دەربارەی من

بە خێر بێن بۆ ماڵپەرە سەرەکیەکەم

من ‘ماکۆ ساوین’ لە بنەماڵەیەکی کۆیی لە شاری هەولێر لە دایک بووم. ناوی لە دایک بووم ‘سۆران’ە، لە بەریتانیا ناوی خۆم گۆری بۆ ماکۆ، ماکۆ شارێکی دێرینی کوردستانە، لانکەی مۆغەکانی کورد بووە. کوری ‘مامۆستا تەحسین عومەر حەسن رەسول مەحمود محمد’م. وە کوری ‘مەلێحە کچی میرزا سعید ئەحمەدی کۆیە’م، بنەماڵەی دایکم دانیشتوی شارۆچکەی قەڵادزێ بوون.

خوێندنی سەرتاییم تا زانکۆ لە شاری هەولێر تەواو کردووە. پاش تەواو کردنی کۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابوری لە بەشی ئامار لە زانکۆی سەلاح الدین لە ساڵی ١٩٩٣، لە فەرمانگەی تەندروستی هەولێر دامەزراوم. لە دوایدا تا ساڵی ١٩٩٨ سەرپەرشت و لێپرسراوی بەشی کۆمپیوتەر بووم، لە ساڵی ٢٠٠٠ وە لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێ بووم.

لە قۆناغی ئامادەیدا خولیای زانستی فیزک و بیرکاری بووم، لە ئەنجامدا ڕامانم لەسەر چەند یاسایەکی فیزیک و بیرکاری هەبووە. شان بەشانی رێچکەی زانستی خولیای دۆزینەوەی نەهێنیەکانی ئاین و مێژووی کورد بووم. لە قۆناغی ئامادەیی دەیان پرسیاری بیرکاریم لە مامۆستاکانم دەکرد ئەو یاسایانە لە کوێوە هاتوون، هەمیشە دەیان وت جارێ زۆر زووە بۆ ئەو پرسیارانە، بۆیە بۆخۆم بە دوای داتاشینی ئەو یاسایانە دەکەوتم. کاتێک چومە زانکۆ، بیینم زۆرێک لەو یاسایانە بە جۆرێکی تر داتاشرا بوون، بەڵام ئەنجامەکانیان هەروەک یەک بوون، یاخود چەند یاسایەکم دۆزیبۆوە کەچی پێش من بە سەدەها ساڵ دۆزرابۆوە.

سەبارەت بە ئایین و مێژوو، بە بڕوای من هەردووکیان دوو زانستن و ئاوێتەی یەکترین، وەک دوو وێنەی یەک دراو بن، بە بێ زانیاری لە یەکێکیان ئەستەمە لە دیوەکەی تر تێ بگەی. لە ئەنجامی لێکۆڵێنەوەکانم بۆم دەرکەوتووە ئەگەر ئایین لانکەی بیر و هزری مرۆڤ بێت مێژوو ڕاژاندنی ئەو لانکەیە دەبێت. وە لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕێچکەیەکی ترم لە بواری ئاینی و مێژووی کورد گرتە بەر بەتایبەتی ئاشنا بوون بە ئاینی زەردەشتی و چۆنیەتی گەران بە دوای ئەو مێژووە وونبووەدا.

بوارەکانی ئەکادیمیم بەم شێوەیە بووە: چەندین بڕوانامەم لە بواری کۆمپیوتەر بەدەست هێناوە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٤ دا ئەو بڕوانامانەم بەدەستهێناوە:

Advance Diploma Level III, Programming (Java, System Analysis, Software Design, SQL)

Advance Diploma Level III, IT Users (Principle, Spread sheet, MS Word)

Diploma Level II, Programming (C++, Pascal, Visual Basic, Program Design Techniques).

Level II (Maintenance and Repair Hardware and Software, Photoshop, DreamWeaver).

CompTIA A+ in Hardware and Software.

Edexcel in Advance Oracle PL and Oracle SQL/SQL.

لە ٢٠٠٦، بڕوانامەی ماستەرم لە بواری زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی میترۆپۆلیتانی مانچستر بە دەستهێناوە.

لە ٢٠١٨، بڕوانامەی ماستەرم لە لێکۆڵینەوەکانی ئیسلامی (Islsmic Studies)، لە زانکۆی ئەبەردین ‘University of Aberdeen’ لە بەشی (فەلسەفە، مێژوو، ئاین)، بە پلەی باشە بە دەستهێناوە.

لە ٢٠٢١، بڕوانامەی ماستەرم لە زانستی بیرکاری، لە زانکۆی ئۆپن یونیڤێرستی ‘Open University’، بە دەستهێناوە.

سەبارەت بە بوارەکانی ترم، هەر کاتێک کاتم هەبووبێ خۆم سەرقاڵی مێژووی کورد و ئایینەکانی زاگرۆسی کردووە کە نزیکەی چوار هەزار ساڵە کورد پەیڕەوی کردووە. لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا دوو بەرگی لێکەوتەوە بەناوی ڕامان لە مێژووی کورد و ڕامان لە ئایینە زاگرۆسیەکان. هەردووکیان ڕامانە لەسەر نوسینە گوماناویەکانی مێژوونوسان جا چ بە ئەنقەست نوسیبیان یان بە هەڵە ڕاڤەیان کردبێ.

کاری ڕێکخراوەیی: لە کۆمەڵەی کوردی و ڕێکخراوی زەردەشتی کارم کردووە. لە ساڵی ٢٠١٦ – ٢٠١٧ بەرێوەبەر و مامۆستای یاریدەدەر بووم لە پەیمانگای زەردەشتی (ئۆنلاین).

کارە پیشەییەکان لە ئەوروپادا:

یاریدەدەری مامۆستای ئایتی ‘IT’ لە کۆلێژی ‘Mancat’.

وەرگێران.

کاری نوسینگە: ناردنی دراوەکان، گەشتیاری.

پێشەی ئێستا: فۆرێکس و دراوە دجیتالەکان، بەرێوبەری کۆمپانیای ‘Z & Z Ltd.’.

ئەمانەی سەرەوە بەرهەمی من و جگە لەوەش دەیان نوسینم لە ماڵپەرە کوردییەکان بڵاوکردۆتەوە. سەبارەت بە بابەتی بیرکاریش دەیان بەرهەمم هەیە و یەکێک لەو بەرهەمانەم سەبارەت بە دۆزینەوەی یاسای ڕووبەری شێوە ئەستێرە بوو، لەسالێ  ٢٠٠٥ لە رۆژنامەیەکی تایبەت بە بیرکاری بڵاوم کردەوە.  ناوی ڕۆژنامەکە: “Mathematical Spectrum Magazine Sheffield University”

هەروەها سێ بابەتی ترم لە بواری بیرکاری لە گۆڤاری M500 بڵاوکراوەتەوە، سەیری بەشی بیرکاری بکە.

بەرهەمە تەواو نەبوەکان و پلانی ئاییندە:

  • ئامادەکاری بۆ دکتۆرا لە ‘بەراورد لە نێوان ئاینی زەردەشتی و ئایینی ئیسلام’.
  • لێکۆڵێنەوە لە ئایینی مۆدێرن و سیستەمی کۆیلایەتی سەردەم.
  • مێژووی دروستکراو و زمانی سۆمەری.
  • ئایا کۆتا ژیانی مەسیح لەسەر خاچ بوو؟