سیمۆرغ (Simorgh)

٢. سیمۆرغ (Simorgh) لە نێوان ئایین و کلتووردا

هەمیشە دەبینین سیمۆرغ لەلایەن مێژوونوسە ئێرانیەکان و یابانیەکان بە کلتوور باس دەکرێ و ئاماژە بە وشەی ئایین ناکرێ، یاخود باسی باڵدارەیەکی ئەفسانەیی دەکەن. هەمیشە مەرامێکی شاراوە بەدی دەکەین لە تێکەڵ کردنی ئایینی میثرایی و سیمۆرغ و زەردەشتی و زیروانی. هۆکاری ئەو ناڕوونیە و باس نەکردنی سیمۆرغ بە ئایینێکی دێرین ئەو کاتە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە لە ئایینی زەردەشتی و مێژووی گەڵانی زاگرۆسی تێبگەین. بۆیە لە درێژەی باسەکانمان هەوڵ دەدەین تڵخ و لێڵی ئەو مێژووە بڕەوێنینەوە. لە دەستپێکی ئایینی گەلانی زاگرۆسی پێویستە بزانین چۆن سیمۆرغ هەم بە چیرۆکی باڵندە و هەم بە کلتوور باس کراوە.

٢. ١ چیرۆکی باڵندەی سیمۆرغ

باڵندەی سیمۆرغ پەیوەندی بە چیرۆکی فینێکس هەیە، ئەو ئەفسانانە وەک دنکی دەسبیح وایە، یەک پەیوەندی بە ئەوی ترەوە هەیە. بۆیە پێویستە بزانین فینێکس چییە!

فینێکس: باڵندەیەکی ئەفسانەییە بۆ ماوەی ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ ساڵ دەژی، لە کۆتایی تەمەنیدا، شوێنێک لە دەلوجەی شیرن و گژوگیا بۆ خۆسوتاندنی خۆی دروست دەکات. پاش ئەوەی هێلانەکە بە ئاگر دادەگیرسێ، بە باڵەکانی باوەشێنی دەکات. لە پاشماوەی خۆڵەمێشەکەیدا بەگەنجی دروست دەبێتەوە، پەرەموچەکانی بە جوانی دروست دەبێتەوە.

فینێکس لە لای چینیەکان پارێزی ئیمپڕاتۆریەتە و سەرۆکایەتی دەکات، هەروەها تەلسەمی خۆشگوزەرانی و دابینکردنی ژیانی خۆشی هاوسەرگیریە. بە مانای تەسوفەکەشی هەمو جیهان تێیدا بەرجەستە بووە، سەری جیهانە، چاوی خۆرە، دەندوکی مانگە، باڵەکانی ‘با’یە، لاقەکانی زەویە، کلکی دار و درەخت و گژوگیا و ڕوەکە. بەپێی توێژینەوەی ئایینی و ئارکیۆلۆجی وا نیشان دەدرێت ئەو بیروباوەڕ و ئەفسانەیە لە ناوچەی هیند و ئێرانی کۆن گوازرابێتەوە، هەر بۆیە دەبینین هەمان ئەفسانە لەناو یابان و کۆریا دووبارە بۆتەوە بە جۆرێکی تر. لە یاباندا فینێکس بە ‘هو-وو’ ناسراوە، تەلسەمی سەقامگیری و پەسەنی یە، وەفاداریە، دادپەروەریە و خێروخێراتە. فینێکس وا نیشان دەدرێت ڕوخساری خۆرە و لەناو زەوی دەردەکەوێ و پەیوەستە بە هەموو ڕووداوە مەزنەکانەوە.

لە یاباندا، تۆری (Tor-ri) ئەو دەرگایەیە کە ڕازاوەتەوە و نەقشی لەسەر کراوە و دەروازەیەکە بۆ چوونە ژووری پەرستگای شینتۆ(Shin-to)، لەسەر ئەو دەرگایە هێلانەیەک دروستکراوە بۆ فینێکس کاتێک سەردانی زەوی دەکات.[١]

لەناوچەی ئێرانی کۆندا سیمۆرغ باسی لێ کراوە و گۆڕاوە بۆ فینێکسی چین و یابان و کۆریا. بە پێی هەندێک نوسینی نوسەران دەڵێن: سیمۆرغ بونەوەرێکی ئەفسانەیی ڕۆژهەڵاتی ناوینە، سەری مرۆڤە و لەشی باڵندەیە، ئەو بوونەوەرە تەمەنێکی درێژی هەیە لە ماوەی سێجاری تێکچوونی دونیادا ژیاوە. ئەم ئەفسانەیە لە شانامەی فیردەوسی باس کراوە و لەناو کلتووری ئێرانیدا ڕەنگی داوەتەوە.

