٦. ١. ٢ دۆزینەوە و داهێنانی مەینەوی (نابەرجەستە) (بەشی دووهەم)

جگە لە دۆزینەوە و داهێنانی ئامێری بەرجەستەیی، گەلانی زاگرۆسی لە دۆزینەوەی دیاردە سروشتیەکان دەستێکی باڵایان هەبووە. وەک شیکار کردنی خەون و پێشبینی کردن، هەروها لە سەردەمی میثرایەکانەوە قوڵبوونەوەیان هەبووە لەسەر ڕەوانی مرۆڤ، لە پاش مردن ئەو ڕەوانە بۆ کوێ دەچێت! هەر بۆیە لە ئەنجامی قوڵ بوونەوە تەکنیکی یۆگایان دۆزیوەتەوە و مەشقیان کردووە بە تاک و بە کۆمەڵ.

بە پێی نوسینەکانی ئۆریخەن  [١] کە نوسراوەکانی لەسەر بناغەی پەرتوکەکەی ‘سێلسەس’ە و باسی ڕەوانی کردووە دەڵێ:

ڕەوان لە نێوان بۆشایی هەسارەکان دێت و دەچێ. ئەو نوسینانە هێمای دانایی ئێرانیەکانە کە نەریتی میثرایەکان بووە کە لەنێوان خۆیاندا پراکتیزیان دەکرد. دوو هێما نمایشی دوو بازنە دەکات لە ئاسمان. یەکیان شێوازێکی بازنەی ڕێکوپێکە ئەوەی تر گۆیەکی ناڕێکە، ڕەوان بە نێو ئەو دووبازنەدا دائەروات. ئەو هێمایە نمایش لە قادرمێیەک دەکات کە حەوت دەروازەی هەبێ، لەسەرو ئەو قادرمەیە دەروازەی هەشتەم هەیە. هەر یەک لەو دەروازەیە لەسەر بنەمای خەسلەتێک بە توخمێک چوێندراوە، بۆ نمونە یەکەم دەروازە بە توخمی قوڕقوشم، دووهەم تەنەکە، سێهەم مسی سور، چوارم ئاسن، پینجەم کانزایەکی تێکەڵە لە دوو توخم، شەشەم زیو، حەوتەم زێر. هەریەک لەو توخمانەش بە هەسارەیەک داندراوە کە سیفاتی ئەو کانزایەی هەیە، وەک ‘کەیوان’ هەسارەیەکی هێواشە بۆیە بە قورقوشم داندراوە، ‘ناهی’ش وەک تەنەکە ڕوناک و ناسکە. ‘هورمز’ وەک مسی سور ڕەقە، ‘زاوە’ وەک ئاسن ئارامی هەیە لە کارکردن وەک مامەڵەکردنی بازرگانی، ‘بارام’ وەک تێکەڵاویەکە و خەتخەتی تیدایە وەک کانزا تێکەڵەیە، ‘مانگ’ وەک زیو، ‘ڕۆژی’ش وەک ڕەنگی زێر.[٢] ئوریخەن دەڵێ سێلسەس هۆکاری زیاترمان دەداتێ کە ئەو ڕێکخستنە، ئەو هێمایانە لەسەر بنەمای ناوەکانە، ئەوا ڕیتمێکی مۆسیقیەشی تێدا هەیە، کە هەموویان بەشێکن لە ئایینزانی پێرشیا.

نوسەر دەڵێ: ئەو پەیوەندیەی نێوان هەسارە و کانزاکان ئەگەر ڕاست بن یان نا دەمانگەیەنێتە ئەوەی نەهێنێ ئەستێرەناسی و نەهێنێ گۆڕانکاری توخمی کانزا بۆ توخمی زێر بەکارهێندراوە بۆ جادوی سپی یۆگا (Theurgical Yoga)[٣]. هەشت ئاوێنەی توخمی جیاواز لە دیوارەکان لە شێوەی هەشتگۆشە هەڵدەواسرا و قەنەفەیەکیش لە ناوراستی ژوورەکەدا هەبووە، قاچەکانی قەنەفەکەش ڕووپۆشکراوە. ئەوەی لەسەری دادەنیشت ڕووی لە ئاوێنەکان بووە، دەیتوانی ئەو شتانە ببینێ کە ئێمە نایبینین و گیانی خۆی پێ بەهێز دەکرد. هەروەها نوسەر دەڵێ؛ من هاوڕێیەکی دێرینم هەبوو لەدروستکردنی ئەو ژورە بوو بەڵام بەسەردا مرد و تەواوی نەکرد و هیچ تاقیکردنەوەی بۆ نەکرد بەڵام هاوڕێیەکی گەنجم کە هیچ زانیاریەکی نەبوو سەبارەت بەو ژوورە وتی ڕۆژێک لە زیندەخەودا ژورێکی بەمشێوەیەم بینی و وامزانی لە وڵاتی میسرم و وەسفی قەنەفەکەشی کرد کە دوو دەسکی شێری هەبوو. بە بۆچوونی نوسەر دەڵێ لەوانەیە ئۆریخەن ئەو ژوورەی هەبووبێ بەڵام زانیاری کەمی هەبووە لەسەر میثرا.

