژیاون بەڵام لە پاش گۆڕانکاری کەش و هەوا و تواندنەوەی بەستەڵەك، واتە لە پاش چاخی بەستەڵەک (چاخی سەهۆڵین) کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ هەزار ساڵ پێش زایین. لە ٨٠٠٠ پ.ز مرۆڤەکان لە دەوری یەکتر کۆبونەتەوە و دەستیان کردوە بە دروست کردنی گوند. لە پاش ٢٠٠٠ ساڵی تر گوندەکان بوون بە شار، پاش ٢٠٠٠ ساڵی تر شارەکان بوون بە ناوچەی سەربەخۆی و ئیمبرتۆریەتیان پێکهێنا. لە هەزاری نۆ و دەی پ.ز مرۆڤەکان دەستیان کرد بە کێلان و دروست کردنی خشت. گرینگترین شوێن و دێرینترین شوێن کە تا ئێستا دۆزرابێتەوە شاری چاتاهویوک، کە کەوتۆتە ناوچەی کوردستان کە ئیمڕۆ پێ دەگوترێت تورکیا. مێژوەکەی دەگەرێتە بۆ ٧٥٠٠ بۆ ٥٧٠٠ پ.ز. لە دوای ئەمە لە میزۆپۆتامیا یەکەمین شاری سۆمەر دروست بوو.[7]
لە نێوان ئەو میللەتانە هەمیشە تێکەڵاوی هەبووە، بۆیە میللەتەکان لە یەکتری نوسین فێر بوون. ئەو تێکەڵاویە زۆر چڕ و پڕە. لە یەکێک لە بەڵگەکان، نوسەر ‘جولیان’ ئاماژە بەوە دەکات نزیکەی ٤٠٠٠ پ.ز بۆ بڕینی دار، مس هاوردە کراوە لە تورکیا.[8] نوسەر ئاماژە بە ناوی تورکیا دەکات بەڵگە نییە بۆ نەتەوەی تورک، بەڵکو ئەو مەبەستی لەوەیە لەو سنوورە جوگرافیای ئیمڕۆ کە ناوی تورکیایە لەوێوە مس هاوردە کراوە. وە ئەگەر ئەو دەقە ڕاست بکەینەوە دەبێ بڵێین لە کوردستانەوە مس هاوردە کراوە.
کۆنترین نوسین دۆزابێتەوە، نوسینەکانی شاری ئورە، بە نزیکەی دەگەرێتەوە بۆ ٣٠٠٠ – ٣٥٠٠ پ.ز. لە ٢٦٠٠ پ.ز’دا نوسین گەشەی کرد بۆ دەربڕین و قسە کردن.[9] واتە پێشتر نوسینەکان تەنها هێما بووە بۆ دەربڕین، بەڵام لە دواییدا بۆتە دەربڕینێکی قسەکردن واتە چیرۆک و ژیانی پاشا و خوداکان نوسراوەتەوە. هەروەک چیرۆکی گەلگامێش و دەیان تری. زۆربەی بەڵگەکان بە گروپ دۆزراونەتەوە کە بریتین لە نامە، گرێبەستی بازرگانی، چیرۆک، یاداشتنامە.[10] هەروەها تابلۆکان زۆرینەی لە شاری ئور دۆزراوەتەوە، یەکێک لەو تابلۆیانە ئەوەمان نیشان دەدات ئەو کاتە مۆسیقاژەنیان هەبوە، ئەم تابلۆیە مێژوەکەی دەگەرێتەوە بۆ ٢٦٠٠ پ.ز.[11]
لەسەردەمی ٦٠٠٠ پ.ز گۆزە و قاپ لە قور هاتە کایەوە کەواتە لەو سەردەمە ئاگر دۆرزاوەتەوە. گۆزەی رەنگاوە رەنگ لە ٥٥٠٠ پ.ز لە سامەرا دۆزراوەتەوە کە پێی دەوترێت حەسونە. هەروەها چەندین گۆزەی تر و کەلوپەلی تر دۆزراوەتەوە، کە هەندێکیان شکاون. سەبارەت بەو گۆزە شکاوانە مشتومرێکی بەهێز هەیە کە ئایا ئەوانە بە دەستی ژنان دروست کراون یان نا.[12] چونکە بەڵگە زۆرە لەسەر ئەوەی ژن دەستێکی باڵای هەبووە لە دروستکردنی کەلوپەلی ناوماڵ.