لە ئازەربایجانیش هەمان چیرۆک هەیە بەڵام لە ڕووی پەیکەرتاشی و گێڕانەوەکان تۆزێک جیاوازی هەیە. لە فۆلکلۆری کوردیشدا )سیمرغ بە سیمرخ یان سیمر( [٢] باس کراوە و دەگێڕنەوە: پاڵەوانێک وەچەی سیمورغ لە مارێک ڕزگار دەکات کە بەدرەختێکدا هەڵدەگەڕێ تاوەکو بیخوات. لە پاداشتی ئەوە، سیمورغ سێ پەرەموچی دەداتێ و دەڵی هەر کاتێک پێویست بە یارمەتی بوو بیان سوتێنە. لە دواییدا، پاڵەوانەکە هەرسێکی دەسوتێنێ و سیمورغ بۆ هاوکاری ئەو دێت و دەیبات بۆ شوێنێکی دوور. لە هەندێک گێڕانەوەی تردا دەڵێن لە جیهانی سەرزەمین هەڵیدەگرێ. لە ڕێگادا، خۆراکی پاڵەوانەکە لە ڕێگای مەمکەکانی سیمۆرغ دەبێ و پاڵەوانەکەش چەوری مەڕی دەداتێ.

بەڵام لە چیرۆکی ئێرانییەکاندا ئیمرۆ فارسەکان خۆیان بە پێشەنگی دەزانن، لە لای فارسەکان ئەو پاڵەوانە دەبێتە خورشید و چیرۆکێکی دووردرێژیان لەسەر هۆنیوەتەوە. تەنانەت بە سێ جۆری جۆراوجۆر گێردراوەتەوە زۆربەشیان لەسەر شانامەی فیردۆسی داتاشراوە. بۆ زیاتر زانیاری بگەرێووە بۆ سەرچاوەی پەیام نەبراز. [٣]

زۆر جار ئەو باڵدارە ئەفسانەیە لە شێوەی تاوسێکی گەورەیە، سەری سەگە و چڕنوکەکانی شێرە. سیمۆرغ هاوشێوەی فینێکسە، ١٧٠٠ ساڵ ژیاوە ئینجا خۆی سوتاندووە. کاری سیمۆرغیش پاککردنەوەی ئاوی زەویە، پەیامنێر و ناوەندگیریە لە نێوان ئاسمان و زەویدا. هێلانەی سیمۆرغ لەسەر درەختێکە کە هەڵگری هەموو تۆوەکانە پێی دەڵێن هارڤی-سپ-تۆ-خم (Harvisptokhm)، یان دەڵێن لەسەر درەختی گاو-کێرینا (داری ژیان: هۆما لە ئاڤێستا)یە ئەو درەختەش لە ناوەڕاستی دەریایەکی ئاسمانییە یان دەڵێن لە زەریایەکی دوورە، ناوی ڤۆور-و-کاشا(Vourukasha)یە. کاتێک سیمۆرغ لە شەقەی باڵی دەدات ئەو تۆوانە لە ڕێگای ‘با’ و ‘باران’ کە پێیان دەڵێن ‘ڤایو-ڤاتا’ و ‘تیشتریا’، تۆوەکان بە جیهاندا پەخش دەبێت و ڕوەکەکان شین دەبن.