کەواتە بینینی ئەو مادە نەبینراوانەی کە بە چاوی ئێمە هەستی پێ ناکەین لە کۆنەوە گەلانی زاگرۆسی کاریان بۆ کردووە دەشێ دەیان زانستیان هەبووبێ بەڵام ئیمڕۆ زانیاریەکی کەم بۆ ئێمە ماوەتەوە.

هەروەها بەڵگە هەیە کە زەردەشتیەکان یاخود مۆغەکانی پێش زەردەشتیش کاری وەرزشی یۆگایان کردووە هەم بە تەنها هەم بە کۆمەڵ. بە تەنها هەموو ڕۆژێ لەکاتی کزنگی بەیانیان و لەکاتی ئاوا بوون بەرامبەر خۆر نزایان دەکرد یاخود ئەو یۆگایە بۆ خاڵی کردنەوە و ئارامکردنەوەی دەروون دەیان کرد. بەکۆمەڵیش بە شێوەیەکی بازنەیی دەستی یەکتریان دەگرت و یۆگایان دەکرد. سەیری ئەو وێنانەی خوارەوە بکە. بە بۆچونی من ئەو چوار کەسە کە دەستی یەکیان گرتووە و پێیەکیان بە ڕانی ئەوی ترەوە نوساندوە، بریتی بێت لە یۆگا کردن،  ئەو پارچە توحفەیە لە لوڕستان دۆزراوەتەوە، بەڵام لە مۆزەخانەی لۆڤەر-پاریس هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر نەکراوە.

هەروەها گەلانی زاگرۆسی لەسەر ئایینی میثرایی بوون بڕوایان بە دۆناودۆن هەبووە، ئەو نەریتە ئایینیە پەڕیوەتەوە بۆ ئەوروپا.
لە نوسینێکی زۆسیمەس (Zosimus) لە پەرتوکی نەهێنیەکانی میثرا لەلایەن مید [٤] وەرگیراوە، ئاماژە بەوە دەکرێ نەهێنیەکی زۆر مەزن هەیە لەناو ئایینی میثرایی، ئەویش دۆناودۆنە. نەهێنی لە دایک بوون بە جەستە یان بە ڕەوان، مرۆڤ بەرەو پلەی خوداوەند بوون دەبات کە دواهەمین سروتەکانی میثرا بووە. ئەو نەهێنیە یەکێکە لە گەورەترین نەهێنیەکانی سروت و نەهێنی نەخشینیەکان. ئەو نەهێنیە نەهێنی سوفیگەریەکان بوو، زانیاری ئەوەش لەسەدەی چوارەمی زایینی لەلایەن زۆسیمەس پێگەیشتووە کە یەکێک بووە لە موریدەکانی تریسمێگیستیک وە کەسێکی کیمیازان بووە. لە قسەکانیدا وا دەردەکەوێ لەشێکی خاوێنی مرۆڤ دەتوانێ لە ناو ئاگر بمێنێ و نەسوتێ، [ زۆسیمەس ئەو پەخشانە ئاڵۆزەی نویسوە کە ئەستەمە لە مەبەستی تێبگەی. و]:

“ئەگەر لەناو خۆردا وشک بیتەوە ئەوا دەبیتە خاوەنی زانیاری نەهێنی، ئەو نەهێنیەی کە هیچ مرۆڤێک ناتوانێ لێی تێبگات. بە شێوەیەک هیچ کەسێک لە خۆشەویستانی ژیری ناوێرن وشەیەک دەرببڕن بەڵام تەنها دەتوانن بە هۆی سزادانی خۆیان (ئەو سزایەی کە هی خوداوەندە) بتوانن دەری ببرن. بۆیە لە نوسینەکانیاندا بە گەورەترین نەهێنی دانراوە: وەک بەردێک کە بەرد نەبێ. نەزاندراوێک سەرتاپا زانرابێت. شکۆی نەبێ کە گەورەترین شکۆی هەبێ. ئەوەش کەس ناتوانێ بیبەخشێ تەنها خودا نەبێ. بەڵام من سترانی نزا دەبێژم کە کەس ناتوانێ بیبەخشێ تەنها خودا نەبێ. شتێک لەناو هەموو چالاکیەکانی ئێمەدا هەیە بەرزترە لە هەموو مادەکانی تر. ئەو چارەسەریە هەموو هێزێکی تێدایە کە زانستی نەهێنی میثرایە.”