لە کەلوپەلە کۆنەکان کە دۆزراونەتەوە دەرکەوتووە زانستی کیمیا لە رابوردودا بەکارهاتبێ. جۆرە گۆزەیەک دۆزراوەتەوە بۆ کاری پاڵاوتن بەکارهاتووە و لە قوڕ دروستکراون و کانزا بەکارنەهاتووە. یەکێک لەو جۆرانە لە ژێرەوە لولەکێکی هەیە. پێشتر وا زاندراوە بۆ تێکەڵکردن بەکارهاتبێ بەڵام لە دواییدا لەو بڕوایەن بۆ پاڵاوتن و لێکجیاکردنەوەی توخمەکان بەکارهاتوە.[13]

تا ئێستا شارستانیەتی سۆمەر بە سەرتای شارستانیەتی مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێ. سۆمەریەکان خۆیان بە خۆیان دەڵێن ‘ئوگ-ساگ-گیگ-گا’ واتە خەڵکی سەر ڕەش. مێژوی بەدەرکەوتنی سۆمەریەکان دەگەرێتەوە بۆ ٥٥٠٠ بۆ ٤،٠٠٠ ساڵ پێش زایین. تا ئێستا زمانی سۆمەر ڕوون نەبۆتەوە سەر بە چ لقێکی زمانە. نە سەر بە لقی سامی و نە سەر بە هیندۆ-ئەوروپی. ئەو شارستانیەتە هەم لەلایەن گروپی ئاری و هەم لەلایەن سامیەکان داگیرکراوە. بۆ نمونە لە ساڵی ٢٣٠٠ پ.ز سەرگۆنی ئەکەدی سامی هێرشی کردە سەر سۆمەریەکان.[14] لە هەمان سەرچاوە و لاپەڕە ئاماژە بەوە دەکات هەردووک کۆمەڵگا واتە سامی و سۆمەری بۆ ماوەیەکی زۆر بە ئاشتی ژیاون. ناوەکان بە جیاواز خوێندراوەتەوە. بۆ نمونە ناوی پاشای سۆمەری بە دونگی لە دواییدا بە شولگی خوێندراوەتەوە. لە ساڵانی ٢١٥٩ پ.ز گۆتیەکان هێرش دەکەنە ئەو ناوچاونە و داگیری دەکەن.