لێرەدا بەرچاومان ڕوون دەبێ ئەو باڵندە ئەفسانەییە وردە وردە فۆڕمێکی ئایینی بەخۆوە دەبینێ نەوەک چیرۆکێکی ئەفسانەیی. زۆر جار سیمۆرغ هەموو پێکهاتەکانی میثرا بەخۆیەوە دەبینێ وەک هەندێک دەڵێن سیمۆرغ دایکی ئایینی میثرایە بەڵام چیرۆکەکانی سیمۆرغ لە قاڵبی کلتووری باس دەکرێ نەوەک قالبێکی ئایینی. لە بەشەکانی تر باسی ئەوە دەکەین بۆچی ئەو چیرۆکانە لە ئاڤێستادا باس کراوەتەوە و بۆچی وەکو ئایین باس نەکراوە. دەبێ بزانین نوسەران چۆن باسی کلتووری سیمۆرغ دەکەن!

٢.٢ کلتووری سیمۆرغ

کلتووری سیمۆرغ بەو ئایینانەی پێش ئایینی زەردەشتی دەگوترێت کە لە ناوچەی میدیا و پارس و ئەرمەنیەکاندا هەبووە. بە پێی هەندێک سەرچاوە ناوچەیەکی بەرفروانتریشی داگرتووە وەک کۆریا و یابان و باکووری ڕۆژهەڵاتی چین و ئەفگانستان و کشمیر و پاکستان و سیبریا و دەریای ڕەش و قەوقاز و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا. بەرلەوەی سیمۆرغ ببێتە ئایینێک، ئەفسانە و داستانێکی ڕۆژهەڵاتی ناوین بووە. لە دواییدا ئەو دابونەریت و گێڕانەوانە لە فۆڕمێکی ئەفسانەی ئایین ڕەنگی داوەتەوە.

لە پوختەی نوسینەکانی نوسەر و دکتۆری یابانی ماستۆ تۆیۆ (Masto Tojo)  کە زۆر جار ئاماژە بە سەرچاوەکانی پرۆفیسۆر فیلیپ  (Prof. Philip G. Kreyenbroek) دەکات کە پسپۆرە لە کلتووری کوردیدا، ئەو ئەفسانە ئایینیە هەڵدەهێنجین تاوەکو بزانین کلتووری سیمۆرغ چی دەگەیەنێ!

لە بنەچەدا، سیمۆرغ باڵندەیەکی گەورە بووە، خوداوەندی-ژن ‘دیڤ’ خۆی لەناو ئەو باڵندەیە بەرجەستە دەکات. بەرجەستەبوونی خوداوەند لە ئاییندا بەدی دەکرێ هەروەک چۆن لە ئایینە سامیەکانیش ئەو بەرجەستەییە دەبینین، بۆ نمونە خوداوەند لە لەشی مەسیح خۆی بەرجەستە کرد و لە قوڕئانیش ئەڵلا لەناو شاخێک و دارێک خۆی بەرجەستە کرد.[٤]

لە درێژەی نوسینەکەی ماستۆ دەڵێ [٥]:

خوداوەندی مەزن ‘دیڤ’ (Div) ڕەگی خودا و تۆویەکەیەتی، تاکە هێزی ژیری و ژیانە و شاردراوەیە. لەسەرەتای ژیاندا، دیڤ وەک دایکێکە. تۆوی جیهانی هێناوەتە ژیان، ئەو تۆوە بچوک بووە لەناو هێلکەیەکی بەردینی داناوە، وەک منداڵێکی لە دایک نەبوو لەناو منداڵدانێکدا. نیوەی سەرەوەی هێلکەکە هەوا بووە و نیوەکەی بنەوەشی ئاو بووە. ئەو تۆوە وەک دورگەیەک بووە لەناو زەریایەکی (ئۆقیانوس) ناو ئەو هێلکەیە، نە جوڵەی هەبوو، نە ڕوناکی. لەقوڵایی ناو ئەو هێلکەدا میثرا خەوتوو بوو. سیمۆرغ لەسەر هێلکەکە کورک بوو، لەسەر ئەو دورگەیە کە لەناوەڕاستی هیلکەکە دا بوو، تەنها یەک ڕوەک بەناوی گاو-کێرێنا (Gaokerena) کە نمونەی هەموو ڕوەکەکان بوو، یەک گا ‘گاڤ’ (Gav) نمونەی هەموو ئاژەڵەکان بوو. کاتێک هێلکەکە پێ دەگات، میثرا لە قوڵایی ئەو دورگەیە بە ئاگر و ڕوناکی هاتە دەرێ. هەروەک چۆن پریشک لە پشکۆ دێتە دەرێ. میثرا بوو بە خودای جیهان و ڕوناکی و ئاگر. ئەو میثرایە هەزار گوێ و دەهەزار چاوی هەبوو. بە باڵە کراوەکانی تاوس چواردەورە دراو بوو. میثرا هەمو شتێک دەبینێ و هیچ شتێک لە ئەو ون نابێ. کاتێک میثرا لە ناوەڕاستی دورگەکە ڕاوەستا حەوت خودا بەدەرکەوتن، خوداوەندی هەشتەم بەناوی گایۆمەرد بەدەرکەوت بەڵام بە ناتەواویی و قاچەکانی زۆر چورچ بوون, ئەو خودایە هەر زوو مرد. بۆیە هاوڕێکانی قوربانیان بۆ جەستەی ئەو خوداوەندە دا ئەویش بە سەربڕینی گایەکە و ڕوەکەکەیان پڵیشاندەوە تاوەکو خۆشاوەکەی لێ دەربێنن. کاتێک میثرا ئەوەی کرد، توخمەکەی کە خۆر بوو، هەڵکشا بەرەو بنبانی ئەشکەوتەکە (نوسەر ئەوەی لە بیر چووە بڵێ پێش قوربانیەکە میثرا دەچێتە ئەشکەوتێک)، بەرزی بنبانی ئەشکەوتەکە سێ ئەوەندە بەرز بۆوە. میثرا بێ شمار ئەستێرەی دروست کرد و ئاسمانی پێ ڕازاندەوە. خاک و دەریاکان سێ ئەوەندە کشان. بوو بەو جیهانەی ئێمە دەیبینین.

میثرا خۆری خۆی بەخشی بە ئاسمان و شەش خوداکەی تریش هەریەکە هەسارەی خۆیان بەخشی بە ئاسمان کە (مانگ و  ناهید ‘کاروانکوژ’، زاوە، بارام، کەیوان، هورمز) بوون. لەناوەڕاستی ئەو دورگەیەدا، بە شەس سەد ساڵ شاخی ‘هەرا’ دروست بوو. سێ وێستگەی لێ دروست بوو. هەر وێستگەیەکیش بە دوو سەد ساڵ دروست بوو، بۆ هەریەک لە خۆر و مانگ و ئەستیرەکان. لە سەر لوتکەی ئەو شاخە تاڤگەیەکی هەڵقوڵاو بە باڵای شاخەکەدا هاتە خوارێ و ڕوبار دروست بوو. هەروەها ٢٢٢٤ شاخ لە شاخی هەرا دروست بوو، چواردەوری زەمینیان گرت. هەروەها خولانەوەی هەسارەکان لە ئاسمان دەستی پێ کرد تاوەکو شەو و ڕۆژ و وەرزەکان دروست بکات. پاڵاوتە و کرۆکی قوربانیەکانی گا و ڕوەک و گایۆمەرد چوو بۆ ئاسمان، سیمۆرغ لەگەڵ ئاوی ژیان تێکەڵی کردن و بە زەویدا پەرش و بڵاوی کردن. لە دڵۆپەی باراندا ڕوەک و ئاژەڵەکان دروست بوون. میثرا لەگەڵ خوداوەندەکانی تر و یەزاتەکان چەرخی گەردونیان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک هەڵسوڕاند.

لەسەرەتادا، خوداوەندەکان و مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەکەکان بەیەکەوە دەژیان، بە تێپەڕبوونی کات بوون بە سێ بەش. نیوەی خودایەکان چوون بۆ ئاسمان و نیوەکەی تر چوونە ژێر زەوی. ڕوەک و مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش لەسەر زەوی دەژیان. هەموو خوداوەندەکانی ئاسمان یارمەتی میثرایان دا تاوەکو حوکمی جیهان بکات. هەریەک لە خوداکانی تریش بەشێک لە جیهان حوکم بکات. ‘وایۆ’ بوو بە دەسەڵاتی باران، ‘ئاتەر’ خودای ئاگر، ‘ئابن’ خودای ئاو، خودا ‘ئاسمان’ بو بە خودای ئاسمان، ‘ئارمایتی’ خودای منداڵدان، ‘رام’ خودای ئاواز و رەتمەکان، ‘مانثرا’ خودای وشەی پیرۆز، ‘ئاشا’ خودای دادپەروەری، هەر خودایەک کارێکی هەبوو، مرۆڤەکانیش قوربانی و نزایان بۆ ئەو خودایانە دەکرد. خوداکانی ژێر زەویش کەوتنە دژایەتی لەگەڵ خودی ئاکاری خۆیان و تاریک بوون. بەمەش مرۆڤەکان ترسان و لێیان دوورکەوتنەوە.