لە ڕاستیدا ئەو پەخشانە پڕە لە نەهێنی و زۆر بە ئاڵۆزی نوسراوە ئەستەمە ئێمە نەهێنیەکان بدۆزینەوە، ئەو نەهێنیانە یان لەگەڵ خۆیاندا بۆ ژێر گڵ بردیان یان هێشتا ئەو مرۆڤە بەرزانە ماون و پشتاو پشت زانیاریەکان دەبەخشن بەوانەی متمانەیان هەیە، بەڵام بۆ ئێمە دەریناخەن تەنها سەرەداوەکان نەبێ. هەر بۆیە ئێمەش هەندێکی لێ دەزانین و دەرکی پێ دەکەین و هەمیشە بە دوایدا دەگەڕێین، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەگەر ئێمەش بیزانین دەیدرکێنین؟؟

لە کورتکراوەی ئەو بەشەدا دەڵێین: ئەگەر دروست کردنی :گالیسکە، دۆزینەوەی ئاگر، ئایین، چنین، کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، نوسین و نوسینەوەی چیرۆک و مێژوو و دروستکردنی گۆزە و قاپ، نەبوایە ئایا دونیا بەم شێوەیە پێش دەکەوت؟

بنەما سەرەتاییەکانی شارستانیەتی ڕۆژئاوای ئیمڕۆ هەر لە تایەی ئۆتۆمۆبیل و فرۆکەوە تا دەگاتە ئایین و یاسا لەسەر بنەمای شارستانیەتی دێرین سەرچاوەی گرتووە، بێ ئەوەی هەست بە خۆیان و خۆمان بکەین. ئەگەر پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای ئیمڕۆ تەنها ڕۆژئاوا خاوەنی بێت، دەبێ ئێمەش بڵێن بەڕاستی ئێوە قەرزاری شارستانیەتی میزۆپۆتامیان.

زاگرۆس چەقی کوردستانە، شوێنی سەرهەڵدانی ئایین و یاسایە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا، ئیتر کورد دەبێ پرسیار لە خۆی بکات چ بەردێکی بناغەی شارستانیەتی ئیمڕۆ هەیە داپیران و باپیرانی ئێمە دەستیان تێدا نەبووبێ؟

٦. ١. ٢ پەرتوک و پەرتوکخانە

لەگەڵ ئەوەی داهێنانی نوسین ئەگەرێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەر، بەڵام وەک نوسینەکان لە دەقێکی پەرتوکیدا کۆبکرێتەوە، وا پێ دەچێت لەناوچەی گەلانی زاگرۆسی بوبێت. کورد پەرتوک و پەرتوکخانەی گەورەی هەبووە بەڵام لە هێرشە یەک بە دوا یەکەکانی سەر ناوچەی گەلانی زاگرۆسی لەناو چووە. زۆرێک لەو پەرتوکانە لەسەردەمی هێرشی ئەسکەندەری مەکەدۆنی سوتاو وە جارێکی تر لەسەردەمی هێرشی عەرەبەکان سوتا.

لە شاری پرسەپۆلی پەرتوکخانەیەکی گەورە بە فەرمانی ئەسکەندەری مەکەدۆنی سوتا، لێکۆڵەرەوان هۆکارەکەی ئەو سوتانە نازانن، هەندێکیان دەڵێن لە ژێر کاریگەری سەرخۆشیەکەی بووە، هەندیک دەڵێن لە تۆلەی سوتانی ئەثینا بووە لەلایەن خشایارشا. یاخود لەوانەیە ئەو سوتانە ڕێکەوت بووبێ چونکە ئەسکەندەر هەوڵی داوە ئاگرەکە بکوژێنێتەوە.[٥]

بە پێی هەندێک سەرچاوە پەرتوکی زەند یان زەندئاڤێستا لە نوسینی خودی زەردەشت بووە. [٦] ڕامانم لە ناوی زەندئاڤێستا ئەوەیە ئەشێت زەندەڤێستا بێت. لە ڕێنوسی ئینگلیزی، دەنوسرێ ‘Zandavesta’ بەڵام عەرەب ئەو کاتە رێنوسی زمانی ئینگلیزیان نەزانیوە وشەی ‘زەندەڤێستا’یان بەکارهێناوە، لە دواییدا بۆتە زەندیق.