هەروەها شوێنەوارزانەکان زۆر کەلوپەلی دێرینیان لە ئێران دۆزیوەتەوە و ناتوانریت مۆرکی هیچ نەتەوەیەکی لێ بدرێت. لە نزیک پیرسەپۆلی لە تەلی باخان قاپێکی قاوەیی دۆزراوەتەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٤٥٠٠ ساڵ پ.ز. هەروەها لە سوسا دۆلکەیەکی قاوەیان دۆزیوەتەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٤٠٠٠ پ.ز. هەروەها لە کۆتاییەکانی هەزارەی چوارەم لە گۆدین (نزیک هەمەدان) شوێنی ژیانی مرۆڤیان تێدا دۆزیوەتەوە. لە شوێنی جیاوازی ئێران نزیک ئەفغانستان و لە خوارووی ئێرانیش لە کرمان و لە لوڕستان، دەیان ئاسەواری تریان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٢٠٠٠ پ.ز. بەڵام ناتواندرێت لێکدانەوەی بۆ بکرێ چونکە نوسینەکانی وێنەیە نەوەک پیت. [15]

ئایا کورد مێژوو و شارستانیەتی هەبووە؟
ناوچەی میزۆپۆتامیا شوێنی ململانەی نێوان هۆزەکانی سامی و ئاری بوون. بەڵام لە سنووری ئەو جوگرافیایەی کە ئیمڕۆ پێ دەڵێن ئێران. هەمیشە ئاریەکان زاڵ بوون و سامیەکان نەیان توانیوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کۆنترۆڵی بکەن. میزۆپۆتامیای سەرو و ناوەڕاستیش هەمیشە ئاریەکان تەیدا زاڵ بوون و هەرجارێ بە ناوێک. ئاریەکان یاخود باشترە بڵێین هۆزە زاگرۆسیەکان بە ناوی جیاجیا شانشینیان دامەزراندووە. فەرمانڕەوایی ئەو شانشینانە هەندێک جار بە ناوی ئیمپڕاتۆریەت ڕۆیشتووە و هەندێک جاریش بەناوی شانشین هاتووە. ئەوەی زۆر ڕوونە ئەو شانشینانە یان ئیمپڕاتۆریەتانە هەموویان لە تیرەی زاگرۆزیەکان بوون وەک لۆلۆیەکان، گۆتیەکان، کاسیەکان، سوبارتو، میتانی، هیتایت، مانای، فریجیا (گۆردیۆن)، میدیا، ساسانی.
کەواتە شارستانیەتی کورد لهو خاڵهوه دهست پێدهکات که مرۆڤایهتی لە زاگرۆس و ئێران و میزۆپۆتامیاوە دروست بووە. شارستانیهت تهنها مانای ئهوه نییه شار دروست بووبێت یاخود ژیانی پێشکهوتووخوازی له شار دروست بووبێت. شارستانیهت بریتیه له ژیانی کۆمەڵێ مرۆڤ به یهکهوه بتوانن خێزان دروست بکهن و بهیەکهوه ژیانی خۆیان ببهنه سهر، به جۆرێک بیر بکهنهوه که ساتهکانی خۆیان پێشبخهن و هزر و ئامێری پێشکهوتوو دروست بکهن و له گۆڕانکاریهکانی ژیان دابن. کهم یان زیاد لهو گۆڕانکارییه و پێشکهوتنهدا شارستانیهتی پێشکهوتوو و دواکهوتوو مان بۆ بهدی دەکرێت. کهوابوو مێژوو چیمان بۆ دهر دهخات؟
زۆرجار ڕۆڵەی کورد بهم ههڵهیه داڕۆیشتووە وتویەتی کورد مێژووی نییه. یاخود زۆرجار ئهڵین فلانە میللهت مێژووی نییه. ئهم دهستهواژهیه ههڵهیه ئهکرێ بڵێین ئهو میللهته مێژووی تۆمار نهکراوه. بهڵام خۆیان ژیانیان ههبووه بهڵام لهوانهیه ئاستی وشیاری لهو ئاسته نەبووه مێژووی خۆیان تۆمار کردبێ لهوانهشه دوژمنانی ئهو میللهته تۆمارکراوهکانیان سوتاندبێ. دهتوانین بڵێین کوردیش بۆماوهیهکی دوورودرێژە له بهربهرەکانیدایه. لەوانەیە به جۆرێک مێژووی خۆی تۆمار کردبێ بهڵام لە دواییدا دوژمانانی لێیان سوتاندووە. کەواتە هیچ میللەتێک بێ مێژوو و بێ شارستانیەت نییە. لە هەر کونجێکی ئەو دونیایەدا. ئەگەر مرۆڤێک توانیبێتی بەردێک بخاتە سەر بەردێک بۆ دروستکردنی کولانەیەک ئەوا بێ مێژوو و بێ شارستانیەت نییە.