هەریەک لەم خودایانە بۆ ماوەی هەزار ساڵ حوکمی جیهانیان کرد. ڕەوانەکانیش بە بەردەوامی لە دۆناودون دان. لەدایک بوون و مردنی هەموو بوونەوەرەکان دووبارە دەبێتەوە هەروەک چۆن ڕۆژ و شەو و وەرز دووبارە دەبنەوە.

 کاتێک ڕەوان لە جەستەی مرۆڤ دەردەچێ دەبێتە سیمۆرغێکی بچوک و بەرەو ئاسمانەکان دەڕوات. حەوت خوداوەندەکان دیاریەکی دەدەنێ و لە ژێر سێبەری پارێزەری خوداوەند ئارمایتی جارێکی تر ڕەوانەکە دەچێتەوە جەستەی کۆرپەیەک لە منداڵدانی مرۆڤ. چۆنیەتی ئەم دۆناودۆنەش بەمشێوەیە دەبێ کاتێک ئەو ڕەوانە لە شێوەی سیمۆرغی بچوک دەگاتە ئاسمان. خوداوەندەکان دەیگەینە لای سیمۆرغی گەورە و لەوێ یەک دەگرنەوە. پاش ماوەیەک لەگەڵ دڵۆپەی باران دەگاتەوە سەر زەمین. ڕەوان دۆناودون دەکات لەگەڵ کانزاکان، ڕوەکەکان، ئاژەڵەکان و مرۆڤەکان، هەندیک جاریش گەشە دەکات و دەبێتە ئەندامی خوداوەندەکانی ئاسمان و ژێرزەمین.

ماستۆ زۆر بە دوورودرێژ و چەندین نوسینی لەسەر ئەو بابەتە باس کردووە، بەڵام ئەوەی ماوە باسی بکەین لەو ئەفسانەیەدا ئایا خوداوەندی ژن دیڤ شێوازی چۆن بووە. دیڤ شەش دەموچاوی هەبووە، بەو دەموچاوانە دەگوترێت ‘ئامێشەسپێنتا’. ئەو دەموچاوانەش بریتی بوون لە میثرا، ڤارونا، ئەهریمەن، ئاتەر، خوار، ڕام. واتە ئەو حەوت خوداوەندەی کە باس کران لە بنەڕەتدا دەموچاوێکی ئەو خوداوەندە ژنە بوون.

میثرا خودای هاوڕێیەتی و یەکەم دەموچاوی ئامێشەسپێنتایە و خودی سیمۆرغە. واتە ڕوخسارێکی دووانەیی لێ بەدی دەکرێت سیمۆرغ ڕەگەزی مێینە دەبەخشێت و میثراش ڕەگەزی نێرینە. ئەوەی گرینگە بزاندرێت لە قۆناغی سیمۆرغدا میثرا نە میهری پێ دەگوترێت نە میترا.

سەبارەت بە ئەهریمەنیش خوداوەندی وزە و چالاکییە. خزمەتکاری خوداژنەکانە و دڵخۆشیان دەکات و خودای خراپە نییە. لە کلتووری سیمۆرغدا ئەهریمەن خوداوەندێکی باشە و خراپ نییە بەڵام لە قۆناغەکانی تری ئاییندا ئەهریمەن دەبێتە خودای شەڕ. لە کلتووری سیمۆرغدا ئەو خودایانەی تریش ڕۆڵیان هەبووە: ‘زامیات’ خوداژنی زەمین. ‘ئەناهیتا’ خوداژنی ئاو. ‘ڤایۆ’ خودای با. ‘بەهمان’ خودای مرۆڤایەتی. ‘تیار’ خودای ژیری. ‘بەهرام’ خودای جەنگ. ‘ئارشتات’ خوداژنی دادپەروەری. ‘هۆرداد’ خوداژنی تەندروستی. ‘مورداد’ خوداژنی نەمری.