پەرتوک گەلێک هەبووە تەنانەت شوێنی پەرتوکفرۆشتنیش هەبووە کە خەڵک کڕیویەتی واتە پەرتوکفرۆش هەبووە. ئەگەر سەرچاوەی ئیسلامی بخوێنینەوە، هەروەک پێشتر ئاماژەم بە تەفسیری ‘قرطبي’داوە و دەڵێ کەسێک بە ناوی ‘النضر بن الحارث’ پەرتوکی لە ناوچەی ساسانیەکان دەکڕی و دەهات بە خەڵکی مەککەی دەگووت وەرن من چیرۆکی باشترتان لە موحەمەد بۆ دەگێڕمەوە.[٧] مەبەستی پەیامبەری ئیسلامە. ئەی وت من چیرۆکی ئەسفەندیار و رۆستەمتان بۆ دەخوێنمەوە. لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوی لەوسەردەمەدا پەرتوکێکی زۆر هەبووە. بەڵام چ پەرتوکێک ناوی ماوەتەوە؟

پەرتوکیکی بەناوبانگ بەناوی ‘هەزار مەدایان دادیستان = Madayan i Hazar Dadestan’ نوسراوە واتە پەرتوکی هەزار بڕیاری یاسایی. لە یەکێک لە یاساکان باسی ئەوە دەکات ژن دەتوانێ میراتگری پیاو بێت و ببێە بەڕێوبەری خانوبەرە و داهاتی. یان کچ میراتگری باوکی بێت لە پارە یان لە ئاتەشگا. بەڵام کە مێردی هەبێ تەسلیمی هاوسەرەکەی دەکات.

پەرتوکێکی تر بەناوی ‘دادیستانی مێنۆگی خراد Dadestani Menogi Xrad’ واتە دادگایی ڕەوانی ژیری. ئەو پەرتوکە لە چەند بەشێک پێک دێت بەشەکان تایبەتە بە: ژیانی زەردەشتی و وانەکانی، نزا و نوێژ و پۆشینی ‘کوشتی و سەدرە’، جەژنی وەرزەکان بەناوی گاهانبارس، ئامۆژگاری کردنی یارمەتی هەژاران و خاوێن ڕاگرتنی ئاو و ئاگر، ڕێزگرتن لە ئاو کە دەبێ تەنها بۆ پاککردنەوە و خواردنەوە بێت، ئامۆژگاری کوشتنی مار. ئەو وانانە لە ناو خوردە ئاڤێستا دووبارە بۆتەوە.[٨]

هەروەها چەندین پەرتوک هەبووە و فەوتاوە، بەڵام هەندێكیان ناوەڕۆکەکانیان ماوە یان لەسەری نوسراوەتەوە و وەرگێڕدراوە. بۆ نمونە ‘عبداللە بن المقفع’ هەستاوە بە وەرگێڕانی پەرتوکەکانی (مانی و ابن دیصان و مرقیون، کلیة و دمنة، خدای نامە، کتابی مەزدەک، تاج) کە باسی ژیانی ئەنوشیروان دەکات. ئەو کەسە هەر لەسەر ئایینی مەجوسی بووە یان مەزدەکی، لەسەر دەستی عیسی بن علي بۆتە موسوڵمان بەڵام هەر ئایینی مەگوسی لە دڵدا هەبووە. لە دواییدا بە زەندیق لەلایەن ئەمیری بەسرە ناسرا و کوژرا.[٩]

لە دەوروبەری ساڵانی ١٩٤٢، بۆ یەکەمین جار ڕەوانشاد ‘محمد خضر’ پەرتوکخانەیەک لە شاری سلێمانی دا ئەنێت، ناوبراو هاوسەری پورم بوو. پاش چەندین ساڵێك کوڕە پورەکەم ‘د. دڵشاد’ هەڵدەستێ بە گەڕان بەدوای یادەوەریەکانی باوکی و هەندێک لە بەڵگەکان دەخاتەڕوو. نامەیەکی بە زمانی ئینگلیزی بەردەست دەکەوێت کە بە ڕێنوسی کێرسیف (تێکەڵ) نوسراوە، ئەستەم دەبێ بیخوێنێتەوە. بۆیە دایە دەستم تاوەکو بیبەم لە بەریتانیا نیشانی کەسێکی شارەزای بدەم تاوەکو نامەکە بخوێنێتەوە. پاش وەرگێڕانی نامەکە ئەو دەقە گرینگەی تێدا بوو:

ئومێدەوارم ئەو نامەیە کە دەگاتە دەستت تەندروستیت باش بێت و دڵخۆش بیت، هەروەها لەگەڵ پەرتوکخانە نوێیەکەت بەرەو پێشچووبیت. ئەوە یەک مانگی ڕێکە تێ دەپەڕێت بەسەر بەجێهێشتنی شارە خۆشەویستەکەت، مەبەستم سلێمانیە، خەڵکەکەی زۆر باش و ڕێکوپێکن. ئومێدەوارم ئەگەر جارێكی تر سەردانی سلێمانیم کرد، گۆڕانکاری مەزنی بەسەردا هاتبێ، وە زۆریش لە نۆژەنکردنەوە بەسەر وڵاتەکەت دا هاتبێ.

ئێستا با پێت بڵێم من ئەو پەرتوکە دێرینانەم دەوێت: ‘ڕێچکەکانی زانست’، وە ئەگەر بتوانی پەرتوکی شەشەم ‘زەوی ئێمە و چیرۆکەکانی’ بۆم پەیدا بکەی.

تکایە ئاگادارم بکەوە بە نوسین، من پارەت بۆ دەنێرم و بۆ ناونیشانی من پۆستی بکە. هەروها ئاگادارم بکەوە (نامەم بۆ بنوسە) ئەگەر هەر پەرتوکێکی فێرکاریت دەست کەوت.

هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم.

لە پاش وەرگێرانی ئەو دەقە من بە دوای ئەو پەرتوکانە داچووم، هیچ پەرتوکێکم لە زمانی عەرەبی دەست نەکەوت بەو ناونیشانە. کەواتە ئەبێ ئەو پەرتوکانە کوردی ببن لەناوچەی کوردستان بونیان هەبوبێ و ئەو ئەفسەر بەریتانیا زۆر عەودالی بووە. ئایا ڕەوان شاد ئەو پەرتوکانەی بۆ ناردوون؟ ئایا ئەو پەرتوکانە لە شێوازی دەستوخەت بووە یان چاپ؟ پرسیار گەلێک هەیە و منیش عەودالی ئەو ڕاستیەم، یەکێک لە هەوڵەکانم ئەوەیە، بنەماڵەی ئەو ئەفسەر بدۆزمەوە و بە دواچوونی بۆ بکەم.

پەراوێزەکان

[١] G. R. S. Mead, The Mysteries of Mithra (United States: Theophania Publishing, 1907), p. 28-9.

[٢] زۆرێک لە خوێنەری کورد ناوی هەسارەکان هەر بە عەرەبی دەزانن بۆیە لێرە بە عەرەبی و کوردی دەینوسم (کەیوان: زحل، زاوە: عطارد، بارام: مەریخ، هورمز: مشتری، هەروەها چەند ناوێکیش هەیە بۆ هەسارەی زهرة وەک: ناهید، ناهی، کاروانقڕان، کاروانکەروو، کاروانکوژ، کاروانکوژە، ئەستێرەی بەربەیان، ئەستێرەی بەیان، ئەستێرەی ڕۆژێ، قورخ، قورغ)

[٣] جادوی سپی بۆ کاری باشە بەکاردەهێندرێت پێچەوانەی جادوی ڕەشە.

 [٤] Mead, 25-26.

[٥] T. R. Glover, The Ancient World (London: Penguin Books, 1948, 1953), p.26-7.

 [٦] Richard Watson, A Biblical and Theological Dictionary: The History, Manners, and Customs of the Jews, and Neighbouring Nations (London: John Mason, 1932), p.61.

[٧] تفسیر القرطبي، سورة لقمان، ایة ٦.

[٨] Jenny Rose, An Introduction Zoroastrianism (London: I. B. Tauris & Co Ltd. , 2011,2012), p. 118.

[٩] جرجس داود داود، الزندقة و الزنادقة: في الادب العربي من الجاهلیة و حتی القرن الثالث الهجري (بیروت: مجد المٶسسة الجامعة للدراسات و النشر و التوزیع، ٢٠٠٤)، ٣٢٤، ٤١١.