بمانهوێ و نهمانهوێ، دوژمنانمان مێژووی کوردیان تۆمار کردووه یان دهیکهن. بهڵام چهندی به خواستی کوردە و ڕاستی ڕووداوەکانی مێژووی کوردی تۆمارکردووە، ئهمه ئهبێته تهوهری باسهکانمان. زۆر جار بهخت یاوەرت دەبێ یان دوژمن به ساویلکهیی سات و ڕووداوەکان تۆمار دهکات یان کاتێك دوژمنێکی تری بۆ دروست دەبێت دەبینین ڕووداوەکانی تۆ که بهههڵه و ناڕێکی باسکراوه ئهو ڕاستی دهکاتهوه به یاسای دوژمنی دوژمنم دۆستمه، ئهو میژووه ڕاستە دههێڵێتهوه.
بۆ ئهوهی زیاتر بابەتەکەم ڕوونبێتەوە، لە ڕابوردوودا کورد دوژمنی زۆری هەبووە، بۆ نمونه یۆنانیهکان بۆ ساڵانێکی زۆر دوژمنی بووه، وە لە لایەن یۆنانییەکانەوە میدیەکان بە نەتەوەیەکی تۆقێنەر ناسرابوون. بەڵام لەو کاتانەی یۆنانیەکان بوونە دوژمنی سەرسەختی تورکەکان، میللەتی کوردیان بە میللەتێكی باش و ئاشتی خواز لە قەڵەم دەدا. جا حیکمهتی ئێمه ئهوهیه کاتێک دوژمنان به هەموو شێوهیهک چهواشەی مێژووی کوردیان کردووه تۆ بتوانی ڕاستەقینەی مێژووهکه بدۆزیتەوە. لە نمونەیەکی تردا، لهسهردهمی پێش ئیسلام عهرهب بهو پهڕی شانازیەوه باسی ناوچهی میزۆپۆتامیایان کردبوو تهنانهت شاعیرهکانی عهرهب لە شعرەکانیان بە شکۆمەندی باسی لەشکری ساسانیەکانیان کردووە، بەڵام کاتێک ئیسلام سهری ههڵدا ساسانیەکان کە دەوڵەتێکی کوردی بوو، لە ڕوانگەی ئەوانەوە بوون به ئاگر پهرست و بێ ئایین و جاهیل و… هتد.[16]
کهوابوو ئهبێ ئێمه ئهو ڕاستییانه خوارکراوه و چهواشه کراوه دهبێ به لۆجیکانه ڕاستی بکهینهوه.
مێژوو و شارستانیەتی کورد لە شارستانیەتی ڕۆم و یۆنان کەمتر نەبووە بەڵکو لەزۆر ڕووەوە گرینگتر بووە بەڵام ئەوان وێرانکاریان بەسەر نەهات و لە مێژوو چەقگیر بوون بەڵام لای ئێمە ڕۆڵەکانمان مانەوە و ناوی باپیرانمان ون بوون. لە مێژووی ئیسلامدا باس لەوە کراوە کاتێک مەدائین دەگرن چەند پەرتوکێکی گرینگ بەردەستیان دەکەوێ. لە ژیاننامەی عومەری کوڕی خەتابدا باس کراوە پیاوێک دێتە لای عومەر دەڵێ کاتێک مەدائینمان گرت پەرتوکێکم دەست کەوت وشەی زۆر سەرسوڕمانی تێدابوو، عومەر دەڵێ لە پەرتوکی ئەڵڵایە؟ ئەویش دەڵێ نەخێر، بۆیە عومەر دارکاری دەکات و ئایەتی ١ بۆ ٣ی سوڕەتی یوسف دەخوێنێتەوە. ئینجا دەڵێ ئەوانەی پێش ئێوە بە هەلاکەت چوون پەرتوکی زانایەکانیان بە هەند وەرگرت و تەورات و ئینجیلیان واز لێهێنا.[17] ئەمەش ئەوە دەگەینێت ئەو پەرتوکانە پەرتوکی مێژوویی و زانستی و فەلسەفی بوون جیاواز بووە لە پەرتوکێکی ئایینی بۆیە سوتێندرا یاخود ئایینی بووە و بە خواستی ئایینی ئیسلام نەبووە.