ئا بەم شێوەی ئەفسانەی ئایینی سیمۆرغ لەناو گەلانی زاگرۆسی بەتایبەتی لەسەردەمی میتانیەکان و میدیەکان و پاشان لەناو ئەهلی هەق ڕەنگی دایەوە. هەر ئەو کلتوورە لە دواییدا لە چوارچێوەیەکی جیاوازتردا ئایینی میثرا لێ گەشە کرد، دەتوانین بلێین میثرا بە جۆرێکی تر و لە شوێنە جیا جیاکان بەجۆرێکی تر لە دایک بوو.

ڕامان:

ئەگەر سەرنج و ڕامانمان هەبێ سەبارەت بە سیمۆرغ، ئەبینین سیمۆرغ فۆرمێکی ئایینییە نەوەک کەلتووریی بێت یاخود گێرانەوەی چیرۆک و ئەفسانە بێت. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بۆچی سیمۆرغ بە دایکی ئایینەکان دانەندراوە یاخود هەر هیچ نەبێ بە دایکی میثرا و زەردەشت دابندرێت. لە کاتێکدا لە ئاڤێستادا باسی سەربردەکانی پێشوو دەکرێ باس لە سیمۆرغ دەکرێ و خوداکانی سیمۆرغیش هەرهەموویان بونەتەوە یەزاتەکان.

ئایین پێوەرێکی گرینگی مێژووییە، ئایین دایکی فەلسەفەیە و ئاوێتەی مێژووە، هەربۆیە ئەو شکۆ ئایینییە بە ئەفسانە ناوزەد دەکرێ. ناوچەی زاگرۆس لانکەی شارستانیەتە کاتێک دایکی فەلسەفە ئەخرێتە باوەشی یۆنان و ئەوروپا گەلانی زاگرۆس و فەلسەفە لەیەکتری دادەبڕێن و بۆشایی و کەڵێنێکی گەوەرە دەخرێتە نێوان ئەو شارستانیەتە.

خاڵێکی تریش زۆر گرینگە، زنجیرەی بیرکردنەوەی ئایینیی و فەلسەفی دائەبڕێنن، بۆ ئەوەی نیشانی بدەن بیرۆکەی تاکخودایی لە پڕ دروست بووە نەوەک لە ئەنجامی بیرکردنەوە و گەشەسەندن. هەر بۆیە ئایینی زەردەشتی بە ئاینێکی تاک خودایی داندراوە و پێشینەکەی دەکەن بە چیرۆک و ئەفسانە. لە کاتێکدا خودی زەردەشت و مۆغەکانی پاش زەردەشتیش ئاماژەیان بەوە کردووە ئایینی مەزدیەسنایی واتە ئایینی زەردەشتی، ڕیفۆرمی ئایینەکانی پێشخۆی بووە.

لە بەشەکانی تردا بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ ئایینی زەردەشتی چاکسازیکردن بووە لە ئایینەکانی پێشخۆی.

پەراوێزەکان:

[١]

 تۆری لە دوو وشە پێک دێت تۆر  واتە باڵندە، ‘ی’ واتە شوێن. واتە شوێنی باڵندە. شینتو: شینت: ژنخودا، تو: ڕێگا، واتە ڕێگای ژنخوداوەند.

[٢]

 (https://ku.wikipedia.org/wiki/Terê_Sîmir); (https://en.wikipedia.org/wiki/simurgh)

[٣]

 Payam Nabraz, The Mysteries of Mithras: The Pagan Belief That Shaped the Christian World (United States: Inner Traditions, 2005), 71-85.

[٤]

 سورەتی الاعراف: تجلی من جبل و جعلە دکا

 [٥]

Masto Tojo, Anahita Ancient Persian Goddess & Zoroastrian Yazata (Kindle: Anahita Water Ritual In Maihayana Buddhism); Masato Tojo, Myth of Simorghian Mithraism  New Religo-Cultural Movement; Masato Tojo, An Introduction to the Simorghian Culture and Mithraism in the East Asia: Mithra in Japan, Korea and China.