هەروەها لە تەفسیری ‘قرطبي’دا هاتووە دەڵێ کەسێک بە ناوی ‘النضر بن الحارث’ پەرتوکی لە ناوچەی ساسانیەکان دەکڕی و دەهات بە خەڵکی مەککەی دەگووت وەرن من چیرۆکی باشترتان لە موحەمەد (پەیامبەری ئیسلام. و ) بۆ دەگێرمەوە.[18] ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ پەرتوکخانە هەبووە بۆ فرۆشتنی پەرتوک ئەگینا کابرایەکی عەرەب چۆن توانیویەتی پەرتوکی دەست بکەوێ. دەبێ ئەوە چ شارستانیەتیەک بووبێ کە زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا ئیمبراتۆریەتێک پەرتوکخانەی هەبووبێ!!!!!
ئهو شارستانیهتەی کورد دهستی تێدا ههبووه دهتوانم بڵێم یهکێکه له کۆڵهگهکانی بهرەوپێشچوونی شارستانیهتی ئیمڕۆ. با ئهوروپییهکان و ڕۆژهەڵاتییەکان نهڵێن ئێمه خاوهن شهمهندهفهر و کۆمپیوتهرین و ئێوه خاوهن هیچ شارستانیەتێک نیین! ئهگهر یاسا بنهڕهتیهکان له (شهمهندهفهر و ئوتۆمۆبیل و کۆمپیوتهر) دهربهێنی ئهوا جیهانیان له چرکهیهکدا ڕادهوەستێ![سەیری بەشی شەشەمی پەرتوکی ڕامان لە میژووی کورد بکە]
شوێنەوارزانەکان کەلوپەلیان لە چاخی بەردینەوە هەتا چاخی شارستانیەتی دووهەم بە بێ نەپساوە لە سنوری ئێرانی ئیمرۆدا دۆزیوەتەوە. چاخی شارستانیەتی دووهەم دەست پێ دەکات لە کۆتایی پێنج هەزار و سەرەتای چوارهەزاری پێش زایین کە مس و بەردیان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی کەلوپەل. لە دواییدا چاخی شارستانیەتی سێهەم دێت کە زۆربەی ئەو شارستانیەتیە لە چوارهەزارەی پێش زایینە. لە چاخی سێهەمدا کەلوپەلەکان وێنەی لەسەر کێشرا، وەک مار و پڵینگ و نەعامە (وشترمرخ)، دەرگای خانوەکان تەسک بووە و پەنجەرەکانیان لەسەر شەقامەکان بووە. پەیکەری بچوکی لە شێوەی ئاژەڵەکان دروستکراوە بۆ یاری منداڵان و هەروەها بۆ قوربانی خوداکان. لەو سەردەمەدا زۆربەی کارەکان بە مس کراوە، وە تەوری لەبەرد گۆڕاوە بە تەوری مس، چەقۆ لە مس دروستکراوە، بۆ ملوانکەکانیش بەردی فەیروزو مرواری بەکارهاتووە.[19] ئەوەی جێگای سەرنجە کاتێک باس لە ناوچەکانی عێڕاق و ئێران دەکرێت زۆربەی شوێنەکان ناوچەی جوگرافیای کوردستان دەگرێتەوە. واتە کوردستان بە بەردەوامی جێگای ژیاری ئادەمیزادەکان بووە.
بۆ نمونە، د. ئەحمەد مەحمود لە نوسینی ‘جیمس میلارت’دا ئاماژە بەوە دەکات، سنووری شارستانیەتی حەلەف لە شێوەی کەوانە پەلی هاویشتووە، لە ڕوباری فوڕاتەوە دەست پێ دەکات بەرەو ئاراستەی زێی گەورە، وە ئەگەری ئەوەی هەیە کە زنجیرە چیای تۆرۆس سنووری باکووری بووبێ. وە لەو سنوورە جوگرافیایە کە ئەو شارستانیەتەی لەسەر دامەزراوە دەکەوێتە چەقی نیشتیمانی میدیەکان.[20] بەڵام ئیمرۆ شوێنەواری حەلەف دەخرێتە سەر وڵاتی سوریا و ناوی کوردستان وون دەکەن.
[1] Kriwackzek, Babylon: Mesopotamia and Birth of Civilazation (London: Atlantic Books, 2010), 4.
[2] Watch Tower Bible and Tract Society, Pay Attention to Daniel’s Prophecy (United States: Watch Tower Bible, 1999), 202.
[3] Reade, Mesopotamia (London: British Musem Press, 2013), 4.
[4] Curtis, Later Meopotamia and Iran: Tribes and Empires 1600-539 BC. (London: British Meseum Press, 1995), 54-5.
[5] ئەنداز حەوێزی. ئاڤێستا.
[6] John Robertson, Iraq: A History (London: Oneworld Publication, 2015,2016), 26.
[7] Geoffery Barraclough, (ED), The Times Atlas of World History (London: Times Books, 1993) 34-40.
[8] Jullian Reade, Mesopotamia, 22.
[9] Ibid., 27.
[10] Ibid., 6.
[11] Ibid., 28.
[12] Ibid.,16.
[13] Martin Levery, Chemistry and Chemical Technology in Ancient Mesopotamia, (Amsterdam: Elsevier Publishing Company, 1950), 16-7.
[14] Kriwackzek, 8.
[15] John Curtis, Ancient Persia (London: The British Museum, 2011), 8-13.
[16] سمیع جمیل الجبیلي، دیوان أمیة بن أبي الصلت (بیروت: دار صادر، ٢٠٠٥)، ١٧٥- ١٧٨// البدایة و النهایة، فصل ولیس جمیع سبأ خرجوا من الیمن، ج ٢ ل ١٩٥- ٢٣٠// شیعرێکی ‘أمیة أبي الصلت’ باس لە سەروەری ‘سیف بن ذي یزن’ دەکات، هەیبەتی لەشکرەکەی بە هەیبەتی لەشکری کسرا و سابور دەچوێنێ. دەڵێ ‘من مثل کسری و سابور الجنود لە * أو مثل وهرز یوم الجیش اذ صالا. واتە لەشکرەکەی ‘سیف’ کە هێرش دەکات وەک سەربازەکانی کیسرا و سابور و هریزە یە. ‘ بە کورتی: چیرۆکی ئەو بەسەرهاتە ‘سیف’ دەچێتە لای ڕۆمەکان تا هاوکاری بکەن بۆ لەناو بردنی حەبەشیەکان لە یەمەن بەڵام ڕازی نابن پاشان دەچێتە لای کسیرا ئەویش لەشکرێکی لە زیندانیەکان بۆ پێکدەهێنێ بەسەرپەرشتی ‘هریزە’. بە هۆی زیندانیەکانی کیسرا دەتوانن یەمەن خاوێن بکەنەوە لە حەبەشیەکان. لە بەشێکی تری ئەو پەرتوکە ڕوون دەبێتەوە ئەو ناوچانە و کیسرا لە بنەماڵەی کورد بوون وە خاوەنی ئەو هێز و توانستانە بوون//
[17] ابن الجوزي، مناقب أمیر المٶمنین عمر بن الخطاب، الباب الثاني و الاربعون. ص ٩٠ – ٩١.
[18]تفسیر القرطبي، سورة لقمان، ایة ٦.
[19] أحمد أمین سلیم، ایران: منذ أقدم العصور حتی أواسط الاف الثالث قبل المیلاد ( بیروت: دار النهضة العربیة، ١٩٨٨)، ١٧٥، ٢٠١-٢٠٣.
[20] ئەحمەد مەحمود ئەلخەلیل، ٢٨-٩.